کۆنفرانسی ژنانی #هەدەپە# لە 18 و 19ی کانونی دووهەم بە بەشداری 300 ئەندام لە ئەنکەرە بەڕێوە چوو.
دوای تەواوبوونی کۆنفرانسەکە، ئەنجامنامەی کۆتایی بە لێدوانێک بڵاو کرایەوە و تێیدا ڕاگەیێنرا کە ئەو ڕووداوە نائاساییانەی لە ناوچەکەو و لە وڵات ڕوودەدەن و تێکۆشانی ئازادی و دیمۆکراسیی گەلان و بە تایبەت ژنان، کۆنفرانسەکەی گرنگتر و واتادارتر کرد.
لە لێدوانەکەدا باس لەوە کرا کە کۆنفڕانسەکە بە جۆش و خروش و بە بڕیاردانی تێکۆشان بۆ یەکدەنگی ژنان، کۆتایی پێهات.
هاوکات لەگەڵ بەبیرهێنانەوەی شۆڕشگێرانی کورد کە لە پاریس و سلۆپی کۆمەڵکوژ کران، لە ئەنجامنامەکەدا لە کەسایەتی فیگەن یوکسەک داغ، سەباحەت توندجەل و گولتان گشاناک، هەموو هەڵبژێردراوە گیراوەکان بەبیر هێنرانەوە.
لە ئەنجامنامەکەدا هەروەها تیشک خرایە سەر خۆڕاگری و تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاواوە بگرە تا چیلی و لە هندستانەوە تا ئیران و سوودان، لە دژی برسیبوون، نەداری، بێکاری، توندوتیژی، دەستدرێژی و تاڵانی ژینگەیی و باس لەوەش کرا کە، لە دژی ئەم هێرشانە، ئەوان دەڵێن، ژن بە واتای ژیان دێت و بەم شێوە بەردەوام کرا: ئێمە پارچەیەکین لە تێکۆشان و پاراستنی ژنانی ئازاد و دیمۆکراتیک و بۆ بەرفراوانکردنی تێکۆشانی هاوبەش، ڕێگای دروستکردنی تۆڕی نێودەوڵەتی ژنان دەگرینە بەر.
ئەکادیمیاکانی ژنان و هێزی خۆپاراستن
لە ئەنجامنامەکەدا باس لەوەش کرا: ناوچەکە و وڵاتمان لە ناو گەمارویەکی شەڕانگیز دایە. کۆنفرانسەکەمان ئەوەی سەلماند کە زلهێزەکان و دیکتاتورەکانی هەرێمەکە کە بە دوای دەسەڵاتەوەن، جگە لە فشار، زوڵم، توندوتیژی، کۆمەڵکوژی، پیاوسالاری و شەڕ شتێکی دیکەیان پێشکێش بە ژنان نەکردووە. تەنها بەدیلێک کە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەویش مۆدێلی ڕۆژئاوایە کە چەتەگەرایی #داعش# و هێزە ئیمپەریالەکانی هەرێمەکەیان لەناو برد و بە شۆڕشی ژنان، دەستوری ژنان، ئەنجومەنی ژنان، ئەکادیمیاکانی ژنان و هێزەکانی خۆپاراستنی ژنان، کۆمەڵگای سەردەستی پیاوانی سەراوژێر.
توندوتیژی ڕەگەزی و دەستدرێژی
لە ئەنجامنامەکەدا ڕاگەیێنرا کە لە گەل توندوتیژی پیاوان لە کوردستان، بە سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت هێرش دەکرێتە سەر ژنان و دەشلێت:لە مێردین، چەولک و دێرسم بە هاندانی دەوڵەت، ڕووداوەکانی دەستدرێژی، توندوتیژی ڕەگەزی بەکار دەهێنرێن و ئەمەش سیاسەتی شەڕی تایبەتە. بەم سیاسەتە هەوڵ دەدەن، ژیانی ژنانی کورد بەرتەسک بکەنەوە و بە مۆدێلی قەیومەکان تۆڕی پشتیوانی ژنان لە ناوبەرن و هاوسەرۆکایەتی و مافی نوێنەرایەتیکردنمان لێ زەوت بکەن. مۆدێلی هاوسەرۆکایەتی هێڵی سوورمانە کە ئەم سیستمەمان لە ناو هەموو ڕێکخراوەکانی پارتەکەمان جێگیر کردووە. ئێمە سوورین لەسەر ئەو پەیمانەمان کە 'پارتی ژنان' تەنانەت هەنگاوێکیش بۆ دواوە نانێت.
گۆشەگیرکردنی ئوجالان
لە بەردەوامی ئەنجامنامەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی عبدولا ئوجالان ڕێبەری گەلی کورد 21 ساڵە بە بەردەوامی لە ناو گۆشەگیریدایە و وترا، لەگەڵ ئەوەی گۆشەگیرییەکە بە خۆڕاگریی مانگرتن لە خواردن بە پێشەنگیی لەیلا گوڤەن کۆتایی پێهێنرا، بەڵام بە پەیمانی شەڕی فاشیزم سەر لە نوێ هاتە ئاراوە.
لە ئەنجامنامەکەدا باس لەوەش کرا کە، ئەو تێکۆشانەی دژی گۆشەگیری، وەکو بەشێکی دانەبڕاوی تێکۆشانی دژی سیاسەتەکانی توندوتیژی، تاکڕەوی، نەژادپەرەستی و ڕەگەزپەرەستی دەبینن و تێکبردنی گۆشەگیریشیان وەکو ئامانجێک گۆتووەتە بەر.
ساڵی 2020 بۆ ژنان دەبێت بە ساڵی سەرکەوتن
لە ئەنجامنامەکەدا هەوەها وترا:ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبین، دەبین بە یەک، بە تایبەت لە تورکیا و کوردستان و بە گشتی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، ئامانجەکەمان بۆ دروستکردنی تۆڕی نێودەوڵەتی ژنان، بەردەوام دەبێت. ئێمە جارێکی دیکە سوربوونی خۆمان لەم چوارچێوەیەدا دووپات دەکەینەوە. ساڵی 2019 ساڵی خۆڕاگری بوو، 2020یش دەبێت بە ساڵی سەرکەوتن بۆمان.
چەند بڕیارێک کە لە کۆنفرانسەکەدا دران بریتین لە؛
تێکۆشانمان لە دژی دەوڵەت و تاکڕەوی پیاوان، بەرفراوانتر دەکەین.
لە دژی سیاسەتی داگیرکەری و قەیومەکان تێکۆشانی پاراستنی دەستکەوتەکان بەرفراوانتر دەبێت.
ناوەندی بیر و ئەکادیمیای سیاسەتی ژنان دروست دەکرێت.
تۆڕی پشتیوانی ژنان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست بکرێت.
تێکۆشانی دژی گۆشەگیری بە بڕیارەوە بەڕێوە بچێت.
راگەیاندنی کەمپین بۆ ئازادکردنی ژنانی زیندانیکرداو.
دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ ژنان.
لە دژی نەداریی ژنان، پەیرەوکردنی سیاسەتێکی تایبەت و دیاریکردنی چارەسەری بۆ ئەو پرسە.
بەرفراوانکردنی تێکۆشانی پاراستنی ژینگە.
بەهێزکردنی پشتیوانیکردن لە ژنانی ئاوارە و دەربەدەر.
لە دژی تاکڕەوی پیاوان، پێوانەکانی ژنان کاریگەرتر بکرێت.
دامەزراندنی ئەنجومەنی ژنان.[1]
#21-01-2020#