جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان
بە بۆنەی بیست و نۆيەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ئازاری 1991وە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانييان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەم.
ڕاپەڕین کە یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی مێژووی گەلەکەمان، دەربڕی باوەڕ و خواستی گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەرفرازانە و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری بوو، ترۆپکی خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی گەل و یەکێتی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان بوو، پاراستنی دەستکەوتەکانیشی، ئەرک و بەرپرسیاريەتیی هەموو لایەن و پێکهاتە و هەموو تاکێکی کوردستانە و وەفادارییانە بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان و هەموو قوربانیيانی ڕێگای ڕزگاریمان.
کوردستانیيانی ئازیز،
گیانی خۆڕاگری و بەرەنگاریی دلێرانەتان سەرباری ئه و لێبوردەییەی لە ڕاپەڕیندا نواندتان، زادەی هەمان ئەو کولتوورە مرۆڤدۆستانەیە کە ئیلهامبەخش و نەخشەڕێی سەرجەم بەرخودان و شۆڕشەکانی کوردستان بووە بە ڕاپەڕینیشەوە. خەباتی ئێوە، هەمیشە هەڵگری باوەڕ و نەریت و بەها و جیهانبینییەکی بەرز بووە کە شایانی ئەوەن نەوە بە نەوەی ئەم گەلە، شانازییان پێوە بکەن. ئەوە ڕاپەڕین و خواستی ئێوە بوو کە سەلماندی مەحاڵە هیچ زەبر و زەنگ و سەرکوتکارییەک بتوانێ شکۆ و خواستی گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی سەرفرازانە و ئامانجە نیشتمانیيەکانی، بشکێنێ.
کوردستانیيانی خۆشەویست،
ڕاپەڕین بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستیەیە کە یەکڕیزی و تەبایيی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان و ئاشتەوایيی ناوخۆ، هەمیشە گەلەکەمانی بەرەو سەرکەوتن و سەرفرازیی زیاتر بردووە، بۆیە بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە نیشتیمانیيەکان و مسۆگەرکردنی ژیانیکی شایستە بە خەبات و قوربانیيەکانی گەلەکەمان و ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانمان، دەبێ هەوڵی هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستان، لە خزمەتی پتەوکردنی زياتری گیانی تەبایی و بنەماکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتیخوازیدا بێت.
با یادی ڕاپەڕین وزە و ئیرادەی زیاترمان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و خزمەتکردن بە گەل و وڵات پێ ببەخشێت.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری 1991.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
#04-03-2020#