• لە ڕۆژی چوارشەممە 2020/2/26 ەوە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان (حکومی و تایبەت) پشووی فەرمی دەست پێدەکات.
• سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان : هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/2/25 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگارەکانی هەرێم و سەرپەرشتیاری هەردوو ئیدارەی #گەرمیان# و ڕاپەڕین، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی میونیخ و دیداری پاپای ڤاتیکان و بەرپرسە باڵاکانی ئیتالیا. سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە پێشوازییەکی شایستە و گرنگ لە شاندی هەرێم کرا کە نیشانیدا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوی ڕێزەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پێزانینی هەیە بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تووندڕۆیی و بەیەکەوەژیانی ئایینی.
پاشان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدرال کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ تەنیا دامودەزگا فەرمیی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیار لە سەر شێوازی بەشداریی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بدات و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوهەڵوێستن لە سەر ئەم بابەتە.
کۆبوونەوەکە هەروەها گفتوگۆی دەربارەی پلان و هەنگاو و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد. وەزیری تەندروستی دوکتۆر سامان بەرزنجی ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین زانیاریی و پێشهاتەکانی ڤایرۆسەکە و کێشە و پێشنیارەکانی چارەسەریی پێشکەشکرد. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە سەلامەتی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران لەمبارەیەوە بڕیاریدا :
• ڕۆژانە زانیاریی دروست و ڕێنمایی پێویست لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بە ڕای گشتی بدرێت.
• لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 2020/2/26 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە وباخچە و پەیمانگا حکومی و تایبەتییەکانی هەرێمی کوردستان تا ڕۆژی 2020/3/10 بکرێتە پشوو، سەبارەت بە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتەکانیش لە ڕۆژی شەممە 2020/2/29 تا 2020/3/10 پشووی فەرمی دەبێت. دواتریش لە 11 تا 23 /3/ 2020 پشووی ساڵانەی بەهار دەبێت و لە ڕۆژی 2020/3/24 پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە. هەردوو وەزارەتیش سەرپشک دەکرێن بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕۆژانی پشوو لە چوارچێوەی ئەمساڵی خوێندندا.
• بڕیاردرا گەشتی ناپێویست لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەی عێراق دێنە هەرێم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سنووردار بکرێت و پشکنینی پێویستیش بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە دێنە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
• بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە قۆرخکردن و گرانکردنی شتومەک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نادرێت و ڕێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر. چاوپۆشیش لە پشکنینی پزیشکی ئەوانەش ناکرێت کە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.
• حکومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات کە گشت پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دابین دەکات وجموجۆڵی بازرگانی بەردەوام دەبێت بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان.
• ئەنجومەنی وەزیران، #وەزارەتی دارایی# و ئابووری ڕاسپارد کە پێداویستی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکات. پێشنیارەکانی هەردوو #وەزارەتی ناوخۆ# و تەندروستیش پەسەند کران و هەردوو وەزارەتەکە ڕاسپێردران بۆ جێبەجێکردنیان.
• ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات کە هاوکاری جێبەجێکردنی پلان و ڕێنماییەکانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت بن و ڕێنماییەکانی خۆپارێزییش لەبەرچاوبگرن و جێبەجێی بکەن.
#25-02-2020#