بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیتی ئەوروپا ڕایگەیاند: بەهۆی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ باکوری سوریا و ناکۆکییەکان لەسەر سەرچاوەکانی گازی دەریای ناوەڕاست، یەکێتی ئەوروپا 75٪ی هاوکارییە ماددییەکانی بۆ ئەو وڵاتە کەمدەکاتەوە.
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک تادێت بەرفراوانتر دەبێت و کاردانەوەی جیهانیی لێدەکەوێتەوە، لەسەر ئەو بابەتە و سەرچاوەکانی گازی دەریای ناوەڕاست، جۆزپ بورڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا نامەیەکی داوەتە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و لە کەمکردنەوەی هاوکارییە ماددییەکانیان بۆ دەوڵەتی تورک ئاگاداریی کردوونەتەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، بورڵ پەرلەمانی ئەوروپای ئاگادار کردووەتەوە کە بەهۆی هێرشی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا و کردەوەکانی بۆ دەرهێنانی ڕێگەپێنەدراوی گازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاست لە نزیک قوبرس کە وڵاتێکی ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپا، هاوکارییە ماددییەکانی بۆ تورکیا لە ساڵی 2020 بە ڕێژەی 75٪ کەمکردووەتەوە.
=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:35%;float:right;=KTML_Quote_Icon=⛔=KTML_Quote_Content=هاوکارییە ماددییەکان بۆ تورکیا لە ساڵی 2017ەوە یەک ملیار و 200 ملیۆن یورۆ کەمکراوەتەوە و ئەم کەمکردنەوەیە بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئەنقەرەیە لە باکوری سوریا و دەریای ناوەڕاست.=KTML_Quote_End=
بورڵ ڕایگەیاندووە، کە هاوکارییە ماددییەکان بۆ تورکیا لە ساڵی 2017ەوە یەک ملیار و 200 ملیۆن یورۆ کەمکراوەتەوە و ئەم کەمکردنەوەیە بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئەنقەرەیە لە باکوری سوریا و دەریای ناوەڕاست.
بورڵ هەروەها ڕایگەیاند: ئەمساڵ تەنها 168 ملیۆن یورۆ دەدرێت بە تورکیا، کە 150 ملیۆن یورۆی بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و سەروەری یاسا تەرخان دەکرێت و 18 ملیۆنیشی بۆ بەرنامەی گەشەپێدان بە گوندەکان تەرخان دەکرێت.
دانوستانەکانی پەیوەستبوونی تورکیا بە یەکێتی ئەوروپا بە کردەوە چەند ساڵێکە بە تەواوەتی ڕاوەستاوە و بە گوێرەی کاربەدەستانی ئەوروپا هۆکارەکەشی دوورکەوتنەوەی تورکیا لە سەروەری یاسا، پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەها دیموکراتییەکانە.
هاوکارییە ماددییەکانی یەکیتی ئەوروپا دەدرێت بەو وڵاتانەی کە کاندیدی پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپان و ئەو هاوکارییەش لە بنەمادا بۆ پشتیوانی لە بەرنامەی چاکسازی و بەهێزکردنی تواناکانی ئەو وڵاتانەیە لە ڕکابەرییە ئابورییەکان.[1]