هەرێمی کوردستان خاوەنی چەندین جۆری باڵندەی هەڵۆ و بازی جوان و دەگمەنە، ماوەی چەند ساڵێکە ژمارەیەک سەرمایەدار و ڕاوچیی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و بە تایبەت قەتەر و ئیماڕات دێنە هەرێم و باز و هەڵۆ ڕاو دەکەن و دەیانبەنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، نرخی هەر هەڵۆیەکی گەرمەسێریش دەگاتە 50 هەزار دۆلار.
سزای ڕاوکردن و سەرپێچیکردن دیاری کراوە کە 10 ملیۆن دینار تا 20 ملیۆن دینار دەڕوات و پڕۆژەیاسای ڕاوکردنیش لە پەرلەمان هەموار دەکرێتەوە، چونکە ڕاوچییەکانی کوردستان هاوکاریی کەسانی بیانی دەکەن ڕاو لە کوردستان بکەن.
برایم زەریف، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی گەرمیا وتی: ״چەند مانگێک پێش ئێستا ژمارەیەک ڕاوچی لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبییەوە هاتنە ناوچەی #گەرمیان# و بە هاوکاریی ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوچیی کوردستان هەڵۆیان ڕاو دەکرد، کۆمەڵێک کەس هەن ئەندامی کۆمەڵەی ڕاوچییانی کورستانن و هاوکارییان دەکەن.״
ئەو جۆرە ڕاوکردنانە بە ڕاوچیی ئاسایی ناکرێن بە تایبەتی بە هاوکاریی کەسانی بیانی کە لە کەنداوەوە دێن.
״دادگاکان هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی دیاردەی ڕاوکردن و تێکچوونی ژینگەی کوردستانن، چونکە کار بەو یاسایانە ناکەن کە بۆ سزادانی ڕاوچییەکان دانراون و بەشێک لە ڕاوچییەکان کوڕە بەرپرس و بەرپرسەکانن״، برایم زەریف وای وت.
هەڵوی گەرمیان باشترین جۆری هەڵۆکانی جیهانن، کە بە وتەی شارەزایان ئەو هەڵۆیانە لە دووریی شەش کیلومەتر نێچیرەکانیان دەبینن و دەتوانن ڕاویان بکەن، بە تایبەتیش هەڵۆی سوور، کە نرخەکەی 4 تا 5 دەفتەر دۆلارە.
عەمید شوانە محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان وتی: ״هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەو بابەتە نییە.״
لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا، یەکێک لە دەگمەنترین جۆرەکانی داڵ لە سنووری پارێزگای #سلێمانی# بە تاپڕ بریندار کرا، هەرچەندە پزیشکانی ڤێتێرنەری هەوڵی زۆریان دا چارەسەری بکەن، بەڵام بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە مردار بووەوە.
بەشێک لەو ڕاوچییە عەرەبانە کە ژمارەیان پێنج کەسی قەتەری بوون و بە چاوساغیی جاسمی محەمەدی ڕاوچی هاتوونە شارەدێی قۆرەتووی نزیک شارۆچکەی #خانەقین# و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ناوچەکە مانەوە.
جاسمی محەمەدی وتی: ״ئەوان باز لەگەڵ خۆیان بە ڕەسمی و بە پاسەپۆرت دەهێنن و باڵندەی حەبارەی پێ ڕاو دەکەن، کە باڵندەیەکی کۆچەری و خواستێکی زۆر لەسەر گۆشتەکەی هەیە و بە 200 دۆلارە.״
״ساڵانێکی زۆرە ڕاوچیم و پەیوەندیم لەگەڵ ڕاوچییانی زۆربەی وڵاتان هەیە، ئەو ڕاوچییە قەتەرییانە پێشتر لە سەماوەی خواروی عێراق حەبارەیان ڕاو دەکرد و دەستگیر کرا و بە بڕە پارەیەکی زۆر ئازاد کران و هاتنە ناوچەکەی ئێمە، بەڵام هیچیان دەست نەکەوت״، جاسمی محەمەدی وای وت.
ساڵح نەسرەدین، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕاوچییانی کوردستان دەڵێت: ״ئەو کەسانە بۆ ڕاوکردنی حەبارە هاتبوونە ناوچەکە، بەڵام دوور نییە بازیشیان ڕاو کردبێت، چونکە شارەزاییەکی باشیان لە ڕاوکردندا هەیە״.
هەندرێن شێخ ڕاغب، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان وتی: ״ساڵی ڕابردوو لە لایەن فڕۆکەخانەی #هەولێر#ەوە ئاگادار کراینەوە کە دوو بازی دەگمەن لەناو فڕۆکەخانەکەدان و لە لایەن چەند کەسێکەوە ڕاو کراون و دەیانەوێت بیبەنە وڵاتانی دەرەوە، بۆیە دەستبەجێ ئەو کەسانەمان دەستگیر کردن و بازەکانیشمان لە چیای سەفین ئازاد کردن، چونکە لەوێ ڕاو کرابوون.״
״لە ئێستادا پێدانی مۆڵەتی ڕاوکردنمان ڕاگرتووە، چونکە دەبێت ڕێنمایی و یاساکانی ڕاوکردن بنێردرێنە پەرلەمان هەموار بکرێنەوە״، هەندرێن شێخ ڕاغب وای وت.
بە پێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008، ڕاوکردنی ئاژەڵە دەگمەنەکانی وەک باز، هەڵۆ، ئاسک، گورگ و شێر و چەند ئاژەڵێکی دیکە سزاکەی 10 ملیۆن دیناری عێراقییە و لە کاتی دووبارەکردنەوەشی سزاکەی دەبێتە 20 ملیۆن دینار و بە گوێرەی بڕیاری دادوەریش بۆ ماوەی چەند مانگێگ زیندانی دەکرێ، ڕاوکردنی کەو، ڕیشوڵە، کۆتر و چۆلەکەش سزای ماددیی 150 هەزار دینارە.
جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ״پەرلەمان لایەنێکی یاسادانانە و پێشتر لە ڕێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانمان قەدەغە کردووە، پێویستە لایەنی جێبەجێکار کە حکومەتە ئەو یاسایانە جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە دیاردەی ڕاوکردن بکرێت لە کوردستان.״
״بردنەدەرەوەی ئەو ئاژەڵە دەگمەنانە خیانەتێکی نیشتیمانییە، چونکە هەرێمی کوردستان بە خاک و ئاو و ئاسمان و ئاژەڵاکانیشەوە سەروەتێکی نیشتیمانییە و پێویستە پارێزگاریی لێ بکرێت״. ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان وای وت.[1]
#20-01-2020#