بەڕێزان: ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
دوابەدوای کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆنگرەی چوارەم، و هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی یەکێتی، پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین ئومێدەوارین ئەم ڕێکارە ڕێکخراوەییانە هۆکاری چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسیی و لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوانمان بێت.
هاوکاتیش، هەلومەرجی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عیراق و، ڕوداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لێمان دەخوازێت بەهەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرزی نیشتمانیەوە ڕوبەڕووی ئاڵنگاری و پێشهاتەکان ببینەوەو، هەمومان بەیەکەوە ببینە هێزی چەسپاندنی چاکسازی گشتگیر لە هەرێم تا لە سایەیدا نمونەیەکی سەرکەوتوی سیاسی و حوکمڕانی نیشان بدەین، و خەڵکی خۆشمان هەست بە لایەنی کەمی ژیانێکی شایستە و ڕێزلێگیراو بکەن.
هیواخوازین بونی ئێوە لە بەرپرسیارێتی سیاسیی یەکێتیدا زەمینەسازی زیاتر بکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی سیاسیی نێوان پارتە سیاسیەکانی هەرێم، و گۆڕان و یەکێتی بەتاییەت، ئێمەش دەمانەوێت سەقامگیری و یەکگرتویی نێوانتان بێتە مایەی خێر بۆ لایەنگرانتان و خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێم و بەپیرەوەچونی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان.
دوبارە پیرۆزبایتان لێ دەکەین و ئومێدمان سەرکەوتنتانە.
بزوتنەوەی گۆڕان
#11-03-2020#