ئەم کتێبە کارێکی هاوبەشی هەردوو نووسەر د. #سەردار عەزیز# و #کامەران سوبحان#ە، لە 240 لاپەڕە پێکهاتووە و لە چاپخانەی کارۆ چاپکراوە.
هەردوو نووسەر لە پێشەکییەکی هاوبەشدا کە بۆ کتێبەکەیان نووسیووە دەڵێن: نووسینەکانی من (سەردار عەزیز) لەم کتێبەدا، بەشێکە لەو پرۆژەیەی کە ساڵانێکی زۆرە بە خشکەیی کاری لەسەردەکەم، ئەویش پرۆژەی نووسینەوەی ژیانی ئەوروپامە. من لە بیستەکانی تەمەنمدا چوومە ئەو کیشوەرە. بە مانایەکی تر، زیاتر لە نیوەی تەمەنم لەوێ بەسەر بردووە. ئەو خوێنەرە بەرێزانەی کە کتێبی شوناسێکی بێ ئۆقرەیان خوێندبێتەوە بە شێواز و زمان و جۆری نووسینەکە شارەزان.
نووسینەکانی من (کامەران سوبحان) لەم کتێبەدا، بەشێکە لە یادەوەرییەکانی بینین، لە ڕامان و وردبوونەوە، لە خایاڵ و دڵەڕاوکێ، لەو چیرۆکانەی پێیەکیان لەناو خەیاڵ دایە و پێیەکەی تریان لەناو واقیع. کارەکتەرەکانیشی بەهەمان شێوە، هەندێکیان ناویان هاتووە و دەناسرێن، هەندێکیان لە توخمی کارەکتەرەکانی نووسەر ئەڵمانی برتۆڵد برێخت کە لە کۆڵانەکانی ژیان و بەرەکانی جەنگ و چایخانەو چێشتخانەکانەوە، هێنراونەتە ناو تێکست و خەیاڵدانی کتێب و گێڕانەوەکەوە.
کاری پێکەوەیی دیاردەیەکی ناباو نییە، بەڵکو هەتا بێت زیاتر و زیاتر دەبێتە باو. خەڵکانێکی زۆر هەن کە پرۆژەی فیکیری و ئەدەبیی گەورەیان کردووە، دۆلۆز و گواتاری زۆر کتێبی گرنگ و ئالۆزیان پێکەوە نووسیووە. [1]