د.هیوا ئەحمەد مستەفا پزیشکی شارەزای نەخۆشییەکانی خوێن ڕایدەگەیەنێت، وەک لە میدیاکان دەرکەوتووە شاری #سەقز# کەوتووەتە قەیرانەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بۆیە پێویستە تازووە ڕێگری لەوەبکرێت بۆ ئەوەی هەمان شت بەسەر ئێرەدا نەیەت.
=KTML_Mark_Begin==KTML_Bold=داواش لە سەرۆکی حکومەت دەکات، کارەکە بە نیوەچڵی بەجێنەهێڵن و تا زووە و کار لەکار نەترازاوە هەموو هەرێمی کوردستان قەرەنتینە بکەن بۆ ماوەی یەک هەتا دوو مانگ.=KTML_End==KTML_Mark_End=
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بۆ خاوەندارانی ئەم هەرێمە هەر لە سەرۆکەوە تا تۆی خوێنەری بەڕێز
تکایە کارەکە بە نیوەچڵی بەجێمەهێڵن تا زووە و کارلەکارنەترازاوە هەموو هەرێمی کوردستان قەرەنتینە بکەن بۆ ماوەی یەک هەتا دوو مانگ.
بەڕێزان و ئازیزان زۆر بەداخەوە وەک لە میدیاکان دەرکەوتووە شاری سەقز کەوتووەتە قەیرانەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ، بۆیە پێویستە تازووە ڕێگری لەوەبکرێت بۆ ئەوەی هەمان شت بەسەر ئێرەدا نەیەت.
لێرە نیوە خۆپارێزیەک ڕاگەیاندراوە کە شایانی دەست خۆشی و جێگەی ئومێدە بەڵام من وەک پزیشکێک کارەکان بە نیوەچڵی دەبینم هەم لەلایەن حکوومەتەوە هەم لەلایەن هاووڵاتییانەوە.
بزانن ئازیزان ئێمە کە جگەرگۆشەکانمان دەبەین بۆ وەرگرتنی دەرزی پێکوتە vaccine ڕەنگە بە هاتوهاواری ئەوان ناڕەحەت بین بەڵام چونکە دەزانین سوودی خۆیانە گوێی پێنادەین، هەرچەندە کە کارمەندی پزیشکیش پێمان دەڵێت کە منداڵەکانمان لەوانەیە تووشی تا و ئازاریش ببێت. ڕێکاوڕێک وەک ئەو میللەتە ڕەنگە سەرەتا بەرهەڵستی بکەن و نیگەران بن بە بڕیاری قەرەنتینەکردنیان بەڵام دواتر کە بەرهەمی کارەکە دەبینن زۆر خۆشحاڵ دەبن.
لێرە دەرگای مزگەوت داخراوە کە پیرۆزترین جێگەیە بۆ زۆرینەی خەڵکی و (من وەک پزیشکێک بەر لەو بڕیارە ڕامگەیاندبوو کە بۆ ماوەیەک ناچم بۆ مزگەوت و) ئەوەش بە خێرێکی گەورەتر دەبینم لە چوون بۆ مزگەوت چونکە ژیانی خودی خەڵکی موسڵمان دواتر هەموو کۆمەڵگە بەو کارە پارێزراو دەبێت.
مادام لەوەیان سەرکەتوو بوون دڵنیابن کە لە بڕیاری قەرەنتینەکردنی سەرتاسەرییش سەرکەوتوو دەبن. داخستنی دەرگای مزگەوتەکان کارێکی ناتەواوە بەبێ قەرەنتینەکردنی سەرتاسەری بڕوانن شارێکی وەک وهانی نۆ ملیۆن کەسی لە یەک کەسەوە تووشی ئەم پەتایە بوو دواتر بینیمان چۆن دەتوت بیابانی چۆڵە و کەس لە دەرەوە نەدەبینرا و کوندەپەپوو تێیدا دەیخوێند. دواجار وڵاتی چین توانی کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکات و ئێستا هاووڵاتییانی خۆی لە ئێران دەکشێنێتەوە کە بەڕاستی پێویستە ئێمەش چاو لە یەکێک لەم دووڵاتە بکەین یان چین یان ئێران و ئەو بڕیارەش کەوتووەتە سەرشانی هەموو لایەک بەوورد و درشتەوە.
