لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانای خۆی خەریکی پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و خەڵکێکی زۆریش لە ناوخۆ و دەرەوە ستایشی ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن، کە لە پێش زۆر وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانە و ئەگەر ئەو ڕێکارانە و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەبووایە، ئێستا دۆخی تەندروستی زۆر مەترسیدار بوو. کەچی ئا لەم کاتەدا کە پێویست بوو هاوکارانمان لە #بزووتنەوەی گۆڕان# پشتیوانیی ئەم حکومەتە بکەن، کە خۆیان تێیدا بەشدارن و بەهاوبەشی بڕیارمان لە سەر ڕێکارەکان داوە. کەچی بەداخەوە فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئەمڕۆ زۆر بێ ویژدانانە دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە.
بۆیە لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ڕێزدار #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکومەت دەمێکە داوای لە داواکاری گشتی کردووە، کە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانە بکات کە گوایە بڕی دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وەک شیرینی لە کۆمپانیای ڕۆ#سنە#فت وەرگیراوە. سوپاسی فراکسیۆنی گۆڕانیش دەکەین کە بۆمان ئاشکرا بکەن ئەو کەسە کێیە ئەو پارەیەی وەرگرتووە!
سەبارەت بەو یەک ملیار دۆلارەش کە دەڵێن لە بانکەکانی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە. ئێمەش لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئەو دەنگۆیەمان بیست کە سەرچاوەکەی کۆنە وەزیرێکی سەر بەحزبوڵڵا بوو. بەدواداچوونیشمان کرد و دەرکەوت ڕاست نییە. بەڵکو تەنیا بەشە پارەی کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لەو حیسابە بانکییەی لوبنان بووە. بۆیە سوپاسی برادەرانی گۆڕان یان هەر کەسێکی تر دەکەین، ئەگەر بەدواداچوون بکەن و ڕاستییەکان بۆ خەڵک ڕوونبکەنەوە. ئەگینا تکایە با بەس بێت موزایەدە کردن و چەواشەکردنی خەڵک. ئێمە وەک هەموو وڵاتانی جیهان لە دۆخێکی سەختداین و پێویستە بەیەکەوە هاوکاربین بۆ تێپەڕاندنی.
د.جووتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
#27-03-2020#