هەموان ئەزانن من بەر بەرچاوی ڕاگەیاندن و بۆ ڕای گشتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا چەند مانگ پێش ئێستا، باسی ئەوەم کرد کە شاسوار عەبدولواحید خیانەتی لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ کردوە و بە پێچەوانەی بەڵێنەکان، نەوەی نوێی کردوە بە کۆمپانیای بنەماڵە و کردویەتی بە قوربانی سەفەقات و عەقدی بازرگانی. لە خیانەتەکانی شاسوارەوە لە بەڵێنەکان تا ئێستا، من هەمیشە وەک قاچاخچیەکی ساختەچی سەیری شاسوارم کردوە، بەڵام بۆ خاتری پاراستنی یەکڕیزی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هاوڕێکانم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ مامەوە.
دوای هاتنە پێشەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی، ئێمە بە هاوکاری چەند پەرلەمانتارێکی دڵسۆز زۆر کارمانکرد کە ئەو کۆمپانیا چاوچنۆکانەی کە شاسوار یەکێکە لەوان، پێکەوە هەزار ملیۆن دۆلاری حکومەتیان لایە و حکومەتیش چاوپۆشییان لێئەکا و لێیان وەرناگرێتەوە، ناچار بکرێن ئەو پارەیە بگێڕنەوە بۆ حکومەت و حکومەتیش بیدات بە کەمئەندامان و کەسوکاری شەهیدان و موچە کەمەکان بەرز بکاتەوە، بۆیە شاسوار کە 52 ملیۆن دۆلاری حکومەتی لایە و بە سەفەقات و ڕێکەوتنی نهێنی و پشت پەردە نەیداوەتەوە حکومەت، شێت و هاربوە.
من وەک پەرلەمانتارێک کە سوێندم خواردوە بەرژەوەندی خەڵک بکەمە سەروی بەرژەوەندی حیزبەوە، کاتێک بینیم شاسوار خەریکە مامەڵە بە فراکسیۆنەکەمانەوە ئەکات و خەریکە لە پشتەوەی ئێمە ڕێکەوتنی نهێنی بکات و شکۆ و بڕیاری ئێمە بگۆڕێتەوە بۆ خاتری دەستبەسەراگرتنی 52 ملیۆن دۆلارەکە، ئیتر بڕیاری کۆتاییم دا و بە فەرمی نامەی وازهێنانم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ تەسلیمی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. بۆیە من خۆم وازم لە فراکسیۆنی شاسواری قاچاخچی هێناوە نەک بە پێچەوانەوە.
جارێکیتر هەموان دڵنیا دەکەمەوە، من پابەندی بەڵێنەکانی خۆمم لە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ستەمی دەسەڵات لە کوردستان.
#شادی نەوزاد#
#16-01-2020#