ڕووبەری گشتیی هەر کۆمەڵگایەک پڕیەتی لە ڕا و بۆچون و دیدی جیاواز، پڕیەتی لە زمان و شێوازی دەربڕین و نووسینی جیاواز، ئەمانە هەندێکیان بەیەکتری نزیکن و هەندێکیشیان دژ و پێچەوانەی یەکترین. ئەوەی دەبێت بپارێزرێت و بەرگریی لێبکرێت بوونی ئەم گشتە جیاواز و پلورالەیە. هەموو هەوڵدانێک بۆ بەیەکڕەنگکردن و سڕینەوەی فۆرمە جیاوازەکانی ڕا و بۆچوونی جیاواز و سڕینەوەی شێوازەکانی خۆدەربڕین و نووسین و دەرکەوتن لە ڕووبەری گشتیدا، مەترسیدارترە لە بوونی ئەو ناکۆکیی و جیاوازیانەی کە هەن و لە بوونی ئەو ڕایانەدا کە بەیەکدادەدەن.
ئێمە بەرگرییەکی سەرسەخت لەم پلورالبوونەی بوونی ڕا و بۆچوون و بیرکردنەوەی جیاواز لە کۆمەڵگادا دەکەین، تا ئەو شوێنەش دەڕۆین کە نابێت کەسانی خاوەن ڕا و بۆچوونی جیاواز ناچاربکرێن خۆیان بکەونە سانسۆرکردنی خۆیان و خۆیان سنوور لەسەر ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕینی خۆیان دابنێنن.
بەڵام بەدیوی ئەودیودا بەرگریش لەو ڕوانینە دەکەین کە ئەم پێکدادانی بۆچون و ڕایانە نابێت بگاتە ئاستی جنێودان و ئیهانەکردن و بەدناوکردن، یان ئاستی شکاندنی کەسایەتیی ئەوانیتر، ناشبێت بگاتە ئاستی بێئەدەبییکردن و بریندارکردن. ئێمە پێمان وایە مافی ڕادەربڕین یەکسان نییە بە مافی ئیهانەکردن و جنێودان و شکاندن و بەدناوکردن.
ئەوەی مەلا هەڵۆ کردویەتیی و دەیکات لەو جۆرە بێئەدەبیی و سوکایەتیکردنانەیە کە بە هیچ شێوەیەک ناچێتە قاڵبی ئازادیی ڕادەربڕینەوە، ناچێتە چوارچێوەی مافی ئازادیی ویژدان و بیرکردنەوەوە، بەپێچەوانەوە ئەوەی ئەو دەیڵێت بێئەدەبیکردن و ئیهانەکردنێکی گەورەی بەشێکی زۆری ئەندامانی کۆمەڵگای ئێمەیە. ئەچێتە قاڵبی کەسایەتی شکاندن و ئابڕوبردنی سەدان هەزار، ئەگەر نەڵێین چەند ملیۆن، مرۆڤی کۆمەڵگای ئێمەوە، کە بڕێکی زۆر لەو موسڵمانانەش دەگرێتەوە کە سەر بەو ئاڕاستە سەلەفییە ترسناکە نین کە مەلا هەڵۆ و هاوڕێکانی نوێنەرایەتی دەکەن. ئەوەی کەسێک ملیۆنان مرۆڤی دونیای ئێمە بە گەواد ناوبنێت، سەدان هەزار باوک و هاوسەر و برا بۆ ئاستی گەوادیکردن بە هاوسەر و خوشک و کچ و دایکیانەوە دابەزاندبێت، لە دەرەوەی هەر سنوورێکی قبووڵکردن و لێبوردندایە. لەسەرێکی دیکەوە ئەمەی مەلا هەڵۆ دەیڵێت تەنها ڕایەکی شەخسیی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئاراستەیەکی دینیی سەلەفیی و بەشێکە لە ئایدیۆلۆژیا و پرۆژەیەکی سیاسیی کە زۆرینەی کۆمەڵگای ئێمە وەک کافر و مونافیق و گەواد و سۆزانی وێنادەکات. لە پشتی ئەم جۆرە قسەکردنەوە ستراتیژیەتی گەشەدان بەو دیدە سەلەفییە ئامادەیە، کە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئاشتیی و ئارامیی کۆمەڵایەتیی و لەسەر بەهاکانی دراوسێیەتیی و بەدەم یەکەوەچوون و هاریکاریی. ئەم پرۆژە دینییە پرۆژەی بەرهەمهێنانی ڕق و سوکایەتیکردنێکی بەردەوامی ئەم بەشی کۆمەڵگایە بەو بەشی تری. هەڕەشەیەکی بنەڕەتییە لە لێکتێگەیشتنی دینیی و نادینیی و لێبوردەیی ئینسانەکان لەیەکتری. مەلا هەڵۆ بەشێکە لە دیاردەیەکی گەورەتر، دیاردەی لەدایکبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی دینیی بێئەدەب، یان بێئەدەبیەک کە بەناوی دینەوە ئامادەیە، ئەمانە تەنانەت سڵ لە پەلاماردنی ئەو دیندارانەش ناکەنەوە کە لەخۆیان ناچن، چ جای ئەوانەی لە دەرەوەی دیندا بیردەکەنەوە و دەژین.
