دوا بە دوای بابەتی پەیوەست بە دۆسیەی مەجید ئیبراهیم هەروتی، لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی دوای کۆبوونەوەیان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان ئاگادار کردەوە کە لیژنەی لاوەکی پێکدێنن بە پێی ماددەی 30 بڕگەی یەکەم بۆ بە دواداچوونی ئه و کەیسە. بە پێی ماددەی 19 بڕگەی سییەم، ئەرکی سەرپەرشتیکردن و بەدواداچوونی لیژنە هەمیشەییەکانی کوردستان دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە. دوای ڕەزامەندی دەربڕینمان، ڕامانسپاردن کە لیژنە لاوەکیەکان هەماهەنگی بکەن و سەردانی لایەنی پەیوەندییدار بکەن کە لە دۆسییەدا ئاسایشی گشتی بوو لە #هەولێر#.
چەند جارێک بە دواداچوونمان کردوە بۆ کاری لیژنەلاوەکیەکە و ئەندامەکانی پێیان ڕاگەیاندبووین کە کارەکانیان بە باشی بەڕێوە دەچێت و بەرپرسانی ئاسایشی گشتی زۆر هاوکارن و هەماهەنگن و هەموو ڕوونکردنەوەیەکیان خستۆتە بەردەمیان و لە ڕووی مەیدانیشەوە سەردانی شوێنەکان و پزیشکی دادوەر و ئاسایشی #شەقلاوە# کراوە.
دیارە ئەمڕۆ 30 ی 1ی 2020 هەردوو لیژنەی لاوەکی کۆبوونەوەیان هەبووە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئامادەکردنی دوا ڕاپۆرتی کارەکانیان و بەرزکردنەوەی بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان. وە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەندامانی لیژنە ئاگاداری ئێمەیان کردەوە کە هەفتەی ئایندە ڕاپۆرتەکەیان تەواو دەبێت و لە ناوخۆشایندا لە کۆبوونەوەکە باسیان کردوە کە پوختەیەک وەک هەواڵ لەسەر بەرئەنجامی سەردانەکەیان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە لە ئاسایشی گشتی لە هەولێر دەدەنە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان وئێمەش لاریمان نەبووە. تێکڕای لیژنە هەمیشەییەکان و لیژنە لاوەکیەکانیش، لە ڕووی کۆبوونەوه و کارو چالاکیانەوە دەسەڵاتی لیژنەکانە ڕاپۆرتی چالاکی و تەنانەت ڕاگەیەنراوی لیژنەکەشیان لە ماڵپەڕی پەرلەمان بڵاوبکەنەوە.
بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین، کە پەرلەمانی کوردستان لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی دروست نەکردوە چونکە ئەم بابەتە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ ماددەی 43 بڕگەی یەکەم دەبێت لە سەر داوای 1/4 ی ئەندامان یان سەرۆکی پەرلەمان بێت و بە ڕەزامەندی و دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دروست بکرێت.
ئه و نوسینەی لیژنە لاوەکیەکان خستنەرووی هێڵە گشتیەکانی بەرئەنجامی کاری لیژنەکایان بووه و هیچ پێچەوانەی عورفی کاری لیژنەکان نەبووە.
دەمەوێ ئەوەش ڕوونبکەمەوە، بە داخەوە هەر لە سەرەتاوە لێدوانی جیاجیا لەسەر ئەم دۆسیەیە و تۆمەتبارکردنی ئاسایشی گشتی و #پارتی دیموکراتی کوردستان# بە کوشتنی مەجید ئیبراهیم و هەوڵەکانی بەلاریدا بردنی دۆسیەکە و بە حیزبی کردن و بە سیاسیکردنی، سەرەتایەکی خراپی کاری بە دواداچوون بوو بۆ گەیشتنە ڕاستیەکان.
هیمن هەورامی
#30-01-2020#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!