داخستنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەڕووی گەشتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و قەدەغەکردنی هاتنی گەشتیاری خواروو و ناوەڕاستی عێڕاق بە گروپ کاریگەری لەسەر ڕێژەی گەشتیاران و داهاتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
لە سێ ڕۆژی ڕابوردوو بڕیاری هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ڕاگیرا دوای ئەوە هاتنی گەشتیاری عەرەب لەڕێگەی گروپی گەشتیاری قەدەغەکرا.
لەداتاکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار دەرکەوتووە، ساڵی ڕابوردوو 3 ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، داهاتی ڕسووماتی گەشتیاریش 4 ملیار و 700 ملیۆن دینار بووە دەستەی گەشتووگوزار ئامانجیان بوو ئەمساڵ هەم ڕێژەی گەشتیار و هەمیش داهات زیاتر بێت بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستاوە ئەو ئامانجەی ڕاگرتووە.
نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە دوارۆژی ڕایگەیاند: بێگومان بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران و وڵاتانی جیهان کاریگەری کردۆتە سەر هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان.
وتیشی: بڕیاری قەدەغەی هاتنی گەشتیاری ئێران و گروپاتی گەشتیاری شارەکانی عێڕاق ڕاستە بۆ خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام زیانێکی زۆر لە داهاتی ڕسووماتی گەشتیاری و هاتنی ڕێژەی گەشتیاران دەدات چونکە زۆرترین گەشتیار لەڕێگەی پاسەوە بە گروپ دێن نەک بە تاک.
هەر بەپێی داتاکانی دەستەی گشتی گەشتووگوزار، لە هەرێمی کوردستان 1685 هۆتێل، مۆتێل، گوندی گەشتیاری، ڕێستۆرانت و چێشتخانە هەن.
شوکر عەزیز، جێگری بەڕێوەبەری لقی #هەولێر#ی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: پێش ئەوەی بڕیاری ڕاگرتنی هاتنی گروپاتی گەشتیاری خواروناوەڕاستی عێڕاق بدرێت ژمارەی گەشتیاران هێندە زۆر بوون شوێنی گەشتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشیان پڕکردبووەوە، چونکە گەشتیارانی ئێران لەسەدا 10% کۆی گشتی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بوون.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەو بڕیارانە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر کاری میوانخانە و چێشتخانەکان چونکە زیاتر کاریان لەگەڵ گروپەکانی گەشتیاری بووە.
وەیسی سەعید، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی فامیلی گەشتیاری بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەو بڕیارەی حکومەت ڕاستە کاری ئێمە ڕادەگرێت، بەڵام جێگەی دەستخۆشیە چونکە بەڕاستی تەندروستی خەڵک و خۆمان گرینگترە لە کارەکەمان.
ڕاشیگەیاند: هەرچەندە ئێمە پەیوەندی باشمان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی هەیە کە بەبێ گروپ سەردانمان دەکەن و قازانجیشی باشترە بۆ ئێمە بەڵام هێشتاش ئێمە ئامادەکاری باشمان کردووە بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە و ڕۆژانە تەواوی ژوورەکان و ناو کۆمەڵگاکەمان لەڕێگەی دەرمانی دژە ڤایرۆس پاک دەکرێنەوە.
عەبدولڕەحمان محەمەد، خاوەنی هۆتێل دایەنێست بۆ دواڕۆژ دەڵێت: سەرباری ئەوەی وەرزی هاتنی گەشتیار نییە و بەهۆی ئاڵۆزی شارەکانی عێڕاق و پشووەکان گەشتیارێکی زۆر دەهاتن بۆ هەرێمی کوردستان کە ئەوە داهاتی بۆ ئێمە باش بوو بەڵام ئەوەشیان نەهێشت.
عەبدولڕەحمان، دەشڵێت: لەسەدا 90% ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئێمەیان دەکرد لەڕێگەی گروپاتی گەشتیارییەوە بوو بۆیە ئێستا ئەو ڕێژە زۆرەی گەشتیارمان لەدەستدا.
لەبارەی داخستنی هۆتێڵەکان ئاماژەی بەوەشدا: ئەگەر ئەو بڕیارە یەک مانگ درێژە بکێشێت بەدڵنیای نەک هەر من زۆربەی هۆتێلەکان دادەخرێن چونکە خەرجی هۆتێل ئاسان نییە و کەم نییە.[1]
#26-02-2020#