شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا ڕۆژی چوارشەممە 19/2/2020 لە ئەنقەرە چاوی بە مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا کەوت، لە دیدارەکەدا چاوشئۆغلۆ جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی، بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی سووریا لەپێناو گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بەگوێرەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تەواوی گەلی سووریا بەبێ جیاوازی نیشاندا، هەروەک ئاماژەی بە گرنگی ئەنجوومەنی نیشتیمانی دا، وەک نوێنەرێکی شەرعی گەلی کورد و ڕۆڵەکەی لە پرۆسەی سیاسی و جەختی لەسەر پشتگیری وڵاتەکەی بۆ مافەکانی کورد و دەستەبەرکردنی ئه و مافانە لە دەستووردا کردەوە، هەروەها باسی نەهامەتییەکانی خەڵکی ناوچەکانی بوونی هێزەکانیان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە لە #عەفرین#، #گرێ سپی# و سەرێ کانیێ کرد.
چاوشئۆغلۆ جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی ئه و ڕێکارانەی چەکداران و پێداگیری لەسەر گرنگی بەسزاگەیاندنیان کردەوه، وێڕای ڕەتکردنەوەیان بۆ هەر گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی و گرنگی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.
لای خۆیەوە شاندی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا دیدگای خۆی بۆ چارەسەری سیاسی لە وڵات، گرنگی کاراکردنی پرۆسەی سیاسی و داڕشتنی دەستورێک، کە لەگەڵ دۆخی خەڵکی سووریا بگونجێت، خستە ڕوو، بە شێوەیەک کە مافی نەتەوەی کورد و تەواوی پێکهاتەکان له و دەستوورەدا جێگیر بکرێن.
ئەنجوومەنەکە داواشی لە تورکیا کرد، هاوکارییان بکات لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەنجوومەن و ئیئتیلافی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەبارەی وەستاندنی ئه و پێشێلکارییانەی دەرهەق بە خەڵکی عەفرین، سەرێ کانیێ و گرێ سپی دەکرێت و ئاسانکاری بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەنجوومەنەکەیان هەر گۆڕانکارییەکیش له و ناوچانە ڕەتدەکاتەوە.
هەروەک شاندەکەیان ڕێزی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی ملیۆنان پەنابەری سووری و حەواندنەوەیان لە تورکیا و پشتیوانی ئه و وڵاتە بۆ ئۆپۆزسیۆنی سووریای بۆ لایەنی تورکیا نیشاندا، داواشیان کرد، لێکتێگەیشتنی زیاتر بۆ خزمەتکردنی ڕۆڵەکانی گەلی سووریا بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی هەبێت، لە پێناو تێپەڕاندنی نەهامەتییەکانیان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارام بۆیان.
دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشمانی کورد لە سووریا[1]
#19-02-2020#