بوومەلەرزە لە شاری خارپێت بووە هۆکاری گیان لەدەستدان و بریندار بوونی هەزاران کەس و زامێکی دیکەیە بە سەر لاشەی برینداری نیشتمان.
بوومەلەرزە لە شاری خارپێت بووە هۆکاری گیان لەدەستدان و بریندار بوونی هەزاران کەس و زامێکی دیکەیە بە سەر لاشەی برینداری نیشتمان. لەسەر ناوی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆهەڵاتی کوردستان - کۆدار پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد و تایبەت کەس و کاری ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەکەین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ سەرجەم برینداران دەخوازین.
ئێش و ئازاری خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی خارپێت، ئێش و ئازاری هەموومانە و گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خۆی بە هاوخەمی گەلی باکوور دەزانێ. جۆگرافیای کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بەردەوام وەکوو جۆگرافیایەیکی داگیرکراو سەیرکراوە، چ کات و سەردەمێک پێویستیان هەبووە، دەرفەتە ئابووریەکانی کوردستان تاڵان و چەپاو کردووەو بێ ئەوەی ئاوڕێک لە ئاوەدان کردنەوەی ئەم جۆگرافیایە بدەنەوە، سیاسەتی کاوڵکاری کوردستان وەک بەنداوسازی یان پەرە پێ داوە.
لە بوومەلەرزەی سەرپۆل زەهاب لە#کرماشان#، هەروەها لافاوەکەی لۆڕستان و#ئیلام# و خوزستان و سیستان و بەلووچستان، سیاسەتی دەوڵەتە ناوەندەکانمان سەبارەت بە جۆگرافیای کوردستان و گەلانی بن دەستی دیکە بینی. ئێستاش لە باکووری کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە هەموو کارناسانی زەوی ناسی سەبارەت بە هەبوونی هێڵی بوومەلەرزە لەناوچە کوردنشینەکان ئاگادارن، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا هیچ کات ئەوەیان بەلاوە گرینگ نەوبووەو کاری پێویستان لەچوارچێوەی بیناسازی ئەنجام نەداوە، تا گەل کەمتر تووشی خەساری گیانی و ماددی ببن. بە پێچەوانەوە هێزە داگیرکەرەکان تەنیا بە ڕوانگەی ئاسایشیەوە سەیری کوردستان دەکەن، لەم چەند دەهەی ڕابردوودا بە هیچ شێوازێک لە بواری بیناسازیەوە سەرنج نەدراوە و ئەمڕۆ تەنیا گەلە کە تاوانی ئەم بێ پلانیەی دەسەڵاتداران دەدات.
داگیرکەرانی کوردستان نەتەنیا نەبوونەتە مەرهەمێ بۆ زامەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن لەئازاری گەل بۆ بەرژەوەندی خۆیان کەڵک وەربگرن. گەلەکەمان لە کرماشان و سەرپۆل زەهاو لە نزیکەوە سیاسەتی داگیرکەرانیان بینی کە چؤن لە بێ دەرەتانی خەڵکی لێقەومای ئەو هەرێمە بۆ گەیشتن بە ئارمانجەکانیان کەڵکیان وەردەگرت. بۆ ئەوەی کە بتوانیین ئەم برینە سارێژ بکەین، پێوێستی بە هەستێکی نەتەوەیی هەیە و گەل بە دەستی خۆی دەتوانێ زامەکانی تیمار بکات. بەم بۆنەوە لە گەلی نیشتمانپەروەری کوردستان داوا دەکەین تا بە ڕۆحێکی مرۆڤ دۆستانەوە، بە وێنەی ئەو هاودەردیەی کە لەگەڵ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لێدراوی کرماشان و سرپۆل زەهاب کردیان، لەم وەرزەی پڕ لە سەرماو سۆلەوە، باوەشی گەرمی خۆیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی خارپێت بکەنەوە و بە هاوکاری خۆیان مەرهەمێک بن لە سەر برینی گەلەکەمان لەو بەشەی وڵات. دیسان هاوخەمی خۆمان ئاراستەی گەلی لێقۆماوی خارپێت دەکەین و لە پێچانی زامەکانیان لەگەڵیان دەبین. [1]
#27-01-2020#