یەکێک لە سێنتەرە سەرەکییەکانی فیکری مەلا هەڵۆ و هاوبیرەکانی ئیهانەکردن و سوکایەتییەکی بەردەوامە بە ژنان، نمایشکردنیانە وەک بوونەوەری ترسناک و نووقسان و شەرمهێن و حەیابەر. بچووکردنەوەی ژن و دابڕینی لەوەی بوونەوەرێکی خاوەن عەقڵ و بیرکردنەوە و ئیرادە و خواست و هەڵبژاردنی خۆی بێت، چەقی بیرکردنەوەی ئەمانەیە بەرامبەر بە نیوەی کۆمەڵگا. لەبەر ئەم هۆیانە ئێمە پێمانوایە ئەم جۆرە کەسایەتیی و ئەم جۆرە گوتارە، پێویستیان بە لێپرسینەوەی یاسایی هەیە و نابێت ئەم فۆرمە لە بێئەدەبیی بگاتە ئەو ئاستەی سەرجەمی ئەو سنوورە سادانە ببەزێنێت کە دیالۆگ و ڕاگۆڕکێ و گفتگۆ لە کۆمەڵگایەکەدا مەیسەردەکەن، کە هاریکاریی و بەدەمەوەچوونی کۆمەڵایەتیی پەکبخات.
لە کۆتایشدا جارێکی دیکە دەیڵێینەوە ئەوەی ئێمە داوای دەکەین زیادکردن و گەورەکردنی ڕووبەری سانسۆر نییە لە کۆمەڵگاکەدا، هەروەها دروستکردنی دۆخێک نییە بۆ گەشەکردنی سانسۆری ناوەکیی و خودیی. ئەوەی ئێمە بەرگریی لێدەکەین ڕێگرتنە لەو ئیهانە گەورانەی کەسانێکی بێئەدەب، لەپاڵ تێگەیشتنێکی خراپ و ترسناکدا بۆ دین، ئەنجامیئەدەن و بەمەش ڕێ لە سادەترین فۆرمەکانی ڕاگۆڕکێ و گفتوگۆ و هاریکاریی کۆمەڵایەتیی، دەگرن.
کاتی ئەوە هاتووە لێگەڕێن مرۆڤ ئیمان و دینداربوونی خۆی بەوجۆرە بژیی کە خۆی دەیەوێت، نەک مەلایەکی ێئەدەبی وەک مەلا هەڵۆ بۆی دەستنیشانبکات دین چییە و دینداریی چ جۆرە پەیوەندییەکە.
#مەریوان وریا قانع#
#ئاراس فەتاح#
#سارا عومەر# - نووسەرو چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ
#چۆمان هەردی#
هۆشەنگ وەزیری
ئارام عەلی
سارا قادر
سەردار محەممەد
هیوا فایەق
کاوە محەممەد
#هیوا قادر#
#ڕیبین هەردی#
جەمال حسێن
شوان محەممەد
ئارام سەعید
خالید سلێمان
شوان حەمە
#سیروان غەریب#
زانکۆ ئەحمەد
فەرمان ڕەشاد
#ئاسۆس هەردی#
پەروا عەلی
#23-01-2020#