1. لە ڕێکەوتی (30- 03 -2020)ەوە، لە سەعات (9)ی بەیانی بۆ (12)ی نیوەڕۆ بانکە ئەهلییەکان لە سنوری پارێزگای #سلێمانی# بەم مەرجانەی خوارەوە دەکرێنەوە:
أ - پەیڕەوکردنی تەواوی مەرج و ڕێنماییە تەندروستیەکان.
ب - لە هەر بانکێکدا نابێت لە (5) کارمەند زیاتر بە (بەڕێوەبەر و کارمەندەکانیشەوە) دەوام بکات.
ت - دەبێت بە پێی لیستێک سەردانکەران ڕێکبخرێن و کاتی پێشوەختیان بدرێتێ و نابێت لەیەک کاتدا دوو کەس زیاتر بێنە بانکەکەوە.
پ - پێویستە کارمەندان و سەردانکەرانی بانکەکان پابەندی تەواوی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕی و ئارامیەکانیان بن.
ج - پێویستە بانکەکان پاکژ بکرێنەوە و دەرمانپژ بکرێن.
2. هەموو ڕێکخستن و مۆڵەتپێدانێکی کەرتی کشتوکاڵی و خانووی پلاستیکی و کێڵگە و نەمامگەو هەنگەوانیو...تاد لەلایەن فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانیەوە دەبێت بەهەماهەنگی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی خۆرئاوا لە شوێنە جیاجیاکاندا بەپێی سنوری کارگێڕیی خۆیان.
3. کۆمپانیاکانی دابەشکاریی خۆراک و پێداویستیەکان لەناو شاری سلێمانیدا کارەکانیان لە سەعات (8)ی شەو بۆ (6)ی بەیانی جێبەجێ دەکەن.
4. یەکێتی کۆمپانیاکانی دابەشکاری تا دوای تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هیچ ئەندامێکی نوێ وەرناگرن و هیچ بڕە پارەیەک بۆ ڕسوماتی ڕێگەپێدان وەرناگرن و بە هەماهەنگی لەگەڵ قائمقامیەتی شارۆچکەی مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیی سلێمانی کارەکانیان دەکەن.
5. دەست بە دابەشکردنی ئارد بەسەر بریکارەکاندا کراوە و لەدوای (01-04-2020)ەوە بەپێی بەرنامەیەکی گونجاو دەست بە دابەشکردنی خۆراک بەسەر بریکارەکاندا دەکرێت و پێویستە بریکارەکان و هاووڵاتیانیش لە سنوری گەڕەکەکانیاندا پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕی و ئارامییەکان بن.
6. کارکردن بە کرێکاران و توانستمەندانی بیانی لە کارگە و کۆمپانیاکاندا، ئاساییە بە مەرجێک پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕی و ئارامییەکان بن و هیچ هاتووچۆیەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانیاندا نەکەن.
7. پێویستە هەموو فەرمانگەکان لەکاتی وەرگرتنی موچەدا پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕی و ئارامییەکان بکەن و بەڕێوەبەران و جێگرانیان بە نووسراوی ئەو فەرمانگەیەی ئەو ڕۆژە مووچە وەردەگرێت و بە ناسنامەکانیان کارئاسانیان بۆ دەکرێت.
8. هەر فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاری لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی یان بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەکەیەوە بەهەماهەنگی یەکە کارگێڕییەکانی سنورەکەی خۆی لەکاتی دەوامکردن و ئەرکی فەرمیدا کاری هاتووچۆی کارمەندەکانی خۆی ڕێکدەخات. هەر کارمەندێک لە ئەرکدا نەبێت و قەدەغەی هاتووچۆ بشکێنێت و بۆ کاری تایبەتی ئۆتۆمبێلەکەی بەکاربێنێت، سزا دەدرێت.
9. نۆرینگەکان بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانیەوە بەشێوەی (تەناوب)و بەپێی پێویستی گەڕەکەکان لەسەر بنەمای ئەم مەرجانە کاردەکەن:
1- پێویستە نۆرینگە بە دەرمانی دژە ڤایرۆس ڕەشکرابێت.
2- کارمەندی نۆرینگە دەبێت بە ماسک و دەستکێش و گاونی پزیشکی کاربکات.
3- پێویستە جێڵی تەعقیم بۆ هاووڵاتیان لەبەردەست بێت بەبەردەوامی.
4- نابێت قەرەباڵخی لە نۆرینگەدا هەبێت، واتە ماوەی نێوان دوو کەس لانیکەم لە یەک مەتر کەمتر نەبێت و لە یەک کاتدا یەک کەس زیاتر نەبینرێت و بە ئاگاداری لە ناوەوە و دەرەوەی نۆرینگەکە هەڵبواسرێت.
5- نابێت چارەسەری ئەو کەسانە بکرێت کە نیشانەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیان هەیە.
6- لەکاتی بوونی گومان و زانیاری لەسەر هەرکەسێک بە تووشبوون یان نیشانەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، پێویستە ڕێنوێنی بکرێت سەردانی ئەو شوێنانە بکات کە دەستنیشانکراون بۆ پشکنین یان چارەسەر.
7- پێویستە سجلی تۆماری سەردانکەران بۆ نۆرینگە هەبێت کە سەرجەم زانیارییەکانی تێدا تۆماربکرێت.
10. تیمەکانی چاودێریکردنی قەدەغەکردنی هاتووچۆ زیاد دەکرێن و شەو و ڕۆژ بەبەردەوامی لە ئەرکدا دەبن.
11. بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەری سلێمانی بە هەماهەنگی یەکە کارگێڕییەکان، کاری پێویست بۆ ڕێکخستن و مۆڵەتپێدانی هاتووچۆی ئەو بوارانە جێبەجێ دەکات کە دەکەونە پسپۆڕی و دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتی ڤێتێرنەرییەوە.
12. بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردرا، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و موختاری گەڕەکەکان، لیستی ئەو خێزانانە ئامادە بکەن، کە پێویستیان بە بەرنامەی پشتیوانیکردنە.
13. پێویستە هەموو ئەو کەس و دەستە و لایەن و کۆمپانیایانەی کاری خێرخوازیی دەکەن، لیستی تایبەت بەو خێزانە بەڕێزانەی سودمەند دەبن ئامادە بکەن و ئەو لیستانە بگەیەننە پارێزگاو یەکە کارگێڕییەکانی کە ئەو کارە مرۆییە نیشتمانیانەی تێدا جێبەجێ دەکەن، بۆئەوەی زۆرترین خێزان بێ دووبارەبوونەوە سودمەند بن و بخرێنە بەرنامەی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
#29-03-2020#