ئەم پەیامە بەگشتی ئاڕاستەی دەسەڵاتی باشووری کوردستان و بەتایبەتی هەردوو سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتیی دەکەین، چونکە بەکردەوە هەر ئەم دوو لایەنە لە ئێستادا باشووری کوردستان بەڕێوە دەبن و هەموو بودجە و داهاتی کوردستان و هێزەکانی پۆلیس و ئاساییش و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەگشتی هەموو خوێندنگە و فەرمانگە و زانکۆ و دامودەزگا هەواڵگیرییەکان هەر لەژێر دەسەڵات و باڵادەستی ئەم دوو گەورە هێزەدان و ئەمەش ڕاستیی بارودۆخیی ئەمڕۆی باشووری کوردستانە و نکوڵیی لێناکرێت. هەرچەندە دەبووایە ئێستا خاوەنی دەسەڵاتدارییەکی کوردیی تۆکمەی یەکگرتووی بەهێز و دامەزراوەیی بووینایە و یاسا سەروەر بووایە و دەرفەتی پێکەوە کارکردن و ژیانێکی دیموکراسییانە لەسەر زەمینەی کوردایەتییەکی ڕاست و دروست بۆ هەموو هێز و لایەن و تاکێکی دڵسۆزی کوردی و کوردستانی بڕەخسایە. ئێستاش دەرفەت هەر ماوە کە ئەم ئەرکە پیرۆزە جێبەجێ بکرێت و فەرمانڕواییەکی کوردی و کوردستانیی بەرفراوان و یاسایی و دیموکراسی پێک بهێنرێت.
ئێمە بەرلەهەر شتێک دەمانەوێت هەمووان لەم ڕاستییە ئاگادار بکەینەوە کە ئێمه نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستادا، هیچ پێوەندییەکمان لەگەڵ دەسەڵات و پارتی و یەکێتیدا، نەبووە و نییە. ئەم پەیامە تەنها لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی باڵای کورد و کۆمەڵگای کوردستانەوە ئاڕاستە دەکەین.
ئەمڕۆ دیاردەیەکی زۆر خراپ و زیانمەند و مەترسیدار لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستبووە، ئەویش ئەمەیە که لاوانێکی زۆر لە کچان و کوڕان، لەم نەوە نوێیەی ئێستا، کەوتوونەتە بۆسەی ئیسلامیی سیاسییەوە و لەژێر کاریگەری و پروپاگەندەی چەواشەکارییانەی ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراوە بەکرێگیراوانەدان و ئه و گروپانە بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر، هەست و سۆزی ئه و لاوانە بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن و لەم ڕێگایەوە تەڵە و داویان بۆدەنێنەوە و دەیانهێننە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. ئه و گروپە ئیسلامییە توندڕەوانە، یاری بە ژیان و چارەنووسی ئه و لاوانەوە دەکەن و بەهەست و هۆش و گیانێکی ناکوردانە و نانیشتمانپەروەرانە و تاکڕەوانە و توندوتیژانە پەروەردەیان دەکەن.
ئێمە لەڕووی دڵسۆزییەوە له و لاوانە دەپرسین، بۆچی لایەنگریی له و گروپە ئیسلامییە سیاسییانە دەکەن!؟ ئێوە ڕۆڵەی ئەم نەتەوە و نیشتمانەن و خۆتان بە کەسانی دڵسۆز و کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر دەنازانن. گومانی تێدا نییە ئه و لایەنە ئیسلامییە سیاسییانە هیچ بڕوایەکیان بە کوردایەتی نییە و نە لە دروشم و نە لە نووسین و بڵاوکراوەکانیاندا ئاڵای کوردستان نابینین و هیچ بیر و هێمایەکی تێکۆشانیش بۆ ئازادیی کورد و سەربەخۆیی کوردستان لە وتار و ڕەفتار و کاروکردەوەکانیاندا بەرچاوناکەوێت !؟ ئەم گروپانە لەلایەن دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستانەوە تەنها بۆ بەسیاسیکردنی ئیسلام لە کۆمەڵگای کوردستان و دوژمنایەتیی کردنی کورد و کوردایەتی، دروستکراون. لەکاتێکدا ئیسلام وەک ئایین داوای کاری لەوجۆرە لە هیچ کەس و هیچ لایەنێک ناکات و ئەوە ئەرک و فەرمانی سەرشانی موسڵمانی کورد نییە. ئەم گروپە ئیسلامییە سیاسییانە جگە لەم ئەرک و فەرمانه بەکرێگیراوی و بێگانەپەرستییەیان، هیچ پێوەندییەکیان به ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانیی کوردەوە نییە و بەهیچ شێوەیەک لە شێوەکان پێوەندییان بە بەرژەوەندیی کوردایەتی و داهاتووی کورد و کۆمەڵگای کوردستانەوە نییه! ؟ ئایا تاوان نییە بەرامبەر کورد و کوردستان کە لایەنگریی له و گروپە دروستکراوە بەکرێگیراوانە بکرێت، کە هەر خەریکی ئاژاوەنانەوە و بەعەرەبکردنی کۆمەڵگای کوردستانن و دژی کوردایەتی و دژی فەرهەنگی ڕەسەنی کوردەواری و دژی جلوبەرگی کوردی و دژی هەموو شتێکی کوردین. ئیسلامییە سیاسییەکان بەتایبەتی دژی جلوبەرگی کوردیی ئافرەتانی کوردستانن و بە ڕێپێنەدراو و و ناپەسەندی دەناسێنن و لەبری جلوبەرگی جوان و ڕازاوە و ڕەسەنی کوردەواری، برەویان بە لەچک و سەرپۆش و باڵاپۆش و جبەی ئافرەتانی عەرەبستانی سعودی و میرنشینە عەرەبییەکانی کەنداو داوە و لەم ڕێگایەوە سیمای شارستانییانە و سەردەمییانەی کۆمەڵگای کوردەوارییان شێواندووە و دزێو و ناشیرینیان کردووە. وا بڕوا لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە نێو کچان و ژنانی کوردستاندا باوی نامێنێت!؟ لەمەش خراپتر و مەترسیدارتر، وردە وردە ناوی کوردی نامێنێت و لەبری ناوی کوردی و کوردەواریی جوان و خۆش و ڕەسەن، ناوی مناڵانی کورد بەناوی عەرەبی و ئیسلامیی، ناوزەد دەکەن، ئه و ناوانە لە مناڵەکانیان دەنێن کە نامۆ و بێگانەن بە کورد و کوردستان. ئەمانە هەندێکن لە نیشانەکانی بەعەرەبکردنی کورد و کۆمەڵگای کوردستان! ئەمانە بەزاندنی هێڵی سوورن و زەنگی مەترسیدار و ترسناکن بۆ ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد و کوردستان.
دەسەڵاتی سیاسیی کوردی تاوانبارە بەوەی کە لە ڕابردوودا ئەم توولەمارە ئیسلامییە سیاسییانەیان بەخێوکردووە و ئێستا بۆ دەسەڵات و کورد و کوردایەتی، بوونەتە کێشەیەکی گەورە. دەسەڵاتی کوردی بە هەموو شێوەیەک پشتیوان و یارمەتیدەر بوو لە پەرەسەندن و بەهێزبوون و زۆربوونی ئەم گروپە ئیسلامییە سیاسییانەدا، لەسەر داهات و بودجەی کوردستان، مانگانە و بودجەی زۆر و زۆرتریان بۆ بڕیونەتەوە، پۆستی وەزارەتیان پێشکەش کردوون، بارەگا و بنکە و مۆڵگای جۆراوجۆریان بۆ دروست کردوون، چاوپۆشییان لە کاروکردەوە ئاژاوەگێڕی و تێکدەرییەکانیان کردووە و دەکەن، چاوپۆشی لە بەعەرەبکردنی کورد و کۆمەڵگای کوردستان دەکەن، هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و دەستوورییان بۆ دەکەن، چەندین پەیمانگا و خوێندنگەی تایبەتییان بۆ کردو نەتەوە، لە پەڕلەمانی کوردستان کورسییەکی زۆریان داگیرکردووە و هەر ئەم ئیسلامییە سیاسییانەشن کە لەناو پەرلەمانەدا لەبەر ئاڵای پیرۆزی کوردستان و مارشی نەتەوەیی کوردی (ئەی ڕەقیب) هەڵناسن و بەبەرچاوی دەسەڵات و هەموو میللەتەوە سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی کورد و کوردستان دەکەن. ئەمانە و چەندین پێشێلکاری و کاروکردەوەی تری نایاسایی و ناڕەوایان چاوپۆشیی لێکراوە، بەبەرچاوی دەسەڵاتەوە پێوەندیی گومانلێکراوانە بە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە دەکەن و بە ئارەزوو و خواستی تایبەتیی خۆیان هەموو جۆرە پێوەندییەکی ژێربەژێر و گومانلێکراوانە لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا دەبەستن و هەرچییان بوێت بەبەرچاوی دەسەڵاتەوە دەیڵێن و دەینووسن و دەیکەن. ئه و گروپانە زۆربەی پیاوە ئایینناسەکان، مامۆستایانی ئایینی، مەلاکان و بانگدەر و پێشنوێژکارانی مزگەوتەکان و فەقێکان، ئەمانەیان هەموو هێناونەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و بەهاندانی ئه و گروپانە فەتوای کوشتن و شاربەدەرکردن و وڵاتبەدەرکردن بۆ ڕۆشنبیرانی دڵسۆز و کوردپەروەر دەردەکەن و بە فەتوا خوێنی نووسەران و ڕووناکبیرانی کوردستان دەکەنە کاسەوە، بۆ هەتا هەتایە نیشتمانبەدەر و ئاوارەی هەندەرانیان دەکەن، لە هەندەرانیش هەر دەبێت پۆلیسی ئه و وڵاتانە پارێزگاری لە مانەوە و ژیانیان بکەن، لەوێش دەستبەرداری ئه و ڕەخنەگر و ڕۆشنبیرانە نابن و هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن. ئێمە دەپرسین: ئەمە چ جۆرە دەسەڵات و پەرلەمانێکە کە ئێمەی کورد هەمانە !؟ دەسەڵاتێک نەتوانێت لە کوردستانێکی ئازاد و دیموکراسیدا ژیانی هاونیشتمانییان، ڕۆشنبیران و نووسەران و ڕەخنەگران بپارێزێت، ئەبێت چ دەسەڵاتێک بێت و چ ئازایەتی و شکۆداری و سەروەرییەکی هەبێت!؟ ئەمانە و گەلێک دیاردەی خراپ و نامۆ و سەیر و سەمەرەی دیکە که ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا سەریان هەڵداوە و هەر لەباسکردن نایەن.
