(لەم جوڵانەوەیەدا مرۆڤی بەرژەوەندخواز و خۆپەرست جێگای نابێتەوە)
وەک هەموو لایەک دەزانن جوڵانەوەی #نەوەی نوێ# پێش هەڵبژاردنەکان و لەسەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەردەوام باسی لە نەمانی موچەی خانەنشینیی پلە بالاکان دەکرد.
هەروەها پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بەڵێننامەیان واژۆ کردووە بە هیچ شێوەیەک موچەی خانەنشینیی وەرنەگرن. جگە لەوانەش، هەمو کاندیدانی جوڵانەوەکە جی سوێندیان خواردووە هیچ جۆرە موچەیەکی خانەنشینیی وەرنەگرن.
بەڵام سەرباری ئەوانە پەرلەمانتارێک کە بە دەنگی جوڵانەوەکە و سەرۆکی جوڵانەوەکە بووە بە پەرلەمانتار و تەنها 500 (پێنجسەد) دەنگی هێنابوو، ئەمرۆ پێچەوانەی سیاسەت و ستراتیژی جوڵانەوەکە خیانەتی لە خودا و لە سوێندەکەی و لە دەنگدەران و هاوڵاتییانکرد، پەرلەمانتار (#شادی نەوزاد#) دەنگیدا بە خانەنشینیی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکان.
بۆیە لەپێناو هێشتنەوەی ئەخلاقی سیاسیی و ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و دەنگدەرانمان، ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەکە بڕیاریدا بە دەرکردنی پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، چونکە ئەم جوڵانەوەیە جێگای مرۆڤی لەو شێوەیەی تیدا نابێتەوە و ئامانجی جوڵانەوەکەمان خزمەتی هاوڵاتییان و ڕاستگۆیی و هێشتنەوەی بنەمای ئەخلاقییە، نەک خزمەتکردنی گیرفانی خۆمان و بەرژەوەندیی شەخسیی.
هەروەها پێویستە هەموومان بزانین مرۆڤی مەرد و بەڕەوشت لەم ساتانەدا تاقیدەکرێنەوە، لە کاتیکدا بەرژەوەندیی و پارە و پۆست دەخرێتە بەردەستیان، ئەوسا دەردەکەون ئاخۆ خەڵکانی خاوەن مەبدەئن یاخود بەرژەوەندخواز و خۆویست.
ئەنجوومەنی سیاسیی نەوەی نوێ
16-01-2020