بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی چین کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی چین و وڵاتان لەنێویاندا هەرێمی کورستان و چین دروستکرد، بەجۆرێک ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و چین ڕاگیرا.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و چین تاوەکو کۆتا مانگی ساڵی 2019 ساڵانە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بووە.
جگە لەو بازرگانانەی کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و بازرگانی لەگەڵ چین دەکەن و کەلوپەلی ئەو وڵاتە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانی گەورەی کورد لە خودی چین دەژین و بە فراوانی کاری بازرگانی لە شارەکانی چین دەکەن.
یادگار شێخانی، گەورە بازرگانێکی کوردە ماوەی 10 ساڵە خۆی و خێزانەکەی لە چین دەژین و لەوێ کاری بازرگانی دەکەن، ئەو بازرگانە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە بەخێرایی چینمان جێهێشت چونکە ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی تەشەنەی کرد.
لەبارەی زیانەکانی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لێی کەوتووە یادگار شێخانی، دەشڵێت: من کارم گواستنەوەی کاڵایە لە چین بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ساڵانە ملیۆنێک دۆلار داهاتمە بۆیە وا دەبێتە مانگێک دەستم لەکارەکەم هەڵگرتووە بەمەش لەو مانگەدا زیاتر لە 83 هەزار دۆلار زیانم لێدەکەوێت.
یادگار، نایشارێتەوە ئەو بەتەنیا نییە بەڵکو هاوڕێ بازرگانەکانیشی هاوشێوەی ئەو دەستبەرداری کارەکانیان بوون، دەشڵێت: لەگەڵ هاوڕێ بازرگانەکانم بەشێوەیەکی کاتییە ڕاگرتنی کارەکانمان تا بزانین بارودۆخی تەندروستی ناوچەکە چی بەسەر دێت.
جاسم قاسم، بازرگانێکی دیکەی کوردە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: ماوەی 12 ساڵە هاتووچۆی وڵاتی چین دەکەم کەلوپەلی کارەبایی هاوردە دەکەم پێش مانگێک دەمانزانی ئەم نەخۆشییە هەیە بەڵام بەوشێوەیە بەربڵاو نەبوو بەڵام هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵ لە شارەکانی دیکەی چین ئێمەش کەوتینەخۆمان و گەڕاینەوە هەرێمی کوردستان.
جاسم، دەشڵێت: ڕاستە کاری ئێمە لەگەڵ چینە بەڵام مانای ئەوە نییە چیتر کارنەکەین بەڵکو بەردەوام دەبین لەگەڵ وڵاتی دیکە وەک تورکیا و ئیمارات دەتوانین بەردەوام بین و لەوێوە کەلوپەلی کارەبایی هاوردە دەکەین.
شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا کە نەخۆشییەکە زۆر بە خێرایی تەشەنەی کردووە بازرگانانی هەرێمی کوردستان کارەکانیان لەگەڵ وڵاتی چین ڕاگرت، تەنانەت هیچ کەلوپەلێکیش هاوردە ناکەن تاوەکو ڕەوشی تەندروستی ئەو وڵاتە ئاسایی دەبێتەوە.
سەبارەت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان و چین مستەفا عەبدولڕەحمان، ڕایگەیاند: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە 5 ملیار دۆلارە، بەڵام بەهۆی وەستانی ئاڵوگۆڕییەکە ئەمساڵ ئەو ڕێژەیە زۆر کەمدەکات.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری بازرگانی لە #وەزارەتی بازرگانی# ڕاگەیاند: ڕاگرتنی هاوردەکردنی کەلوپەلی چینی بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی وەها دروست ناکات چونکە زۆربەی ئەو شتومەکانەی لە چین هاوردە دەکرێن کەلوپەلی کارەبایی و ئەلیکترۆنی و جوانکارین، ئەمانەش پێویستی سەرەکی نین و بەدیلیشیان هەیە.
نەوزاد ئەدهەم، ڕاشیگەیاند: کاتێک خەڵک بایکۆتی کاڵای تورکی کرد دەرگا بەڕووی وڵاتانی دیکە فراوانتر بوو بۆیە گەلێک وڵات ئێستا کەلوپەل و کاڵاکانیان هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەن.[1]
#03-02-2020#