ئەم پەیامە بۆ ئه و کەسانەشە کە لە بێئاگایی و دڵپاکییەوە، خەڵەتێنراون و دوای ئه و گروپانە کەوتوون. ئێمە لە دڵسۆزی و نیازپاکی و خواپەرستیی موسڵمانانی کوردی دوور له و گرووپانە هیچ گومانێکمان نییە. کوردستان وڵاتی پێڕەوکارانی هەموو ئایین و ئایینزاکانە کە بە ئازادی و ئاشتی، شانبەشانی یەکتر پیادەی دابونەریتی ئایینی و ئایینزایی خۆیانی تێدا دەکەن.
ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسیانە بێباکانە دەڵێن: نەتەوایەتی و کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و کوردستانچێتی ئەرک و فەرمانی ئێمە نییە و ئێمە موسوڵمانین و خاوەنی پەیامێکی جیهانی و مرۆڤایەتین و خۆمان نابەستینەوە بە تەنها نەتەوەیەک و نیشتمانێکەوە. پەیامی ئێمه برایەتی و ئاشتی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و هەوڵ دەدەین هەموو مرۆڤایەتی ببن بە هەڵگری هەمان پەیامی ئێمە و باوەش بۆ ئیسلام و موسوڵمان بوون بکەنەوە. ئیسلام و قورئان بەرنامەی کارکردن و خەبات و جیهادی ئێمەیە و جگە لە قورئان و ڕێنماییە ئیسلامییەکان، دان بە هیچ پەیام و نووسراو و ڕێسا و یاسایەکی دیکەدا ناهێنین. ئێمە بڕوامان بە دەوڵەتی کوردی نییە و ئاڵای کوردستان و مارشی نەتەوەیی کوردی، ئەی ڕەقیب، لای ئێمە هیچ مانایەکیان نییە و لای ئێمە وەک موسوڵمان ئەم شتانە پیرۆز نین و بڕوامان پێیان نییە. بۆ ئێمە وەک موسوڵمان و هەڵگرانی پەیامی ئیسلام و قورئان، تەنها ئایینەکە و پەیامەکەی خۆمان پیرۆز و پێویست و گرنگن لامان و لە داهاتوودا دەبێت هەموو مرۆڤایەتی بێنە ژێر ئاڵای ئیسلامەوە. ئەگەر دەسەڵاتمان گرتە دەست، ئەوا ئەوەی لەگەڵ ئێمە نەبیێت و نەیەتە ژێر ئاڵای ئیسلامەوە، مافی ژیانی لای ئێمە نامێنێت و دەبێت بە سزای ڕەوای خۆی بگەیەنین.
