لە بیست و نۆیەمین ساڵیادی ڕاپەرینی بەهاری 1991ی کوردان، گەرمترین پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە لە تەواوی کوردستانیان دەکەم و ئاواتەخوازم هەموومان بەردەوام بین بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەرنامەکانی ئەم ڕۆژە مێژووییە.
29 ساڵ لەمەوبەر لەکاتێکدا ڕژێمی بەعس لە لووتکەی دەسەڵات بوو، دڕندایەتییەکانی پەلی دەهاوێشت بۆ وڵاتانی دەوروبەرو لە ناوەوەش بە دڕندانەترین شێوە خەریکی کۆمەڵکوژی کورد بوو، بە بەرنامەیەکی چڕوپڕی بەرەی کوردستانی و بە بەشداری سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان توانرا پلانی ڕاپەرین دابڕێژرێ و لە ڕانیەی دەروازەوە بە بەشداری خەڵکی سڤیل و شانە چەکدارەکان و ڕێکخستنەکانی ناوشار کڵپەی ڕاپەڕین گڕی گرت و بەعسی ڕاونا.
لە ڕانیەوە بۆ کەرکووک لە ماوەیەکی کەمدا سەرجەم دام و دەزگاکانی بەعس ڕامالران کوردستان پاککرایەوە لە بەعس و بۆ یەکەمجار کورد توانی هەناسەیەکی ئازاد هەڵمژێ و هەنگاو بنێ بەره و دیموکراسی و حوکمڕانی خۆماڵی.
کوردستانیانی خۆشەویست...
بیست و نۆ ساڵ لەمەوبەر، سەرباری بێزاری تەواوی هاووڵاتیان لە زوڵم و زۆری بەعس، وەلێ یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ڕاپەڕین یەکگرتوویی و یەک بەرنامەیی هێزە کوردستانییەکان بوو کە گڕوتینێکی جیاوازی بە ڕاپەڕینەکەخشی و سەریخست.
ئەمڕۆ لە دۆخی نوێی ناوچەکە و سەروەختی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە هەموو شت گرنگتر یەکگرتوویی کوردە، ئەرکە لەسەر هەموومان خاوەنی بەرنامەیەکی کوردانە بین و لە خەمی خەڵکی خۆمان بین و باشترین خزمەتیان بکەین، جوانترین وانەی ڕاپەڕین کە دەبێ لێوەی فێربین یەکگرتوویی خۆمانه و تەنها بەیەکگرتوویی دەتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین.
ساڵیادی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان بە دەرفەت دەزانم سوپاسی تایبەتی خۆم ئاراستەی سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکان بکەم کە لە بەغدا یەکدەنگی و یەکگوتاری کوردیان سەلماندو هەموو پێکەوە داکۆکیان لە مافەکانی گەلەکەمان کرد، ئەرکە لەسەرمان لە سەرجەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان هاوهەلوێست بین.
جارێکی تر پیرۆزبایی لە کوردستانیان دەکەم و دروود دەنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەڵێنیان پێ دەدەین کە درێژەپێدەری ڕێبازەکەیان دەبین و سڵاوی تایبەتم دەنێرم بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەرە دێرینەکان و شانە چەکدارەکان و ڕێکخستنە نهێنییەکان.
#کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی#
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#05-03-2020#