لەدیوانی پارێزگاوە بو جێ بەجێ کردن:
بەسەرپەرشتی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری #هەڵەبجە# و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ژووری ڕووبەرووبونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا، ژوورەکە کۆبوونەوە و بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی پارێزگای هەڵەبجە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (17/3/2020)دا پەسەند کران.
لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی هەردوو #وەزارەتی ناوخۆ# و تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و بۆ زیاتر پاراستنی تەندروستی کۆمەڵانی خەڵک و هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لیژنەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگا ئەم بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردانەی خوارەوەی پەسەند کرد:
1 – بڕیاردرا بە درێژ کردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە، واتە لە کاتژمێر 12ی شەوی 17-18/3/2020 تا کاتی دیاری کراو.
2 – سەرجەم سەمونخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەکان بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەکان کراوە دەبن.
3 – دوکانی سەوزە و میوەکان دەتوانن بە هۆکارەکانی گواستنەوەی وەک (عەرەبانە و پیکاب و... هتد) بە کۆڵانەکانی ناو شاردا و دوور لە شەقامە سەرەکییەکان، سەوزە و میوە بفرۆشن.
4 – دوکانی گۆشت فرۆشەکان تەنها ڕۆژی18/3/2020 لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی تا 11ی نیوەرۆ دەکرێنەوە لە ژێر چاودێری لیژنە هاوبەشەکانی قائمقاميەت و پێویستە هاولاتیان لەو کاتەی دیاری کراوە پیداویستیەکانیان بکڕن، چونکە دوای ئەو بەروارە دادەخرێت، بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە :
آ- بە هیچ شێوەیەک قەرەباڵغی ڕێگەپێدراو نیە.
ب- لە کاتی وەستان و سەرەدا، دەبێت نێوان کڕیارەکان لە 2 مەتر کەمتر نەبێت.
ج- پێویستە ڕەچاوی سەرجەم ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت، کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و لیژنەکان دەردەچێت، وەک بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێش و بە بەردەوامی مەوادی پاکژکردنەوە بەکار بهێنن.
د- کڕیارەکان بە هیچ شێوەیەک بواری چوونە ناو دوکانی گۆشت فرۆشەکانیان نیە و دەبێت شریتی قردێلەیی دابنرێت بۆ جیاکردنەوەیان.
ه- هەر دوکانێک پێویستە کەسێکی تایبەت، بۆ وەرگرتن و ژماردنی پارە لە کڕیارەکان دابنێت.
و- بە پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانەوە، دوکانەکانیان دادەخرێن و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەکرێنەوە.
5 – سەرجەم هەفتە بازاڕەکانی ناو شاری هەڵەبجە جگە ئەوانەی ناو بازاڕ، کراوە دەبن، لەژێر چاودێری لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت بە ڕەچاوکردنی سەرجەم ڕێکارە تەندروستییەکان و ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە:
آ- قەرەباڵغی ڕێگەپێنەدراوە.
ب- لە کاتی وەستاندا نێوان کڕیارەکان 2مەتر کەمتر نەبێت.
ج- پێویستە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکرێت، لە بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێش و مەوادی پاکژ کردنەوە.
د- لە هەفتەبازاڕەکاندا ژمارەی کاشێرەکان پێویستە زیاد بکرێت، بۆ خێراکردن و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی.
ه- بە پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانەوە، هەفتەبازاڕەکانیان دادەخرێت و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەکرێنەوە.
داواکارین خاوەن هەفتە بازاڕەکان هاوکاری کڕیارەکان بە پێدانی دەمامک و دەستکێش بکەن.
6 - بە پێی بەیانی ژمارە (19)ی ساڵی 2020 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ بە هەموو شێوەیەک بۆ هەفتەبازاڕ و شوێنە ڕێگەپێدراوەکان قەدەغەیە و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەبنەوە.
تێبینی: لە کاتی دەرچوونی هەر بەیان و بڕیارێک، کە لە وەزارەتی ناوخۆ دەدرێت، ئەوا ئەو بڕیارە دەبێتە بڕیاری فەرمی.
ئازاد تۆفیق ڕەحیم
پارێزگاری هەڵەبجە
#17-03-2020#