- لەڕاستیدا ئەم پەیام و وشانەیان هەر هەموویان دژی کورد و کوردایەتین و لە خزمەتی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستاندان. بەکارهێنانی وشەگەلی، ئاشتی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و مرۆڤایەتی لەلایەن ئەوانەوە، ئەوانە هەر هەموویان وشەی سەوز و سوور و ئامڕازی فریوکارین و فڕیان بەسەر ڕاستی و بەرژەوەندی و ئاشتی و دادپەروەری و خۆشگوزەرانیی مرۆڤایەتییەوە نییه و تەنها هەر بۆ خەڵەتاندن و بەکارهێنانی ئه و لاوانەیە، بۆ گەیشتن بە ویست و خواستە ناڕەواکانی ئه و لایەنانە خۆیانە و بۆ گەیشتن بەرژەوەندییە مادییەکانیانە، هەر بۆ ڕابوواردن و خۆشگوزەرانیی خۆیانە و هیچی دیکە. سەرکردە و بەرپرسە گەورەکانی ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییانە، بەبێئەوەی هیچ ئیش و کار و کاسبییەک بکەن، بەبێئەوەی هیچ بەرهەم و هونەر و پیشەیەکیان بۆ کۆمەڵگا هەبێت، بەبێئەوەی ڕەنج بدەن و ماندووببن، هەر بەهۆی نۆکەربوون و وابەستەبوون و ملکەچبوونیان بە دوژمنانی کورد و داگیرگەرانی کوردستانەوە، خۆیان هەموو خاوەنی چەندین ژن و خانوو و ئۆتۆمبێلی گرانبەهان و زۆر بەخۆشی و تێروتەسەلی دەژین، هەموو پێداویستتەکانی خۆشگوزەرانیی ژیانیان بۆخۆیان مسۆگەر کردووە. ئەوانە ئایینی ئیسلام هەر بۆ گەیشتن بە مەبەست و ئامانجە تایبەتییەکانی خۆیان بەکار دەهێنن و لە ڕاستی و کاروکردەوەدا هیچ بڕوایان بە ئایین و خواپەرستی و ڕەوشتی بەرزی مرۆڤایەتی نییە. ئەگەرنا یەزدانی مەزن و بەخشندە و میهرەبان، چی پێویستییەکی به و گروپە تێرۆریستانە هەیە!؟ یان مرۆڤە ڕۆشنبیر و تێگەیشتووەکان، نەتەوە ئازاد و خاوەن شارستانێتییە بەرز و پێشکەوتووەکانی جیهان چی پێویستییەکییان بەوە هەیە کە بچنە ژێر ئاڵای ئیسلامیی سیاسییەوە!؟ گومانی تێدا نییە کە ئیسلامیش ئایینێکە وەکوو هەموو ئایینەکانی دیکەی مرۆڤایەتی و نابێت تێکەڵی سیاسەت بکرێت و بەسیاسیی بکرێت. توندوتیژیی ئایینی و بەسیاسەتکردنی ئایین، هیچ پێوەندییەکیان بە ئایین و خواپەرستی و مرۆڤایەتییەوە نییە و لەراستیدا دژی خودی ئایینەکەن و دوژمنی خواپەرستی و مرۆڤایەتیشن. ئەم وشانە، ئەم ڕستە بێ باج و بێ ناوەڕۆکانەی ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییانە، تەنها بۆ فریودان و خەڵەتاندنی لاوانی هەژار و بێدەرەتانی کوردستانه، کە دەیانەوێت ئه و لاوانه بۆ ئامانج و مەبەسته سیاسییە گڵاوەکانی خۆیان بەکار بهێنن و ژیانیان ئالوودەی کاری توندوتیژیی بکەن و به و بیر و کردەوە پڕوپووچ و بێ ناوەڕۆک و بێ کەڵکانەوه، ژیان و تەمەنیان بەفیڕۆ بدەن و سەرگەردانیان بکەن.
- لە ڕوانگەی ئه و بۆچوونە چەوتانەی ئه و ئه و لایەنانەوە، ئەوە تێدەگەین کە ئەوان تەنها خەبات بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام و بەموسوڵمانکردنی میللەتان و بەئیسلامکردنی کۆمەڵگاکان دەکەن و کوردایەتی و کورد و کوردستانیان بەلاوە گرنگ و مەبەست نییە. بەرنامەی ئەم گروپانە لە سەردەمی ئێستادا دروست دەکاتە جێبەجێکردنی بەرنامەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و دوژمنانی کورد، دەنا میللەتی کورد بۆخۆی لە مێژە موسوڵمانە و پێویستی بە ڕابەری و ڕێنیشاندەریی ئه و کەس و گروپانە نییە. ئاشکرایە هەوەتەی ئیسلام پەیدا بووە و هاتووەتە کوردستانەوە و کورد بەموسوڵمانکراوە، لەوکاتەوە هەتا ئێستا زۆرینەی زۆری کورد هەر موسوڵمانە و هەموو ئەرک و فەرمانە ئایینییەکانی ئیسلام ئەنجام دەدەن و لە ڕابردووشدا هەروا بووە و زۆرجاریش کورد لە مێژووی خۆیدا بە ماڵ و سامان و گیان و ژیانەوە بەرگریی لە ئیسلام کردووە و بەهۆی ئایینی ئیسلامەوە زۆر زۆر زەرەرمەند بووە. ئەی بۆ پێش ڕاپەڕین و پێش ئەم ئازادی و ئاشتی و دیموکراسییەی کە ئێستا هەیە، هیچ گروپ و لایەنێکی ئیسلامیی سیاسیی لە کوردستاندا بوونی نەبووە و ئەم باسوخواسانە لە هیچ کەس و کۆڕ و کۆمەڵێکەوە نەبیستراون!؟ هەموومان ئەم ڕاستییە دەزانین کە ئەم گروپانە، ئەم کۆڕ و کۆمەڵ و هێزە ئیسلامییە سیاسییانە، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە دوای دروستبوو نی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کوردستاندا پەیدا بوون و دروستکراون!؟ ئەی کورد هەر موسوڵمان نەبووە و ئایینی ئیسلامیش هەر ئایینی زۆرینەی کورد نەبووه؟ بۆچی پێشتر هیچ لایەنێکی ئیسلامیی سیاسیی لە هیچ شۆڕش و ڕاپەڕین و بزووتنەوەیەکی ڕزگاریی نیشتمانیی کورد و کوردستاندا بەشدار نەبوون و بوونیان نەبووە!؟ ئیسلام زۆر لە مێژە لەوڵاتی ئێمەدا هەیە و بەشێکی بەرچاوی سەرکردە کلاسیکییەکانی کورد لەسەر ئەم ڕێبازە بوون و زیندانی و ئەشکەنجەیان بینیوە و لەسێدارەدراون گیانیان بەخشیوە، بەڵام خەبات و ژیانیان هەر بۆ کورد و کوردستان بووە و ئامانجیان ڕزگاریی کورد و سەربەخۆیی کوردستان بووە. ڕابەرانی کورد، موسوڵمان بوون و خۆیان بەشێک بوون لە شۆڕشەکانی کورد و لەژێر سەرکردایەتیی شۆڕشدا خەباتیان کردوە. موسڵمانانی کوردیش دابونەریتی ئایینیانە و ئیسلامیانەی خۆیان لە نێو ماڵ و مزگەوتەکانی کوردستاندا دوور لە سیاسەت و گروپبازی، بەئەنجام گەیاندووە، هیچکاتێکش ڕێگر نەبوون لەبەردەم تێکۆشان و بزووتنەوەی کوردایەتیدا.
