#پژاک# ڕایدەگەیەنێت، کە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەکی وڵاتپارێزیی خاوەندارییان لە بڕیاری بایکۆتی پژاک و حزبەکوردییەکانی تر کرد و هەڵوێستی خۆیان نیشاندا.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، دەربارەی دەربارەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 21ی ئەم مانگەی ئێران، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا، کە بە فەرمیی 42٪ ڕاگەیەندراوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پژاک کەتووە، 25٪ بۆ 30٪ بەشدارییان کردووە و تیایدا هاتووە:ئەو هەڵبژاردنە بەهیچ جۆرێک بەپێی پێوانە نێودەوڵەتییەکان نییە و هیچ ڕەگەزێکی یاسایی تێدا بەجێنەهاتووە.
پژاک، ئاماژە بۆ هەڵوێستی گەلانی ئێران دەکات، کە بە بایکۆتکردن لەبەرامبەری سیستمی ئایدۆلۆژیی ئێران وەستانەوە و ئەو هەڵوێستە پیرۆز ناودەبات.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە، کە ئەگەر چی وەک پژاک چەندین جار ڕێگای چارەسەریی قەیرانەکانی ئێرانیان خستووەتە ڕوو، بەڵام حکومەتی ئێران لەبەرامبەر داخوازییەکانی گەل لە دۆخێکی چەقبەستوودایە و بە فشار و سیناریۆی جۆربەجۆر دەیەوێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە.
هەروەها هاتووە: بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای ئێران بە واتای ئەوە دێت، ئیدی گەل باوەڕی بە هیچ باڵێکی ڕژێم نییە، چ بناژۆخواز و چ میانڕەو و چ ڕیفۆرمخواز، هەروەها نیشانیاندا کە ترس و تۆقاندن و فشار و کوشتن ناتوانێت هیوای ئازادییان تێدا بکوژێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەکی وڵاتپارێزیی و نیشتیمانی خاوەندارییان لە بڕیاری بایکۆتی پژاک و حزبە کوردییەکان کرد و لایەنە دیموکراسییەکان کرد و هەڵوێستی خۆیان نیشاندا، ئەمە هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو، بەڵام لێرە بەدواوەش پێویستە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامیی بەو ڕۆڵەیان بدەن و پێشەنگایەتیی بۆ تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسیی لە ئێران بکەن.[1]
#26-02-2020#