وەک دەزاندرێت دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەمێژوو و ئێستادا بەهەموو هێزیەوە دوژمنایەتی گەلی ئێزدی و باوەڕیی ئێزدی کردووە، هەندێ جار بە شاراوەیی و زۆرجاریش بە ئاشکرا هێرشی ئەنجامداوە، فەرمانی 73 دەوڵەتی تورک لەسەر گەلی ئێزیدی پێکهێنا، یان بەدەستی هاوکارەکانی جێبەجێی کرد، نمونەی هەرەدوایی وەحشییەتی #داعش# بوو، دەوڵەتی تورک داعشی دروستکرد و هەموو هێزی خۆی خستە خزمەتی داعش و لەبەرامبەر گەلی ئێمە هێرشی پێ ئەنجامدا، دوای ئەوەی چەتەکانی داعش لەناوچوون، دەوڵەتی تورک خۆی کەوتە ئەنجامدانی هێرش لەدژی هێزەکانی پاراستنی ئێزدی، لەبەر ئەوەی هێزەکانی پاراستنی ئێزدی ڕێگەیان لە قڕکردنی ئێزیدییەکان گرت و نەیانهێشت کۆمەڵگای ئێزدی لەناوبچێ، بۆیە ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیەوێت بەم هێرشانە ڕۆڵی داعش ببیبنێ.
ئێمە وەک ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال، بەتوندی ئەو هێرشە دڕندانەی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکەین و دەڵێین بەهیچ شێوەیەک دەوڵەتی تورک بەو هێرشانە ناتوانێت ئێمە لەناوبەرێت یان چۆکمان پێدابدات، دەبێت دەوڵەتی تورک ببینێت ئێمە لەدژی بیری عوسمانی ئەوان چۆن بەرخۆدان دەکەین و لەدژی هەوڵەکانی ئەوان بۆ قرکردنمان تێکۆشان دەکەین، زمان و کلتوری خۆمان لەوان دەپارێزین و ئاواتی شەهیدەکانمان و مام زەکی شەنگالی بەدی دەهێنین و شەنگال خۆسەر دەکەین.
وەک ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەڵوێستی خۆی دیاری بکات، چونکە ئەم هێرشانە لەسەر ئاسمانی عێراق و لەسەر خاکی عێراق ئەنجامدەدرێت، دەبێت عێراق خاوەنداریی لە خاکەکەی و سەروەریی خۆی بکات، چونکە ئەگەر عێراق بێدەنگ بێت ئەوە گومانی ئێمەی ئێزدی زیاتر دەبێت.
هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، لەبەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نەبن و سزای دەوڵەتی داگیرکەری تورک بدەن، بانگ لە هەموو گەلی ئێزدی دەکەین، کە لەهەر چوارپارچەی کوردستان و جیهان دژی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بێدەنگ نەبن و بڕژێنە شەقامەکان و دەوڵەتی تورک ئیدانە بکەن.
وەک ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدەکانمان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
هەروەها ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال داوای لەهاوڵاتیانی شەنگال کردووە، کە سبەینێ سەعات 9:00 بەشداریی مەراسیمی بەخاکسپاردنی شەهیدەکانیان ببن، لە نەخۆشخانەی خانەسۆر وەریاندەگرنەوە و بە مەراسیمێک دەیانبەنە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان بەخاکیان دەسپێردرێن.
#15-01-2020#