ئەم گروپە ئیسلامییە سیاسییانە، لە ئێستادا چەندین گروپی جیاوازن و هەریەکەیان نۆکەری دوژمنێکی کورد و دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستانن. هێندە بەرنامە و نەخشەی سیاسیی ئێرە و ئەوێیان هێناوەتە کوردستانەوە، بە ئەندازەی ژمارەی خۆیان مۆدێلی دەسەڵاتی ئێرانی و ئەفغانی و تالیبانی و سعوودی و تورکییان سازداوە. لەداهاتوودا هەرگروپێکیان دەسەڵات بگرنە دەست ئەوانی دیکە لەدژی ڕادەبن و ناتوانن لە هەلومەرجێکی سیاسی و دیموکراسی و ئاشتی و ئارامیدا پێکەوە هەڵبکەن. ئه و گروپانە یان هەریەک له و گروپانە دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوەی بونیادنراوە، وێرانی دەکەن و کوردستان دەکەن بە گۆمی خوێن. ئێستا هیچ مەترسییەکی دوژمنان و داگیرکەرانمان لەسەر نەماوە، ئەم گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراوانە دەیانەوێت بەخراپ کەڵکوەرگرتن لەم بارودۆخی ئازادی و دیموکراسییەی باشووری کوردستان، هەروا بەئاسانی و بەخۆڕایی کورسیی دەسەڵاتی کوردستان بگرنە دەست و بودجە و سامان و داهاتی کوردستان بۆ خۆیان بەرن و بەرنامە دۆزەخی و دواکوتووەکانی خۆیان پیادە بکەن و هەر کەسێکی کوردپەروەر و دڵسۆزی کوردایەتی، ئەوانەی وەک ئەوان نین و وەک ئەوان بیرناکەنەوە، هەر ڕەخنەیەکیان لە دەم هاتە دەرەوە، جەستەی بسووتێنن، یان زمانی ببڕن و دەست و پێی ببڕنەوە یان بە شمشێری عەرەبی ملی بپەڕێنن!؟
- ئەندامان و لایەنگرانی ئەم گروپانه، هیچ وەڵامێکی ژیربێژانە و لۆژکانەیان بۆ ئەم پرسانە نییە و هەر بەردەوام ئه و بەیت و بالۆرانەی خۆیان وەک تووتی دەڵێنەوە و هەموو هۆش و گۆش و مێشکیان بە ئایینی ئیسلام و جیهاد و بەهەشت و دۆزەخەوە شۆردراوەتەوە و هیچ فەلسەفە و زانست و بیروباوەڕ و پەیڤ و ڕاستییەکی تر ناچێتە مێشکیانەوە. ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییانە بەشێوەیەک ئه و لاوە هەژار و بێ ئەزموون و بەستەزمانانەیان بە بیر و ڕەفتاری پڕوپووچەوە سەرگەرم کردوون، کە بەم شێوەیە نە لە ئێستا و نە لەداهاتوودا، هیچ کەڵک و فەڕێکیان بۆ کورد و کوردستان لێچاوەڕوان ناکرێت.
