لە #زاخۆ# ژمارەی منداڵی لەدایکبووی ئاوارەکان لە خەڵکی شارەکە زیاترە و ئاوارەکان دەیانەوێت منداڵیان زۆر بێت بۆئەوەی لە کاروباری ڕۆژانەدا یارمەتییان بدەن. بەرپرسانی تەندرووستی ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ڕەوشەکە بەو جۆرە بەردەوامبێت، لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی ئاوارەکان هێندەی خەڵکی شارەکەی لێدێت.
حاجی ئیلیاس بە خێزان و نەوەکانیەوە نۆ کەسن، لە کەمپی چەمشکۆ دەژین و بە زۆربوونی ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەی دڵخۆشە.
حاجی ئیلیاس، ئاوارەی کەمپی چەمشکۆ دەڵێت، منداڵەکانمان دەچنە خوێندنگە و ئێمەیش کرێکاری دەکەین و دووکانێکی بچووکیشمان داناوە کە خەرجیی ڕۆژانەمان بۆ دەردەهێنێت.
ئاوارەیەکی دیکە کە لەگەڵ منداڵەکانیدا خەریکی کارە، هیواخوازە ژمارەیان زیادبکات بۆئەوەی کار لەسەر خۆی سووکبکات.
نووری ساڵح، ئاوارەیەکی دیکەیە لە کەمپی چەمشکۆ، ئاماژە بەوە دەکات، هەرکەس منداڵی نەبێت، میراتەکەی بۆ خەڵکی دەمێنێتەوە. من دووانم هەیە و کەمن. ئەگەر پێنج بۆ شەش منداڵم هەبووایە، ئەوان کارەکانیان دەکرد و من لە ماڵەوە دەبووم.
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوون لە زاخۆ، لە ساڵی 2019دا شەش هەزار و 271 منداڵ لەدایکبوونە کە هی خەڵکی زاخۆن و دەکاتە ڕێژەی لە 2.12%. لەبەرامبەردا نۆ هەزار و 678 منداڵی ئاوارەکان لەدایکبوونە و دەکاتە ڕێژەی لە 3.32%.
قەرەنی سەعید، بەڕێوەبەری تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەگەر ڕەوشەکە وابڕوات، لە ماوەی 20 بۆ 30 ساڵی داهاتوودا ژمارەی ئاوارەکان هێندەی ژمارەی خەڵکی زاخۆی لێدێت.
تاوەکو ناوی دوو منداڵی تازەلەدایکبووی خەڵکی زاخۆ لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون لە زاخۆ تۆماردەکرێت، ناوی سێ منداڵی ئاوارەکان تۆماردەکرێن.
لەپاش زیادبوونی ژمارەی پەنابەر و ئاوارەکان لە زاخۆ، ژمارەی ئەو کرێکارانەیش زیادبووە کە بەدوای کاردا دەگەڕێن.
نەواف مستەفا، کرێکارێکی ئاوارەیە و دەڵێت، من خەڵکی #شنگال#م و دەمەوێت ژیانم بەڕێوەببەم. منداڵی بچووکم هەیە و 250 دۆلار کرێ دەدەم.
عادل ئەحمەد کرێکارێکی خەڵکی زاخۆیە و دەڵێت، دەمانەوێت کار بۆ ئێمە و ئەوانیش هەبێت، بەڵام گوزەرانی ئاوارەکان لە ئێمە باشترە، چونکە ئەوان خۆراک و تفاقیان دەدرێتێ، بەڵام بە ئێمە نادرێت.
لە زاخۆ 295 هەزار و 565 کەس خەڵکی شارەکەن، لەبەرامبەردا 108 هەزار و 678 ئاوارەی خەڵکی شنگالیشی تێدا دەژی و زیاتر لە 10 هەزار ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستانیش لەوێن.[1]
#14-01-2020#