بزانن ئازیزانم وەک ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ڕایگەیاندووە لە هەر بیست کەسێک کە تووشی کۆڕۆنای نوێ دەبن شازدەیان بەسووکی دەیگرن (بەڵام دەبنە قوڕبەسەری بۆ خەڵکی تر چونکە دەیگوازنەوە)، سیانیان تووشی هەوکردنی تووندی سییەکان دەبن و یەکێکیش لەو بیست کەسە دەکەونە حاڵەتێکی مەترسیدار. پێشبینی بکە بۆ هەر بیست کەسێک لە خزمان و دۆستانت تەنیا 16 یان بەتەواوی سەلامەت بن چەندە ئازاربەخشە ئەوەندەش ئاسانە بوەستێنرێت تەنیا بە قەرەنتینەکردنی سەرتاسەری.=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:20%;float:left;=KTML_Quote_Icon=📌=KTML_Quote_Content=ئێمە کە نەتوانین لە چارەسەرکردن یەکەمی جیهان بین بەڵام دەتوانین لە خۆپاراستن یەکەم بین وەک وڵاتی چین و پێش هەندێک وڵاتی ئەرووپیش بدەینەوە=KTML_Quote_End=
ئێمە کە نەتوانین لە چارەسەرکردن یەکەمی جیهان بین بەڵام دەتوانین لە خۆپاراستن یەکەم بین وەک وڵاتی چین و پێش هەندێک وڵاتی ئەرووپیش بدەینەوە بەتایبەت کە وەزیری تەندرووستی هەرێم بەڕێز دکتۆر سامان بەرزنجی پسپۆڕیەکەی تەندرووستی کۆمەڵە و باشتر لە بابەتەکە شارەزایە.
ئازیزانم هاوڕێیەکم لە وڵاتی چین کە بۆ خوێندن لەوێیە دەڵێت چەندان کەس بۆ ماوەی یەک مانگ نەهاتنە دەرەوە تەنانەت بۆ سەرتاشخانەش بۆیە گەیشتنە ئەم دەرەنجامە لە ملیارونیوێک چەند هەزار کەسێک تووش بوون. بەڵام ئێران کە خۆپاراستنی بە نیوەچڵی کرد بووەتە پەندی زەمانە و تەنانەت ڤایرۆسەکەی بۆ کیشوەرەکانی تریش ڕەوانە کرد، زۆر بەداخەوە کە جگە لە نزای خێر بۆیان هیچمان لەدەست نەماوە. تا درەنگتر نەبووە زوو بەخۆ بکەون چونکە ئەو ڤایرۆسە لە وەرزی گەرمادا کەمتر دەگوازرێتەوە و تا زستانی دابێت ان شا و الله یان چارەسەر یان پێکوتەی خۆپاراستن دەدۆزرێتەوە.
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە مەبەستم لە قەرەنتینەکردن quarantine بریتییە لە ڕاگرتنی هەموو جموجووڵێکی خەڵکی لە ناوەوە و دەرەوەی شارەکان، دانانی مەفرەزە بۆ ڕێگەگرتن لە هەر جوڵەیەکی نا پێویست، داخستنی مۆڵ و بازاڕ و تەواوی شوێنە گشتییەکان جگە لەو شوێنانەی کە خۆراک و سووتەمەنی دەفرۆشن، لەژێر چاودێری تەندرووستی تووندوتۆڵدا بکرێنەوە.
سەرەتا بۆ دوو حەفتە ڕابگەیەنرێت دواتر بە گوێرەی ئامار و هەڵوێستەکان درێژبکرێتەوە. لە کۆتاییدا سەرنجێکم بۆ نوێژخوێن و بازرگانە بەڕێزەکان، ئەگەر لێتان بپرسین بۆ ماوەی یەک مانگ نەچنە دەرەوە و بەو کارە ژیانی هەزاران کەس لە مردن ڕزگار دەکەن هەڵوێستتان چۆن دەبێت؟
دوا سەرنجم بۆ پزیشک و کارمەندانی بەڕێزە کە دڵنەوایی خەڵکی دەکەن، ئایا سیاسەتی نەعامە تان بەدڵە؟ کە وەکوو کەوباڕە سەری خۆی دەخاتە ژێر کونێکەوە تاوەکوو دوژمن دەڕوات یان دەیگرێت!
ئایا وشیارکردنەوەی خەڵکی بە وتنی ڕاستی گرنگترە یان دڵخۆشکردنیان تا دەکەونە چاڵەکەوە ؟
ئایا بەراورد کردنی کۆڤید 19 بە نەخۆشی هەڵامەت و جگەرە و مەشروب و ڕووداوەکانی هاتوچۆ کارێکی زانستییە؟
ئەوەی بە جگەرە و ڕووداوەکانی تر دەمرێت هەر دەمرێت بەڵام ئەمجارەیان کۆڕۆناشی بۆ زیاد دەبێت.
خوێنەری بەڕێز ئەم بابەتە بڵاوبکەوە ڕەنگە لەگەڵ هەر کلیکێک ژیانی کەسێکی ئازیزت لە مردن ڕزگار بکەیت بە تایبەتیی بە تەمەنەکان کە پێویستە بە ئەمەک بین لەگەڵیان بۆ ئەوەی کە ئێمەش پیر بووین چاوەڕێی ئەمەکی نەوەی داهاتوو بین.[1]