بە بۆنەی 8 ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان
بە هەزاران ساڵە ژنان لە بەرامبەر زهنیەتی پیاوسالاری لە بەرخۆدان دان و بەردەوامی بە تێکۆشان ئەدەن. هەرە زۆر ژنان بە هۆی مودێرنیتەی کاپیتالیزم و سیستەمی دەوڵەتنەتەوە لە بەهاکانیان و لە ئازادی خۆیان دوورخراونەتەوە.
دەسەڵاتداران لە بەر بەرژەوەندی خۆیانەوە بەردەوامی بە کوێلەکردنی ژنان و کۆمەڵگا بە گشتی ئەدەن و ژن وەکو ئامراز بەکاریان هێناوه. ئێمە باش ئەزانین کە هەتا ژن ئازاد نەبێ کۆمەڵگایش ئازاد نابێ.
لە ڕۆژی ئەمڕومان له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرانسەری جیهان و بە تایبەتیش لە کوردستان شەڕەێکی بێ وژدانی و بێ ئەخلاقی لە ئارا دایە کە دژ بە هەموو نزخ و بەهاکانی مرۆڤایەتییە. جارێکی دیکە ئەوەی هەرە زۆر ئێش وئازار دەکێشن ژن و منداڵن. هەروەها ئەوەی لە بەرامبەر ئەم شەڕە وهێرشی دەسەڵاتداران سەری هەڵدەدات وڕووبەرووی دەبێتەوە ژنی ئازادە ودەسکەوتەکانییە.
لە سەر جوگرافیای کوردستان بە سایەی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کوردستان لە سەرەتا وە هەتا ڕوژی ئەمڕومان ژنانی ئازاد بەرخۆدانییەکی بێ وێنەیان بەرێوە بردوە لە دژی زهنیەتی دواکەوتوو وپیاوسالار. بە سایەی تێکۆشانی هەزاران ژنی کورد وەکو ساکینە، ڕوژبین، ڕوناهی، زیلان، ڤیان، شیرین وئارینان، بەرخودانی وتێکۆشانی ژنی ئازاد لە ڕوژی ئەمڕومان گەیشتوە بە ئاستێکی زۆر بەرز. ئێمە له و باوەڕین کە تێکوشانی ژنانی کورد بە فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتی، یەکێتی ویەکڕێزی گەلان ئاوا دەکات وئارامی و یەکسانی مسوگەر دەکات.
شۆڕەشی ڕۆژئاوا کە شۆڕشی ژنە ولە سەرانسەری جیهان ناسرا و لە باوەشکرا لە سەر ئه و بنەما پێکهاتوه. بە بەرخۆدانی و فداکاری ژنانی هەموو پێکهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تێکۆشانی ئازادی ژن ڕۆژ بە ێۆژ گەشەدەکات و بڵندتر دەبێت.
ئێمە وەکو ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەشتی مارس لە سەرجەم ژنانی جیهان پیروز دەکەین و بۆ مایندەکردنی دەسکەوتەکان کە بە بەدەلی گرانبەها بە دەستهاتوون بانگی بەرزکردنی تێکۆشان ئەکەین.
#08-03-2020#