بەرنامەی (دەروون و دیاردە) کە لە کەناڵی (کوردستان 24) پێشکەش دەکرێت، ئەوە دوو جارە ئەو بەرنامەیە بەناڕەواو ناڕاست باسی #وەزارەتی ڕۆشنبیری# و لاوان دەکات و دەڵێ گوایە وەزارەتمان، لەئاست بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا کەمتەرخەم بووە و بەئەرکی خۆی هەڵنەساوە.
بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو قسانە، ئەم ڕونکردنەوەیەمان بۆ ڕای گشتی پێویست زانی.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێنماییکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ خۆپاراستن، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێکهات، بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ئەندامی ئەو لیژنە باڵایەیە، لەچوارچێوەی ئەو لیژنە باڵایەدا، چ ئەرکێک بەوەزارەتمان سپێردراوە جێبەجێمان کردووە.
هەر بۆ زانیاریی بەرنامەکەی کوردستان24، ئەو کارانەی لەو بارەیەوە کردوومانە دەخەینەڕوو، کە لەکاتی خۆیدا لەپەیجی ڕەسمیی وەزارەتمان بڵاوکراونەتەوە و کەناڵی (کوردستان24) خۆشی هەندێکیانی ڕووماڵ کردووە.
1-بەمەبەستی خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە، وەزارەتمان هەموو کارو چالاکییەکی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری و وەرزشی ڕاگرت.
2- بەڕێز وەزیری و ڕۆشنبیری ولاوان و وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەدیوانی وەزارەتمان کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا داوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرا، کە ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو بکەنەوە، زانیاری و هەواڵی ڕاست و دروست بەهاووڵاتیان بگەیەنن، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و پیشەیی، لەزانیاری و هەواڵی ناڕاست خۆیان بەدوور بگرن.
3- وەزارەتمان پەیامێکی ئاڕاستەی سەرجەم ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان و وەرزشوانان کرد، کەهەڵمەتێکی نیشتمانی دەست پێبکەن بۆ ڕووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەریەکەیان لەپسپۆڕی خۆیاندا لەرێی کەناڵەکانی میدیاوە، داوا لەهاووڵاتیان بکەن کە خۆیان لەو ڤایرۆسە بپارێزن، زۆربەیان بەدەنگ ئەو پەیامەوە هاتن و وەک ئەرکێکی نیشتمانیی مرۆڤدۆستانە ئەو ئەرکەیان بەجێهێنا.
4- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بەوەزارەتمان، پەیامێکی ئاراستەی هەموو کەناڵەکانی میدیا کرد، کە لەم دۆخەدا بۆ ئارامکردنەوەی ڕۆح و دەروونی هاووڵاتیان بەرنامە و درامای بەسوود و تەرفیهی پێشکەش بکەن و بایەخیش بەرنامەی تایبەت بە منداڵان و خوێندکاران بدەن.
5-بەرێز وەزیری و ڕۆشنبیری و لاوان، دوو پەیامی سەبارەت بەیادەکانی کیمیابارانی #هەڵەبجە# و جەژنی نەورۆز نووسی و بڵاو کرانەوە، لەهەردوو پەیامەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە چالاکی و گردبوونەوە ئەنجام نەدرێ و بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە، هاووڵاتیان لەماڵەکانیان بمێننەوە و پابەندی ڕێنماییەکان بن.
6-راوێژکارێکی وەزارەتمان ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لەوەزارەتی تەندروستی، ئەو ئەرکەی لەرێی ئەو لیژنەیەوە خراوەتە سەر وەزارەتمان جێبەجێ کراوە.
7-بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتمان لە#هەولێر# و پارێزگاکانی تری هەرێم بەئەرکی خۆیان لەو بارەیەوە هەستاون و پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکان بوون.
وەزارەتمان بەپێی ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەسەڵاتەکانی وەزارەت و جەنابی وەزیر، ئەوکارانەی ئەنجام داوە و کەمتەرخەم نەبووە، لەبەر ئەوە ئەو ڕوونکردنەوەمان بۆ ڕای گشتی و وەک وەڵامێک بۆ کەناڵی کوردستان24 بەپێویستزانی.
وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
#23-03-2020#