1- پتەوکردنی چالاکی پەتاگەری دژی کۆنیشانەی توندی کۆئەندامی هەناسە بەتایبەت لەو کەسانەی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە لە هەر خاڵێکی هاتنەژوورەوە دێنە کوردستان.
2- جەختکردن لەسەر جێبەجێکردنی پلانی هۆبەی کۆنیشانەی توندی کۆئەندامی هەناسە.
3- لەکاتی گومانکردن بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێویستە نموونەیەک یان زیاتر وەربگیرێت، لە چەند کاتێکی جیاوازدا لەو شوێنانەی کە دیاریکراون، دواتر ڕەوانەی تاقیگەی تەندروستی گشتی بکرێت بۆ پشکنین، ئەمە سەرەڕای وەرگرتنی نموونە لە لووت و دەم، پاشان ناردنی بۆ تاقیگە بەم شێوەیە:
وەرگرتنی نموونەی بەڵخەم لە نەخۆش.
وەرگرتنی نموونە لە بۆڕی هەناسەدان ئەمەش لەو نەخۆشانە دەبێت کە لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد داندراون.
وەرگرتنی نموونە لە خانەکانی هەوا لە سییەکان لەو نەخۆشانەی کە پێویستە بۆ چارەسەرکردن بۆیان بکرێت.
پێویستە نموونەی شلەی ناو پەردەی دەوری سییەکان وەربگیرێت بە بەکارهێنانی دەرزی گەورە لەکاتی مردنی نەخۆشەکە.
4- دەستبەجێ ئاگادارکردنەوە لە هەبوونی هەر حاڵەتێک کە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێبکرێت یان هەر حاڵەتێک کە بەهۆی نەخۆشییەکی دەستنیشاننەکراو و نادیاری کۆئەندامی هەناسەوە بمرێت.
5- جەختکردنەوە لەسەر کوتانی پزیشکان، کارمەندانی تەندروستی، ئەو کەسانەی لە قاوشەکانی نەخۆشییە گوازراوەکان، قاوشەکانی منداڵان و هەناو کاردەکەن لە دژی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا.
6- جەختکردنەوە لەسەر پۆشینی کەلوپەلی خۆپارێزی تەواو لەلایەن پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لەکاتی هەبوونی گومانی تووشبوونی هەر کەسێک بەو ڤایرۆسە.[1]
وەزارەتی تەندروستی
#26-01-2020#