ئەم گروپه ئیسلامییە سیاسییانە هەر کە دەم دەکەنەوە، باسی گەندەڵی و دزی و نادادپەروەریی دەسەڵاتی سیاسیی کوردی و بەتایبەتی باسی کەموکوڕییەکانی پارتی و یەکێتی دەکەن. بێگومان بەخراپ باسکردن و دوژمنایەتی کردنی سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی لەلایەن ئەوانەوە بۆ ئەوە نییە دەسەڵات و فەرمانڕەواییەکی دادپەروەر و دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی و کوردستانیمان هەبێت، بەڵکو بۆ ئەوەیا نە کە مەرام و مەبەستە سیاسییه ناڕەواکانی خۆیانی پێ بەرنە پێشەوە. ئێمەش دەزانین کە گەندەڵی و نادادپەروەری و پێشێلکاریی یاسا و دەستوور هەیە، ئەوە ڕاستییە کە هەر کەس و هەر ڕێکخستنێک کار بکات و تێبکۆشێت و چالاک بێت، ئاساییە کە هەڵەش دەکات. ناتەواوی کەموکوڕیی و گەندەڵیش هەر تایبەت نییە بە کۆمەڵگای کوردستانی ئێمە، لە سەرانسەری مێژووی مرۆڤایەتییدا ناتەواوی و کەموکوڕی و گەندەڵی هەر هەبووە و هەر دەبێت و هەر دەمێنێت. ئێمە لێرەدا دیسانەوە زمانی ڕەخنەمان ئاڕاستەی دەسەڵاتی سیاسیی کوردی دەکەینەوە کەوا بەهۆی گەندەڵکاری و بێ بەرنامەیی و پێڕەونەکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سەروەرنەبوونی یاسا وە، هیچ بەرنامەیەکی پەروەردە و بارهێنان و فێرکارییان بۆ لاوانی کوردستان نەبووە و نییە و هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەکییان نییە کە ئاپۆڕەی لاوانی پێوە خەریک بکەن و هەلی کار و ژیان و گوزەرانیان بۆ برەخسێنن. گەندەڵی و بێبەرنامەیی دەسەڵات و بێکاریی لاوان، ئه و بۆشایی و بوار و دەرفەتە لەبارەی بۆ ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییانە دروستکردوە تا بتوانن ئه و لاوانە هەڵبخەڵەتێنن و دووچاری کارەساتیان بکەن.
لەڕاستیدا گەندەڵی، دیاردەیەکی جیهانی و مرۆڤایەتییە و لە پێشکەوتووترین وڵاتەکانی جیهانیشدا گەندەڵی هەر هەیە و ئه و دیاردەیە هێشتا لە هیچ کۆمەڵگایەکدا بنەبڕ و چارەسەر نەکراوە. ئێستا دەسەڵاتی کوردی و تەنانەت یەکێتی و پارتیش بۆخۆیان بەرنامەی چاکسازی و دژایەتیی کردنی گەندەڵییان لەبەرچاو گرتووە و پڕۆژەی چارەسەرکردنیان بۆ داڕشتووە و هەوڵی بەئەنجامگەیاندنی دەدەن. بەڵام ئەمە نابێ ببێتە پاساو بۆ گەندەڵکاری، پێویستە و دەبێت بەسیستەم و بە کردەوە چارەسەری بکەن. ئێمەی هاوبیرانی نەتەوەیی، ڕەخنە دەگرین و ناتەواوی و کەموکورییەکان باس دەکەین، بەڵام چاومان شتی باش و جوانیش دەبینێت و باسی ئاوەدانی و ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانیی زۆربەی جەماوەریش دەکەین، باشووری کوردستان تا ئەندازەیەکی باش ئاوەدان بووەتەوە، ئەگەر گەندەڵکاری نەکرایە، به و داهات و بودجە زۆرەی کوردستان، دەبووایە دەسەڵات پڕۆژەی زۆرتر و باشتری ئەنجام بدایە و دەبووایە کێشەی بێکاری و تەنگژەی نیشتەجێبوون چارەسەر بکرانایە. بەڵام بە بەراووورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا، ئازادیی دەربرینی بیروڕا و ڕۆژنامەوانیی ئازاد بوونیان هەیە و زۆربەی بوارە خومەتگوزارییەکانی ژیانی کۆمەڵگا پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە و هەلی کارکردن و خۆپێشخستن و خۆپێگەیاندن تا ئەندازەیەک بۆ کچان و ئافرەتانی کوردستان ڕەخسێنراوە. بەڵام ئەمە هەموو شتێک نییە و ئەرکی سەرشانی دەسەڵاتە کە زۆرتر گرنگی و بایەخ بە کچان و ژنانی کوردستان بدەن و زۆرتر دەرفەتی پێشکەوتن و هەلی کار و خزمەتگوزاریی ژیانیان بۆ دابین بکەن. هەرچەندە هەموو شتێک هەر خراپ نییە و ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییانە بە چەواشەکاری دەیانەوێت تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنن، دەیانەوێت هەموو شتێک بە ناشیرینی و دزێوی باس بکەن. ئەی ئه و گروپە ئیسلامییە بێ ڕابردووانە، بۆچی چاویان ئه و هەموو ئاوەدانکردنەوە و بنیادنانەوە و گۆڕانکارییانەی کوردستانی وێرانکراو و سوتێنراو نابینێت. ئەی بۆ ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییە توندڕەوانە باسی ئەوە ناکەن کە بەهۆی بەرنامە پاشکەوتوو و توندڕەوییەکانی خۆیانەوە چەندین هەزار لە کچان و ئافرەتانی بێتاوانی باشووری کوردستان، بە تۆمەتی بێڕەوشتی و بەبیانووی ئابڕووپەرستییەوە تێرۆر کراون. هەوەتەی ئەم گروپە ئیسلامییە سیاسییە توندڕەوانە دروستکراون، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆرتر بوون و ئاگر جەستەی هەزاران لە کچان و ئافرەتی بێتاوانی سووتاندووە. چەند ساڵێکە بەهۆی بوون و چالاکییەکانی ئەم گروپانەوە، توندوتیژیی ئایینی و ڕەگەزی پەیدابووە و پەرەی سەندووە کە ئەم دیاردە خراپانە پێشتر هەرگیز بەم شێوەیە پێشینەیان لەنێو کورد و کۆمەڵگای کوردستاندا نەبووە.
