دیوانی هاوسەرۆکایەتیی کۆنگرەی گەل ڕاگەیاندراوێکی بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە و نەورۆزی پیرۆز کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەی کۆنگرەی گەل دا هاتووە:
جەژنی نەورۆز سەرەتا لە ڕێبەر ئاپۆ، لە گەلانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕسات و لە هەموو هەڤاڵانی ئاستە جۆراجۆرەکانی تێکۆشان پیرۆز بێت.
نەورۆز بە بەرخودانی شەهیدان بووە نەورۆزێکی پیرۆز، بووە سیمبولی بەرخودان و ئازادیی گەلانی کوردستان. ئێمە بە بۆنەی نەورۆزی ئەمساڵەوە سەرەتا هەڤاڵان مەزڵوم دۆغان، سەما، زەکی، ڕەهشان، ڕۆناهی، بێریڤان و هەموو شەهیدانی نەورۆز بەڕێزەوە یاد دەکەینەوە و یادیان بەرز ڕادەگرین و بەڵێنی خۆمان بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانیان دووبارە دەکەینەوە.
بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە و بۆ پاراستنی تەندروستیی گەلانی کوردستان، ئەمساڵ نەورۆز بەشێوەی جەماوەری پیرۆز ناکرێت. ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی گەلەکەمان پێویست بوو، بەڵام ئێمە دەزانین کە گەرمایی ئاگری نەورۆز لە دڵی گەلانمان و هەمووماندا گەشاوە و بڵێسەدارە. لەبەر ئەوەش بەپێی هەلومەرجی ئەمڕۆ، پێویستە گەلانمان بە شێوەی ئافرێنەرانە جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن و خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان لەمساڵدا ئامادە بکەن.
ئەو قەیرانەی لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی. لەم دۆخەدا و لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە دەرفەتەکانی تێکشکاندنی ڕژێمی فاشیستیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان لەهەموو کاتەکانی تر زیاترە.
لەبەر ئەوەش لەسەر بنەمای تێکشکاندنی گۆشەگیریی ئیمراڵی و تێکشاندنی فاشیزمی دەوڵەتی تورک و هێنانەدیی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستان و دیموکراسیی ناوچەکە، پێویستە ئەمساڵ لە هەموو ئاست و جومگەکانی ژیانی ئێمەی گەلانی کوردستان و دۆستانمان بەرزکردنەوەی تێکۆشان بکەینە کاری سەرەکی.
لەو چوارچێوەیەدا بانگەوازمان بۆ گەلەکەمان ئەوەیە، کە بە شێوازی گونجاو و ئافرێنەرانە نەورۆزی خۆتان پیرۆز بکەن.[1]
#19-03-2020#