لە شاری #ورمێ#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نرخی هەندێک دەرمان بە ڕادەیەک گرانبووە کە پرۆسەی چارەسەری بۆ هەندێک لە هاووڵاتیان ئەستەم کردووە، ئەوان داوا لە حکوومەت دەکەن کە دەرمانیان بۆ دابین بکات یان لانیکەم چاودێری بازاری دەرمان بکات.
نەخۆشکەوتن ئازارێک و کەمی یان گرانی دەرمانیش ئازارێکی دیکەیە، کە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵی بەرەوڕوون، ئێستا چارەسەری هەندێک نەخۆشی کۆشندە دەست ناکەوێت، یان بە ڕادەیەک گرانە کە هەموو کەس توانای دابینکردنی نییە، ئەگەرچی بەشێک لە هاووڵاتیان بیمەی تەندروستیان هەیە، بەڵام کەمی دەرمان لە بازاڕ وایکردووە کە بیمە نەیگرێتەوەو هەمووان دەبێ بە ئازاد بەدوایدا بگەرێن.
هەرچەندە بەشێکی زۆر لە دەرمانی ئێران بەرهەمی ناوخۆیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نرخەکان بەرادەیەک بەرزبوونەتەوە کە بەردەوامبوون لە پرۆسەی چارەسەری بۆ بەشێک لە هاووڵاتیان ئەستەم کردووە، لەگەڵ ئەوەش ئەگەرچی ئەمەریکا دەڵێ کەرتی تەندروستی و داودەرمانی ئێرانی گەمارۆ نەداوە، بەڵام پزیشکان ڕایدەگەیەنن، کاریگەری گەمارۆکان بە بازاڕی دەرمانەوە دیارە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کە لە ڕێگەی سویسراوە دەرگای دابینکردنی دەرمان و پێداویستی تەندروستی بە گشتی بۆ ئێران دەکەنەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان زەرەرمەندی گەمارۆکان نەبن، لەگەڵ ئەوەش بەرپرسانی ئێران کەم و گرانی و نەبوونی دەرمانی پێویست بۆ گەمارۆکانی ئەمەریکا دەگەڕێننەوە.[1]
#06-02-2020#