کەس وکاری سەربەرزی شەهیدانی #هەڵەبجە# خەڵکی شۆرشگیری هەڵەبجە و هەورامان و #شارەزوور# جەماوەری کوردستان.
32 ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، کە تاوانێکی گەورەی ڕژێمی لەناوچووی بەعس بوو دژی گەلی کوردستان و خەڵکی ئەم شارەخۆراگرە و دەوروبەری ئەنجامیدا.
16ی ئاداری هەموو ساڵێک بۆ هەموومان یادی برینێکی قوڵی نەتەوەکەمانە، کە داگیرکەران لە ڕێی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و شەهیدکردنی زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی بێتاوان و بریندارکردنی هەزارانی تر و ئاوارەکردنی تەواوی دانیشتوانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور و خاپوورکردنی ناوچەکانیان، تاوانەکەیان گەیشتە لوتکەی دڕندەیی بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی گەلەکەمان.
بەڵام بەخۆڕاگری و خەباتی ئازادیخوازی و قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان ئەم خەونەی دوژمنان لەگۆڕنرا.
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لاپەڕەیەکی ڕەشی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمارکرد، بۆ ڕێگرتن و دووبارەنە بوونەوەی ئه و تاوانه دڕندانەیه، داوادەکەین کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەجینۆساید بناسێنێت.
تا جارێکی تر ئه و تاوانەبەرامبەر مرۆڤ و سرووشت لە هیچ گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا ئەنجام نەدرێت.
پێویستە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ قەرەبووکرنەوەی شایستەی کەس وکاری شەهیدان و قوربانیانی هەڵەبجە، کار بەبریاری دادگای باڵای تاوانەکان و مادەی 132ی دەستوری عێراقی فیدراڵ بکات و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای تایبەت بە جینۆساید و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان لە عێراق دەربکات.
هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کار و هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و چارەسەکردنی بەرەکەوتووانی چەکی کیمیایی.
کەس وکاری سەبەرزی شەهیدان
بۆ بەرز ڕاگرتنی مەرگەساتەکانی گەلی کوردستان بەگشتی و تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەتایبەتی،
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ساڵانە ئه و یادانە دەکاتەوە،
ئەمساڵ بەهۆی پابەندبوون بە بڕیارو ڕاسپاردەی دامەزراوە تەندروستییەکانی کوردستان و مەترسی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێویستمان زانی هاوشێوەی ساڵانی پێشوو ئەم یادە نەکەینەوە.
بەڵکو بەشێوازی ترو بە پاراستنی تەندروستی و ژیان لە هەڵەبجە و سەرتاسەری کوردستان، پەیامی زیندوێتی یادی شەهیدان بڵند ڕابگرین و لە هەوڵەکانمان بۆ بەجیهانیکردن و ناساندنی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە وەک جینۆساید لەسەر ئاستی جیهان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەردەوام دەبین.
نەمری بۆ شەهیدانی مەرگەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
#15-03-2020#