هاووڵاتیانی بەڕێز، گەلی خۆڕاگر لە کوردستان،
لە ئێستادا تەشەنەکردنی فایرۆسی کۆرۆنا، مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و سنووری هەموو دەوڵەتەکانی بڕیوە. ئەم ڤایرۆسە ڤایرۆسێکی نوێیە، ڤاکسینەکەی هێشتا نەدۆزراوەتەوە، ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە هۆی ئەم درمەوە ژیانیان لە دەستداوە. ئەم درمە، پەتایەکی ئاسایی نیە کە بتوانرێ بە ئاسانیی ڕێوشوێنی چارەسەرکردنی پەیڕه و بکرێ، بەڵکو دەکرێ لە ڕێگەی خۆپاراستنەوە پێش لە زیاتر بڵاوبوونەوەی بگیرێت. خۆپاراستن و پەیوەستبوون بە ڕێنماییە تەندرووستییەکانەوە، ئەرکی سەرشانی هەر کەسێکە، تا بتوانرێ خۆمان و کۆمەڵگامان بپارێزین.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاوا، هەر زوو ڕێوشوێنی پێویستیان گرتە بەر و توانیان بە خێرایی بەر بە تووش بوون و پەرەسەندنی پەتاکە بگرن. لێرەوە پێویستە دەسخۆشیان لێ بکەین. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەترسی تووشبوون زیاتر هەیە، هۆکارەکەشی ناکارامەیی و نابەرپرسیارێتی ڕژیمی ئێران و تورکیایە. لەلایەک هەم ڕاستییەکان لە خەڵک دەشارنەوەو و لە لایەکی تریش بە دۆگما و خورافات و نازانستی بوونەتە هۆکاری پەرەسەندنی زیاتری پەتاکە. لە ئەنجامیشدا قوربانی زیاتری لێ بکەوێتەوە.
ئێمە وەک کومیسیونی ژینگە ی کۆنگرە ی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک ه داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە چاوەرێی داگیرکەران نەبن، وەکوو کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و زیندوو ببنە پشتیوان و یارمەتیدەری یەکتری. بە ڕەچاوکردنی ڕێنوێنیەکانی ڕێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتی و بە هەست کردن بە بەرپرسیارێتی خۆیان و کۆمەڵگا لە تووش بوون بپارێزن.
ئه و ڕێنماییانەی کە ڕێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتی و زۆربەی ناوەندەکانی تەندروستی، وەکو ڕێوشوێنی خۆپاراستن ئاماژەیان بۆ کردوون بریتین لە :
• ڕاگرتنی پاکوخاوێنی و شوشتنی دەست پاش بەکارهێنانی بۆ هەر کارێک.
• دوور کەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و کۆبوونەوەکان.
• تەوقەنەکردن و خۆ دوورڕاگرتن لە کەسانی دەوروپشت.
• لەبەر ئەوەی ئەم درمە زیاتر لە ڕێگای پرژەوە بڵاودەبێتەوە، دەبێ لە کاتی کۆکین و پژمیندا زۆر ئاگادار بین و ڕەچاوی پاکوخاوێنی بکەین.
• نەچوونە دەرەوە باشترین ڕێگایه! تا کەمتر پەیوەندی لەگەڵ دەوروپشتدا هەبێت باشترە.
• لە کاتی هەستکردن بە هەر نیشانەیەکی سەرنجڕاکێش، پەیوەندی بە پزیشکەوە بکرێت.
لەکاتی گومانکردن لە تووشبوون بە نەخۆشیەکە و مانەوە لە خانەی کارانتینە، بۆ پاراستنی دەوروپشت، دەبێ ماوەی ئاسایی له و خانەیە تەواو بکرێت.
تکایە ڕەچاوی ڕێنماییەکان بکەن! تا ئەم قۆناغەش وەکوو دەیان قۆناغی مەترسیداری تر کە گەلەکەمان لە سایەی داگیرکەران دا بە خۆڕاگری و ئاگایی دەربازیان دەکات لە پشت سەر بنێین و ئەزموونێکی تری پێکەوە بوون تۆمار بکەین.
کۆمیسیۆنی ژینگە
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان -ک ن ک
#14-03-2020#