ئێمە دەپرسین:کامانەن پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و چاکسازیی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی ئەو گروپە ئیسلامییە سیاسییانە بۆ کۆمەڵگای کوردستان!؟ ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییانە تەنها لە چەند ساڵانێکی ڕابردوودا بە مەبەستی بەعەرەبکردنی کۆمەڵگای کوردستان و بۆ بەرژەوەندنی عەرەبستانی سعودی و میرنشینە عەرەبییەکانی کەنداو، بەهەزاران مزگەوتی مۆدێلی کەنداو و سعودییان لە باشووری کوردستاندا دروستکردووە. ئاماژەکردن بەم دیاردەیه لێرەدا، مەبەست ئەوە نییە کە دروست کردنی مزگەوت بە کارێکی ناپێویست و خراپ باس بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ لەم باشووری کوردستانەدا، بەم پێوانە جوگرافییە کەمە وە، زۆرتر لە پێنج هەزار مزگەوت هەیە. لە هیچ وڵاتێکی عەرەبیدا کە ئایینەکە بەزمانی خۆیانە و هی خۆیانە، هێندەی باشووری کوردستان مزگەوتییان تێدا نییە!؟ سەرباری ئەمەش لە هیچ شار و گوند و شارۆچکەیەکی باشووری کورستاندا یەک مەڵبەندی ڕۆشنبیریی نەتەوەیی بوونی نییە کە لاوانی کوردستان و نەوەی نوێ بەگیانی کوردایەتی و نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەروەری و پێشکەوتنخوازی پەروەردەیان بکات و بە ئاڕاستەی خزمەتکردن و خۆشەویستیی کورد و کوردستاندا بیانبات!؟ ئه و مزگەوتانە، زۆربەی زۆریان لەم ساڵانەی دواییدا بە مەبەستی سیاسی و بۆ بەعەرەبکردنی کورد و بەئیسلامیکردنی کۆمەڵگای کوردستان دروستکراون، سەرباری ئەمەش بۆ هەر مزگەوتەی دوو مەلا و دوو مجێور و چەندین کارمەند و خزمەتگوزاری تر تەرخانکراون بۆ خزمەوت و بەڕێوەبردنیان، لەلایەن دەسەڵاتەوە کارەبا و ئاوی بەردەوامییان بۆ دابینکراوە، ئەمە هەمووی لەسەر بودجەی کۆمەڵگای کوردستانە، ئەمە لەکاتێکدا کە بە هەزاران ماڵ و خێزانی هەژاری کوردستان بێبەرین لە ئاوی پاک و کارەبا!؟ پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە کە ئەم لەشکرە فرەزۆر و زیاد لەپێویستەی مەلایان و مجێوران و فەقێیان و کارمەندانی تری ئه و هەموو مزگەوتانە، بەرهەمییان چییە بۆ کۆ مەڵگا و بۆ پێشکەوتن و بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان!؟ ئەمانە بەئاشکرا بەبەرچاوی دەسەڵات و پارتی و یەکێتییەوە مزگەوتەکانیان کردووە بە شوێنی بەعەرەبکردنی لاوانی کوردستان و بە کارگەی بەرهەمهێنانی تێرۆریستان و بە بنکەی کاری توندڕەوی و توندوتیژیی ئایینییانە. سەکۆی مزگەوتەکان بۆ خوێندنەوەی وتاری ئایینی توندوتیژانە و لەکەدارکردن و ناشیرین پیشاندانی دەسەڵاتی کوردی، بەتایبەتی دژی یەکێتی و پارتی بەکار دەهێنرێن، بەبێئەوەی هەتا ئێستا دەسەڵاتی کوردی و یەکێتی و پارتی هبچ لێپرسینەوە و لێپێچانەوەیەکی یاسایی ئه و کارە توندڕەوییانەی ئه و مەلایانە و ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییە توندڕەوانەیان کردبێت!؟ ئه و گروپە ئیسلامییە سیاسییانە، ئەوەیان بیرچووەتەوە یان لە بیرخۆیانی دەبەنەوە کە هەر (یەکێتی و پارتی و سۆسیالیست و شیوعی و پاسۆک) بوون کە کوردایەتییان دەکرد و لە هەموو شاخ و گوند و شارۆچکە و شارێکی کورستاندا ڕووبەرووی ئه و دوژمنە بەهێز و دڕندە و دەستنەپارێزە دەبوونەوە، هەر ئەم لایەنە شۆڕشگیڕانە بوون به و ڕابردووە پڕ لە خەبات و تێکۆشانەیان، بە خوێنی گەشی هەزاران پێشمەرگەی جەنگاوەر و کۆڵنەدەر، ئەمڕۆیان بۆ دروست کردووین. ئەم ئازادی و ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانییەی ئەمڕۆ ی باشووری کوردستان هەر بەرهەمی کوردایەتی و ڕابردووی پڕ لە تێکۆشان و کۆڵنەدانی ئەوان و هەموو جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستانە، نەک ئەم گروپە ئیسلامییە سیاسییە بەکرێگیراوە تازەدروستکراوانە کە هیچ ڕابردوو و شانازییەکی پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێڕایەتی و تێکۆشانی کوردایەتییان لە کوردستاندا نەبووە و نییە و ناشیان بێت.
