بەسەرهاتی ماچی خودايی نێوان دادە ئەحلام و #هێمن موکریانی#
#ئەحلام مەنسور#:
رۆژێکیان بە تەنها لە دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی بووم، ئەو ڕۆژە فەرمانبەران نەهاتبوون، مامۆستا هێمن لە پرِ بە مەستییەکی زۆرەوە هات بۆ ژوورەکەم و پێی وتم ئەم شەو تا بەیانی نەخەوتووم، هەر بیرم لە تۆ کردۆتەوە، گوتی نەڵێی پیری، منیش گوتم ناتوانم پێت بڵێم پیر، بەڵام ناتوانم عەشقی تۆ بم، چونکە تۆ هاوڕێمی و زۆریش ئازیزی لەلام، ئەو کەسەی عاشقیشی دەبم لە تۆ ئازیزتر نییە. مامۆستا هێمن گوتی ئەحلام گیان ماچێکم بدەرێ، منیش گوتم بەسەرچاو، ئەو گوتی نەک ماچی سینەمایی، بەڵکو ماچی خودایی و ماچی کردم.
ئەم ماچەم هەر بیر ماوه و ئەمەم بە کەس نەگوتوە، ئەوە بۆ یەکەمجارە بۆ #کۆوار# باسی دەکەم. هەروەک ئەو گێڕایەوە، مامۆستا هێمن بۆ بەیانیەکەی دیار نامێنێ، دوای دوو ڕۆژ کە دێتەوە بە ئەحلام دەڵێت وەرە ماچم ناوێ و ئەم قەسیدەیەم بۆت نووسیوە، ئەحلام شیعرەکەی لێوەردەگرێت، کە مامۆستا هێمن بە دەستوخەتی خۆی بۆی نووسیوه و گوتی لە کۆتایی ئەم قەسیدەیەدا کە بڵاوکراوەتەوە، دێڕێک هەڵگیراوه و بڵاونەکراوەتەوە، لەو دێڕە ناوی منی تێدایە.
ئەو کە هەواڵی مەرگی ئه و پیاوەی ماچی خودایی لێ کردووە دەبیستێت، هەست بە بێ کەسی دەکات، تاکو ئێستاش لە دووری هێمن ئەو هەستەی هەیه و دەڵێت هەزار برا و خوشکم هەبێت، هەموو میللەت منیان خۆش بوێت، بێ هێمن، هەست بە بێ کەسی دەکەم، ئەو کەسێکی بەهێز و پاڵەوان بوو، کەسایەتییەکی زۆر بەرزی هەبوو، ڕەوشت بەرز و قسەخۆش بوو، درۆی نەدەکرد و فیتنەی نەدەنایەوە.
بە بڕوای ئەحلام مەنسور، ئەدیب و گەورە نووسەران، کە موڵکی نەتەوەکەیانن، بەجەسته و یادەوەریش دەمرن و کەسیش گوێیان پێ نادات، تەنانەت ناویشیان دەڕوات. مەگەر تەنها یادی کۆچی دواییان بۆ بکەن. ئەو دەیگوت کاتێک لە ژیانن دەچەوسێنرێنەوە، کە مردیشن یادیان دەکەنەوە، بۆیە مام هەژار ڕاست دەکات، کە گوتوویەتی ئێمە زیندوو کوژی مردو پەرستین.
ئاماژەی دا بەوەی ئەو لە دوای مردنی نایەوێت کەس کۆڕی بۆ بگرێت و گوتی دوو کوڕم ڕاسپاردوون بۆ ئەوەی دوای مردنم کۆڕم بۆ نەگێڕن، کەسانێک کە ئێستا سەردانم نەکەن، حەزناکەم لە دوای مردنیشم بێن کۆڕ و قسەم بۆ بکەن.
ئەحلام دەیگوت میللەتی خۆم خۆش دەوێت و دەیپەرستم، چاوەڕوانی ئەوەش نیم کەسێک پاداشتم بداتەوە، هەندێ کەس، کە دەڵێن ئەم وتارەت جوان بوو و ئەو نووسینەت باش بوو و دەست خۆشیم لێ دەکەن، بەخەیاڵمدا نایەت و حەزی لێ ناکەم، من لەززەت لەوە دەبینم کە بەڕاستگۆی دەنووسم.
وەرە یارم، وەرە ئەی تازەیارم!
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم!
وەرە ئەی شاپەڕی باڵی خەیاڵم!
وەرە ئەی شەوچرای ڕوناکی ماڵم!
وەرە خاسەکەوی ڕام و کەویی من!
وەرە ئیلهامەکەی نیوەشەوی من!
وەرە ئۆخژ نی سینەی پڕ گڕی من!
وەرە پیرۆزەکەی بەرزەفڕی من!
وەرە ئاونگی سەر پەلکی گوڵی سور!
وەرە ئاورینگی گەرم و مەشخەڵی نور!
وەرە ئەی ڕێژنەبارانی بەهاری!
وەرە شیعری تەڕی پڕ وردەکاری!
وەرە ئەی نەونەمامی باغی ژینم!
وەرە ئەی شاگوڵی مێرگی ئەوینم!
وەرە کاروانکوژەی کاتی بەیانیم!
وەرە بیرەوەری و ئاواتی جوانیم!
وەرە ئەی بوت هەتاکو بتپەرستم!
وەرە مەمکۆڵەکەت بگرم لە مستم!
وەرە ئەی خەج، وەرە ئەی خاتووزینم!
وەرە با بەژن وباڵا کەت ببینم!
وەرە با دامرێ ئاوات و تاسەم!
وەرە با بسکەکەت لادا هەناسەم!
وەرە بە هەڵمژم ئه و لێوە گەرمه!
وەرە با هەڵگوشم ئه و ڕانە نەرمە!
وەرە جوانێ، وەرە نازت بکێشم!
وەرە وەک دەستەگوڵ داتنێم لە پێشم!
وەرە با بەس بکەم ئەو باوە باوە!
وەرە با بێن بکەم ئەو بسکە خاوە!
وەرە با دەس لە باڵاکەت وەرێنم!
وەرە کوڵمەم لە کوڵمەی تۆ خشێنم!
وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی!
وەرە کورد بە و مەکە پەیمانشکێنی!
وەرە گیانم فیدای چاوی ڕەشی تۆ!
وەرە با هەست بکەم گەرمیی لەشی تۆ!
وەرە ماچم دەیە، ماچی خودایی!
کە بێزارم لە ماچی سینەمایی!
#12-01-1976# [1]