#کۆبانێ# لە 19ی تەموزی 2012 چەخماخەی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستانی لێدا. هێزەکانی ڕژێمی سوریای دەرکرد و بەڕیوەبەرێتی شاری گرتە دەست خۆی. کۆبانێ یەکێک لە کانتۆنەکانی ڕۆژاوای کوردستانە کە لە 27 کانونی دووەمی 2014دا دامەزرا. هەربۆیەش کۆبانێ بەو دەستپێشخەری و بەرخۆدانەی خۆی بوو بە ئامانجی هێزە داگیرکەرەکان.
#داعش# کە لە ڕەگەزپەرستانی ناوچەکەو جیهادیستەکانی جیهان پێکهاتبوو، سەرکەوتنی کوردستانیانی لە ڕۆژاوای کوردستان پێ قبوڵ نەئەکرا، هێرشی کردە سەر کۆبانێ. هەموو داگیرکەرانی کوردستانیش بەو هێرشە شادمان بوون. بەڵام پشتیوان و یاریدەدەری هەرە بەهێزی داعش، دەوڵەتی تورکیا بوو. تورکیا بە مەبەستی تەفروتوناکردنی کورد لە باکوری سوریا، بە فراوانی هاوکاریی لۆجستیکی داعشی کرد. داعش کە لە تەلکۆچەرو تەلخەلەف تێکشکا بوو، داخی ئەو شکانەی بە کۆبانێ ڕشت و هێرشی کردە سەری.
کۆبانێ کە لە ئەیلولی 2014وە کەوتبووە بەر هێرشەکانی داعش، بەرخۆدانێکی مەزن و بێوێنەی کرد. داعش داگیرکردنی کۆبانێی کردبووە ئامانجێکی سەرەکی خۆی. بەڵام کۆبانیانیش بەرخۆدان و پاراستنی کۆبانێیان کردبووە ئامانجی مان و نەمانی خۆیان. کۆبانیان بە پێشەنگی هێزەکانی #یەپەگە# و #یەپەژە# بەرخۆدانێکی مەزنیان ڕێکخست. ئیدی کۆبانێ بوو بە مەیدانی جەنگ دژی وەحشییەت. کوردستانیان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیاش لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییەی کۆبانێ هەڵوێستی خۆیان دیاریی کرد.
کۆبانێ لە سەرانسەری کوردستاندا بوو بە ناوەندی بەرگریی. بۆ جیهانیش بوو بە سومبوڵی ڕووناکیی. کوردان لە هەوڵداندا بۆ پاراستنی کۆبانێ بوون بە یەک. لە باکور، باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەریلا، لە باشوری کوردستان پێشمەرگە، چوون بە دەنگ یەپەگە و یەپەژە و خەڵکی کۆبانێوە. لە سەرانسەری کوردستان و لە دەرەوەی ولاتیش بە سەدان کوردستانیان ڕوویان کردە کۆبانێ و بە فیداکاریی شانبەشانی کۆبانیان شەڕی پاراستنی وڵاتیان کرد. کۆبانێ بوو بە سەنگەری نیشتمانپەروەرانی کوردستان. دنیای مرۆڤدۆست و دیموکراتیش بە بەرخۆدانی کۆبانیان و خەڵکی کوردستان سەرسام بوون و پشیوانییەکی بەهێزیان پیشاندا. هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعشیش هاوکاریەکی مەزنی سەربازی و مرۆیی کرد. کۆبانێ بەو هەنگاوە بەرز و بەهێزەی ڕێککەوتنی ناوخۆیی و بە پشتیوانیی دنیای دیموکرات، لە 28ی کانوونی دووەمی 2015دا لە تاریکستانی داعش ڕزگار کرا.
بەرخۆدانی کۆبانێ بوو بە سەرەتای تێکشکانی داعش. داعش یەکەمین گورزی بەهێزی تێکشانی لە کۆبانێ بەرکەوت. دوای سەرکەوتنی کۆبانێ، هێزەکانی ڕزگاریی هەنگاو بە هەنگاو کەوتنە ڕاونانی داعش و تەواوی ناوچەکانیان بە ڕەقەی پایتەختیشیانەوە، لێ پاک کردنەوە.
چوار ساڵ دوای ئازادکردنی کۆبانێ و لە چوارەمین ساڵوەگەڕیدا، دوا گوندی ژێر دەستی داعش لە داعش پاککرایەوە. ئێستاش دەستی داعش لە هیچ شار و شارۆچکەو گوندێکدا نەماوە. ئەمەش بۆ تەواوی مرۆڤایەتی سەرکەوتنێکی گەورەو بەهادارە. ئەم سەرکەوتنەش هی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوکار و هاوپەیمانەکانیانە. ئێمە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە #قەسەدە#و هاوکارەکانی ئەکەین.
هەروەها ئێستا هەفتەی ساڵوەگەڕی دامەزراندی کانتۆنەکانی ڕۆژاوای کوردستانە. هەروەک ئەزانن لە 21.01.2014دا کانتۆنی جزیرە، لە 27.01.2014دا کانتۆنی کۆبانێ و لە 29.01.2014دا کانتۆنی #عەفرین# دامەزران و ڕاگەیەنران. سەرکەوتنی کۆبانێ و تێکشکانی تەواوی داعشیش لە هەمان هەفتەدا بەدیهات. ئێمە ئێستا پیرۆزبایی 3 سەرکەوتن بە یەکەوە ئەکەین.
ئەم سەرکەوتنانە بە قوربانییەکی زۆر، بە خوێنی هەزاران گیانبەختکردوو، بە ڕەنج و تێکۆشانی بەرخۆدەران بەدیهاتن. ئێمە سەرەتا شەهیدان و بەرخۆدەرانی کۆبانێ، ڕۆژاواو هەموو کوردستان، بەڕێز و شکۆوە بە بیردێنینەوەو لەو یادەدا سەری ڕێز لە بەرامبەریان دائەنەوێنین.
هەروەها ئێمە پێنجەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ و شەشەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆنتۆنەکانی ڕۆژواو تێکشکاندنی داعش، لە گەلی ڕۆژاوا و تەواوی کوردستان و جیهان پیرۆز ئەکەین. سەرکەوتن بۆ شۆڕشی ڕۆژاوا ئەخوازین.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - ک ن ک
#26-01-2020#