ئێمەی هاوبیرانی نەتەوەیی، لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی کوردایەتییەوە، بە ئەرک و فەرمانی سەرشانی خۆمانمانزانی کە ئەم پەیام و هۆشدارییە بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو ئاڕاستە بکەین. ئامانج و مەبەستی ئەم پەیامە تەنها بۆ مانەوە و بەردەوامیی ئەم دەسەڵاتە کوردییەی خۆمان و بۆ پاراستنی ئەم ئازادی و ئاشتی و دیموکراسی و ئارامی و ئاوەدانییەی باشووری کو ڕدستانە، هەربۆیە لێرەوە داوا لە دەسەڵات و لە هەموو جەماوەری تێکۆشەر و دڵسۆزی کوردستان دەکەین کە بەچاوی دوژمن و بەکرێگیراو و نۆکەری دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان سەیری ئەم گروپە ئیسلامییە سیاسییانە بکەن و بە هیچ جۆرێک کۆمەکیان پێ مەکەن و هیچ پشتیوانییەکیان مەکەن. پێویستە دەسەڵات بە بڕیاری یاسایی و بە دادگا و دەستووری کوردستان، ئیسلامیی سیاسیی و هەموو چالاکی و کاروکردەوەیەکی توندڕەوییانە و توندوتیژانەی ئایینی یاساخ بکەن و بۆ هەمیشە جەستەی کورد و کۆمەڵگای کوردستان لەم شێرپەنجانە ڕزگار بکەن.
لە کۆتاییدا پێویستە ئه و ڕاستییەش وەبیر دەسەڵات و پارتی و یەکێتی بهێنینەوە کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا تاکە یەک ڕێکخستنی نەتەوەیی بوونی نییە. دەسەڵات و پارتی و یەکێتی ئامادە نەبوون و نین کە مۆڵەتی یاسایی، بە هیچ پارت و ڕێکخستنێکی نەتەوەیی کوردی و کوردستانی بدەن. شایانی باسە و جێگەی داخ و سەرسوڕمانە کە ڕابردوودا تاکە پارتێکی نەتەوەیی شۆڕشگێر و پێشکەوتنخواز، (پاسۆک) بوو کە هەبوو، ئەویشیان لەنێو پارتیدا تواندەوە و ئێستا لە سەرانسەری باشووری کوردستاندا یەک ڕێکخستنی نەتەوەیی نییە کە دەسەڵات و پارتی و یەکێتی بواری هەبوون و مۆڵەتی کارکردنی یاساییان پێدابێت!؟ ڕێکخستنێکی نەتەوەیی و پێشکەوتنخواز و سەردەمییانە، پێداویستییەکی گرنگ و پێویستی ئەم سەردەمەی ئێستایە بۆ کورد و کوردایەتی. هاوبیرانی نەتەوەیی، چەندین جار داخوازیی مۆڵەتی کارکردنی ئاشکرا و یاساییان لە دەسەڵات و پارتی و یەکێتی کردووە و هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان له و لایەنانەوە وەرنەگرتووەتەوە کە ئەم ڕەفتار و هەڵوێستانەیان بۆ ئێمە و بۆ هەموو کورد و کوردستانییەکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز، جێگای نیگەرانی و گومانە!؟
بەره و ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانیی زۆرتر بۆ کۆمەڵگای کوردستان.
بەره و چەسپاندنی یاسا و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.... بەره و کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان.
هەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
هەر بژی بیری نەتەوەیی کوردی.
سەری ڕێز و ملکەچی بۆ گیانبەخشیووانی ئازادیی کورد و سەربەخۆیی کوردستان دادەنەوێنین.
هاوبیرانی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان
15-05-2011
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=378031&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی پەیامنامەکە و چەند هەڵوێستێکی تر=KTML_Link_External_End=
[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=