لە ڕاپرسییەکدا، کە لەسەر کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامدرابوو، گەنجانی هەرێمی کوردستان نەبوونی هەلی کار و سود وەرنەگرتن لە تواناکانیان بەهۆکاری کۆچی گەنجان دەزانن.
لەهۆڵی هۆتێل بێت ئێن اربیل بەختیاری، لە شاری #هەولێر# گفتوگۆیەک لەسەر کۆچی گەنجان ئەنجامدرا و هاوکات ئەنجامی ڕاپرسیەک لەوبارەیەوە خرایە ڕوو کە 3000 گەنج بەشدارییان تێدا کردبوو.
لەو 3000 گەنجەی بەشداریان لە ڕاپرسییەکەدا کردبوو، %68.2 لە ڕەگەزی نێر بوون و %31.2 یان لە ڕەگەزی مێ بوون، تەمەنی بەشداربووانەکانیش لەنێوان 16 بۆ 40 ساڵدا بووە.
سیروان گەردی، سەرۆکی تۆری هەماهەنگی ڕێکخراوەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دەرئەنجامی ڕاپرسیەکەی خستەڕوو.
لە ڕاپرسییەکەدا، %35.8 بەشداربووان پێیان وایە، کە حکومەت بەشداریی بە گەنجان ناکات لە بەڕێوەبردنی یەکە ئیدارییەکاندا، هەروەها %31.6 بەشداربووان پێیان وایە پارتە سیاسییەکان ڕێگە بە بەشداریی سیاسی گەنجان نادەن.
ڕاپرسییەک دەربارەی هۆکارەکانی کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، بە بەشداربوونی 3000 کەس
|
|
|
|
لەبەشێکی دیکەی ڕاپرسییەکەدا پرسیاری هۆکاری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات کرابوو، بەشداربووان پێیان وابووە، بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان لە کەرتی تایبەت و حکومەتدا هۆکاری سەرەکی کۆچی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات، هەروەها بەشێک لەبەشداربووان پێیان وابووە، سودوەرنەگرتن لە توانای گەنجان و بەشداریی پێنەکردنی گەنجان لە کایەی سیاسیدا بەشێکی دیکەن لە هۆکاری کۆچی گەنجان.
هەروەها لە ڕاپرسییەکدا دەرکەوتووە %65.8 گەنجانی بەشداربوو بێ کارن، %85 بەشداربووان پێیان باشبووە لە نزیکەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ببینن بۆ ئەوەی لەسەر کێشەکانی گەنجان قسەی لەگەڵ بکەن.
لەکۆتایی ئەنجامی ڕاپرسییەکەشدا ئاماژە بەوەکرا، کە %54 بەشداربووان لە کارەکانی پەرلەمانتارە گەنجەکان ڕازی نەبوون.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە هەزاران گەنج کۆچدەکەن بۆ دەرەوەی وڵات، بەشێک لەو گەنجانەش لە ڕێگا نایاساییەکاندا دەبنە قوربانی، 11-01-2020 بەلەمێک بە 53 سەرنشینەوە لە ئاوەکانی نێوان وڵاتی یۆنان و ئیتاڵیادا نوقم بوو، کە 22 سەرنشینی کورد بوو.[1]
#25-01-2020#