بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاووڵاتییانی خۆشەویست:
ئەم کاتەتان باش
دەمەوێ لەم دەرفەتەدا ڕاستەوخۆ باسی ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناتان بۆ بکەم.
بەر لە هەر شتێک، سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بەو ڕێنمایی و ڕێکارانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بۆ سەلامەتی ئێوەی بەڕێز گرتمانەبەر. پشتیوانیی و هەماهەنگی ئێوەی بەڕێز زۆر گرنگە بۆ سنووردارکردنی هەرچی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی لێژنەی وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەم، کە وێڕای هەوڵدانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، بەردەوامن لە دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵک و کۆنترۆڵی بازاڕەکان. جیگەی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی #وەزارەتی ناوخۆ# و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و یەکە ئیدارییەکان و هەروەها وەزارەتی تەندروستی بکەم کە بە شێوەیەکی مەیدانی شەو و ڕۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیان بەردەوامن. سوپاس و پێزانینم ئاراستەی ئەو تیمە فریاگوزاریی و پزیشک و پەرستارانە دەکەم کە لە ڕیزی پێشەوەن و ژیانی خۆیان لەپێناو سەلامەتی ئێمەدا، دەخەنە مەترسییەوە.
ئاشکرایە هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی تری دنیا، ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی چاوەڕواننەکراو بووەوە کە ئەویش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی و دەرکردنی ڕێنمایی تەندروستی. ئەوەبوو هەر زوو بودجەیەکی فریاگوزاریمان تەرخان کرد و هەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک: ڕاگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان، کەمکردن و تەنانەت ڕاگرتنی دەوامی دامودەزگاکان و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەکان و نەهێشتنی گردبوونەوەی گشتی و ئەنجامدانی پشکنینی پلەکانی گەرمای لەش لە فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان. دوای دیراسەکردنی دۆخەکەش، بڕیارماندا هاتووچۆی نێوخۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وهەروەها لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش ڕابگیرێت تەنیا بۆ حالەتی زۆر پێویست نەبێت. ئێستاش لە قۆناغێکداین کە پێویستە هاتووچۆی ناو خودی شار و شارۆچکەکانیش سنووردار بکرێت.
هاووڵاتییانی بەڕێز
ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستن و سەلامەتی ئێوەی خۆشەویست. ئەو ڕێکارانەی دەگیرێنەبەریش هەمووی لە پێناو سەلامەتی ئێوەیە. بەتایبەتی قەدەخەکردنی هاتووچۆ لە پێناو ئەوەیە کەمترین پەیوەندی هەبێت و ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن بۆ ئەوەی کەسانی تر تووش نەبن.
ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر ئێوە، ئێوەش بەرپرسیارن بەرامبەر بە خۆتان و کەسوکار و ناسیاو و هاووڵاتییانی تر. بۆیە ئەگەر هەموومان بە حکومەت و هاووڵاتییانەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هاوکاری یەکتر بین و ڕێنماییەکان جێبەجێبکەین، دەتوانین ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بکەین و چەند زووتریش ئەوە بکەین، زووتر دەتوانین ژیان ئاسایی بکەینەوە.
ئەم پەتایە کە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە سەد وڵاتی دنیای گرتووەتەوە، زیانی گیانیی هەبووە. تا ئێستا لە هەرێم 28 هاووڵاتی تووشبوو هەیە و یەک کەسیش گیانی لە دەستداوە. لێرەدا سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ نەخۆشەکان دەخوازم.
بەداخەوە دەبێ بڵێین کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم بارودۆخە لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر بەدیار دەکەوێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری لە ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەدا هەبێت. بۆیە داواتان لێدەکەم پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەردەوام دەستەکانتان بشۆن و هاتووچۆ و تێکەڵاوبوونی نێوانتان زۆر سنووردار بکەن و هەتا بۆتان دەکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. هەرکاتێکیش هەستتان بە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کرد پەیوەندی بە هیڵی گەرمی 122 بکەن بۆ ئەوەی هاوکاری و ڕێنمایی پێویستتان پێشکەش بکەن.
هاووڵاتیانی بەڕێز
هەڕەشەکانی ڤایرۆسەکە بۆ سەر ژیانی خەڵک و هەروەها لێکەوتەکانی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریمان زۆر جیددی و سەختن. بەڵام ئێوە ئاگادارن کە لە ڕابردوودا هەڕەشەی زۆر مەترسیدارترمان ڕووبەرووبووەتەوە، بۆ نموونە بەدەیان جار ڕووبەڕووی ستەم و دیکتاتۆری و تیرۆر وەستاوین و سەرکەوتووش بووین. بۆیە دڵنیام ئەمجارەش بە هاوکاریکردنی یەکتر و لە بەرچاوگرتنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، دەتوانین یەکگرتووانە ئەو دۆخە سەختەش تێپەڕێنین.
لێرەدا داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و خاوەن موڵکەکان دەکەم کە ڕەچاوی ئەم بارودۆخە و گوزەرانی دوکاندارە کرێچییەکان بکەن بۆ ئەوەی هەردوولا بەهاوبەشی تەحەمولی زیانەکان بکەن و ئەرکی کرێچییەکان سووک بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووری هەرێمی کوردستان. ئێمە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکەم، لەم ئەرکەدا هاوکار و پشتیوانمان بن.
لە ڕۆژانی داهاتووشدا دەزگاکانی حکومەت قۆناخ بە قۆناخ لە هەنگاو و ڕێکارەکانی پێویست بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی ئەو دۆخە ئاگادارتان دەکەنەوە.
سوپاس بۆ پشتیوانیی و خۆڕاگریتان.
هیوادارین هەمووتان سەلامەت و پارێزراو بن و کوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت.
#14-03-2020#