کۆشکی سپی دەقی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی لەبارەی کۆبوونەوەکە:
گوتەی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش کۆبوونەوەی دووقۆڵییان. داڤۆس، سویسرا:
سەرۆک ترەمپ: زۆر سوپاس. جێگەی خۆشحاڵییە لەگەڵ سەرۆک بارزانیی کوردستاندام. کۆبوونەوەیەکمان هەیە کاتەکەی دیاری دەکرێت. ماوەیەکی زۆرە دەمانەوێت کۆببینەوە، پێکەوە زۆر باش کارمان کردووە.
هەروەک دەزانن، ئێمە سووریامان لە ناوچە سنوورییەکان بەجێهێشت و ئەوەش بە باشی لەگەڵ تورکیا ئەنجامدرا؛ زۆر لەوە باشتر ئەنجامدرا کە هیچ کەس بیریشی لێکردبێتەوە. ئێستا ئەوان ئەوەیان هەیە کە پێیدەگوترێت ناوچەی ئارام و منیش دەستخۆشی دەکەم لەوەی ئێوە کردووتانە بۆئەوەی بتوانن ئەو ناوچەیە ئەوپەڕ سەلامەت بێت.
بەڵام، زۆر گرنگە، هەروەک دەزانن، ئێمە نەوتمان هەیە. ئێمە سەربازمان بۆ نەوتەکە بەجێهێشت، چونکە ئێمە نەوتەکەمان بەدەستهێناوە و کاریش لەسەر ئەوە دەکەین و زۆر بەباشی پاراستوومانە.
ئێمە هەروەها هەزاران زیندانیی #داعش#مان هەن. خەلافەتی (داعشمان) %100 تێکشکاند. ناوچەیەکی زۆر جێگەی سەرنجە، هەروەها ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبووە و جێی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ تۆدام، زۆر سوپاس.
سەرۆک بارزانی: سوپاس، جەنابی سەرۆک. زۆر سوپاس.
سەرۆک ترەمپ: دەتەوێت شتێک بڵێیت؟
سەرۆک بارزانی: بەڵێ. دەمەوێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرم بۆ سوپاسکردنت، بەڕێز سەرۆک، بۆ پێشوازیکردن لێمان لە داڤۆس. وەک خۆشت باستکرد، تۆ دەزانی ئێمە بۆماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ئەم چرکەساتەمان کرد.
سوپاس بۆ سەرکردایەتیت، سوپاس بۆ پشتیوانییەکانت، ئێمە بەیەکەوە داعشمان تێکشکاند.
سەرۆک ترەمپ: ڕاستە
سەرۆک بارزانی: هەربۆیە، بە ناوی گەلی کوردستانەوە، دەمەوێت سوپاس و پێزانی خۆمان بۆ سەرکردایەتی و پشتیوانییەکەت دەربڕین، سوپاس.
سەرۆک ترەمپ: زۆر سوپاس، بەراستی شتێکی زۆر باشە.
سەرۆک بارزانی: زۆر سوپاس. پێزانینم هەیە
#23-01-2020#