#تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان# ڕەخنەی لە یاسای چاکسازیی هەیە و داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکات، کە واژۆی نەکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕاگەیەنداروێکدا، کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، ڕەخنە لەیاسای چاکسازیی دەگرێت، کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندکراوە و ڕۆژی 20ی ئەم مانگەش بۆ نیشاندانی ڕەزامەندیی لەسەری، ڕادەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا.
تەڤگەری ئازادیی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت:پێمانوایە ئه و یاسایە، نەک ناتوانێت بار و گوزەرانی مووچەخۆر و فەرمانبەران باش بکات، بەڵکو خەڵکی بێ مووچه و کاسبکاریشی خستووەتە بەردەم قەدەرێکی نادیار.
دڵنیاییش دەدات، کە هێشتا هەزاران کەس لەناو هێزە ئەمنییەکاندا بندیوارن و خەڵکێکی زۆر ناویان لە لیستی مووچەی فەرمانبەران هەیە، هەندێکیان هەر ناوێکی وەهمی یه و مووچەکانیشیان وەردەگیرێت و دەخرێتە گیرفانی بەرپرسان.
بەبۆچوونی تەڤگەری ئازادیی، ئەگەر حکومەتی هەرێم مەبەستیەتی چاکسازیی بکات، دەبێت سەرەتا داهاتی نەوت و گرێبەستەکانی لەگەڵ دەرەوەدا ئاشکرا بکات، داهاتی ناوخۆ ئاشکرا بکات، دەشڵێت:ئێمە هیچ گومانمان لەوە نیە هەرێمی کوردستان لە ئێستاشدا خاوەن داهاتیکی زۆر گەورەیە، کە دەتوانێت زۆربەی کەرتەکان ببوژێنێتەوە و پرۆژە وەستاوەکان بخاتەوە کار.
لەبارەی مووچەی پلەباڵاکانیشەوە، تەڤگەری ئازادیی دڵگرانیی نیشان دەدات لەوەی، پەرلەمان لە باشوری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بێ ئەرزش دەکرێت و لاواز دەکرێت، بەشێکیش لە پەڕلەمانتاران بێ بەڵێن بوون بەرامبەرخەڵکی و ئەو بانگەشانەی کە لە کاتی هەڵبژاردنەکان دا بەرزیان کردبووەوە، دەشڵێت:جیاوازیی مووچە لە هەرێمی کوردستان ئێجگار زۆرە، لەبەر ئەوەیە چینایەتی بە ڕێژەیەکی زۆر لە پەرەسەندن دایە.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکات، کە واژۆ لەسەر ئەو ە یاسایە نەکات و بیگێڕێتەوە بۆ پەڕلەمان تا گفتوگۆی زیاتری لە بارەوە بکرێت و چاکسازیەکی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت.[1]
#23-01-2020#