هاووڵاتیانی جوامێر و خۆشەویست
بەخشندە و هەدارو خێرخوازو سەرمایەدارە بەڕێزەکان
دوای ئەو هەموو پڕۆژەو دەستپێشخەرییە جوان و شایانانەی ڕۆژانە لە ئێوەی دڵسۆزەوە تایبەت بە دروستکردنی نەخۆشخانەو دابینکردنی پێداویستیە تەندروستیەکان پێشکەش دەکرێن.
ئێمە وەک پارێزگاری #سلێمانی# و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، سوپاس و ڕێزو پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو هەوڵ و هیممەت و هەنگاوەکانتان هەیە.
هەر لێرەوە بۆئەوەی هەموو ئەو هەوڵە کەسیی و تایبەتانە، پەرت نەبن و دەستپێشخەرییەکانتان جێگای شایستەی خۆی بگرێت و ببێتە پڕۆژەیەکی تەندروستیی نیشتمانیی ستراتیژیی، بە یەکخستنی هەموو تواناو بەخشین و هاندان و بەشدارییەکانتان، پێشنیازی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی مۆدێرنی هەزار قەرەوێڵەییتان بۆ دەخەینەڕوو لەسەر زەوی دیاریکراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.
دەخوازین هەموو تواناکان یەکبخەین و بە هەموومان بەشداربین لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەدا.
لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەی حسابی بانکی ئەم پڕۆژەیە و ڕێوشوێنە یاسایی و دارایی و هونەرییەکانتان دەخەینە بەردەست.
خودا پشت و پەنای هەمووان بێت.
کوردستان پارێزراوو ئاوەدان بێت.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
#16-03-2020#