دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم و، لێدوانی پارێزگاری #سلێمانی# و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان؛ ڕۆژی یەکشەمە (1ی 3ی 2020) چوار حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی تۆمارکران، ئەم حاڵەتانەش دوای تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی هەمان نەخۆشی دێت لە عێراق و پارێزگای #کەرکووک#.
تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشیە ڤایرۆسیە لەسەر ئاستی جیهان و وڵاتانی دراوسێ؛ لێمان دەخوازێت وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی سیاسیی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئاینی بەشدار و هاوکار بین بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و، پشتوانی وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدرەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی حاڵەتەکان و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.
لەم چوارچێوەیەدا، داوا لە ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، هەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و پشتیوانان دەکەین پابەندی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:
1. بۆ کاروباری ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندی ڕاستەوخۆ نەهێڵدرێت. تەنیا لە حاڵەتی زۆر پێویست و بە ڕەزامەندی دوو ئۆرگان یان زیاتر نەبێ بینین و کۆبونەوە و دیدارەکان تا ماوەیەک دوابخرێ، هاوکاتیش سەردانی هەڵسوڕاوانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مەکۆی سەرەکی لە سلێمانی ڕابگیرێت و، هەموو پەیوەندیەکان لەرێی تەلەفۆن و ئیمەیڵ و ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی ناراستەوخۆ ئەنجام بدرێن.
2. هەموو هەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و پشتوانان هاندەدەین لە شار و شارۆچکە و لادێ و شوێنە جیاوازەکان وەک ئەرکێکی خۆبەخشانە هاوکار و یارمەتیدەری کارای وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێم و عێراق بن بۆ ڕێگریکردن لە زیادبونی حاڵەتەکان.
3. داوا لە هەموو ئەو هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازانە دەکەین کە لە مانگی ڕابردودا بەهەر هۆکارێک سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردوە؛ بە زووترین کات پەیوەندی بە دامەزراوە تەندروستیەکان بکەن و خۆیان بناسێنن و پەیوەست بن بە ڕێوشوێن و پشکنین و ڕێنماییە پزیشکەکان.
4. ئەرکی ئۆرگان و پشتیوانانی مرۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و میدیاکانی ئەوەیە بەرپرسیاریانە مامەڵە لەگەڵ زانیاری و داتاکانی نەخۆشی کۆرۆنا بکەن. واتە بەبێئەوەی ترس و دڵەراوکێ لەناو خەڵک بڵاوبکەینەوە، ببینە هۆکارێک ئەرێنی بۆ بڵاوبونەوەی هۆشیاری تەندروستی و، ڕێگاکانی خۆپارێزی و ئازایانە ڕوبەڕووی ئەم نەخۆشیە ببینەوە و کۆمەڵگا و خەڵکەکەمان لەم درم و نەخۆشیە بپارێزین. هاوکاتیش لە سۆشیالمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەهیچ جۆرێک زانیاری بێ بنەما بڵاونەکەینەوە کە سەرچاوەکەیان نافەرمی و لە دەرەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمەوە بەیان کرابێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
#01-03-2020#