کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی کیمیاران
بریندارانی چەکی کیمیاوی
خەڵکی شاری شەهیدپەروەری #هەڵەبجە#
کۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵکی کوردستان
وا جارێکی تر، هەموومان لەبەردەم کۆست و کارەساتی کیمیاباران و یادی شەهیدکردنی شاری هەڵەبجە دا، دڵ پڕ لە سوێ و چاو بە گریان ڕاوەستاوین و برینەکەمان گەورەیە. 16ی 3ی 1988، بەبەرچاوی دنیاوە، ڕژێمی دڕندەی بەعسی فاشیست، (5000) مناڵ و پیر، ژن و پیاوی خنکاندین. له و کاتەوە، هاوارێکی گەورە بۆ سزادانی بەرپرسان و تاوانبارانی ئەم جینۆسایدە، لە گەرومان دا تاساوە. و هێشتا نیگەرانین له و بێدەنگییەی کە دەسەڵاتدارانی دنیا بەرامبەر کارەساتی هەڵەبجە، هەڵیانبژارد.
ئێمە لە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، هەڵەبجە بە قیبلەی فیداکاریی گەلی کوردستان دەزانین و، باوەڕمانوایە کە پاش هەرەس، ناساندنەوەی مەسەلەی کوردستانی باشور بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و، پاراستنی ڕاپەڕین و، ئەزموونی حوکمڕانیی کوردی لە هەرێمی کوردستان، قەرزاری هەڵەبجە و شەهید و بریندارەکانییەتی. هەروەک چۆن قەرزاری ئەنفالکراوان و تەواوی شەهید و تێکۆشەرانی کوردستانە.
سەرباری بێ دەنگییە سیاسییە کورتخایەنەکەی دنیا بەرامبەر ئەم تاوانە دڕندانەیە، وا (32) ساڵە و هەموو ڕۆژێکی (16ی 3)، لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە کوردێک، ئاشتیخوازێک و مرۆڤ دۆستێک هەبووبێت، یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەی بەرز ڕاگرتووە و، یەکێتییش، ئەم یادەی وەکو بەشێک لە ناسنامەی خەباتی گەلی کوردستان، لە ئەدەبیاتی سیاسی خۆی دا، بەرز پاراستووە.
ئەم باوەڕە نەگۆڕەمان بە پێگەی هەڵەبجە لە بوونی نەتەوەییماندا و، ئەم هاوخەمییە قووڵە بۆ قوربانییەکانی، ڕێنیشاندەرمانە لە کارکردنی زیاتر، وردتر و دڵسۆزانەتر بۆ هەڵەبجەی شەهیدان، کە هەر بە دەستپێشخەری و هەوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا بووە بە پارێزگا و پایتەختی ئاشتی و، ئامانجمانە کە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەلەکەمان، بکرێت بە پایتەختی بوژاندنەوە و ئاوەدانیی نیشتمان و، بۆ ئەم مەبەستەش، پلان و کاری نوێی وردمان دەبێت. داواش له کادر و ئۆرگانە پەیوەندارەکانی یەکێتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عێراق، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکەکانی ناو هەرێم و عێراق دەکەین، خزمەتی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی چەکی کیمیاوی بکەن و، توانایەکی دارایی و مرۆیی زیاتر بۆ بوژاندنەوەی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانبکەن، کە پێویستیانە.
لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی بریندارانی چەکی کیمیاوی و کەسوکاریان، و لەژێر کاریگەریی هەڕەشەی پەتای جیهانیی کۆرۆنا، لایەنە پەیوەندارەکانی پارێزگای هەڵەبجه، بڕیاریاندا، ئەمساڵ بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی (32) ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە مەراسیم ڕێکنەخەن. بەڵام ئێمە وەک ساڵانی تر، ئەمساڵیش یادی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە بەرز ڕادەگرین و لە دڵماندا یادی شەهیدان دەکەینەوه. داواشدەکەین دۆست و لایەنگر و ئەندامانی یەکێتی و تەواوی خەڵکی کوردستان، یادی کارەساتی هەڵەبجە، لە دڵ و دەرونیان دا بە زیندویی و بەرز ڕابگرن و، ئەمساڵیش لە ساتەوەختی بۆردومانە شوومەکەی ڕژێمی فاشیستی بەعس دا، لە کاتژمێر (11:35) خولەکی سەرلەبەیانی، لە هەرجێیەک بن، بۆ گیانی پاکی شەهیدان ساتێک بە بێ دەنگی ڕاوەستن.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#16-03-2020#