بەیاننامە بۆ بەڕێز وەزیری ناوخۆ
بۆ بەڕێزان لە لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید 19 پزیشکانی کوردستان هاوشانی کارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان پێشمەرگە ئاسا وەکو جەنگاوەری هێڵی یەکەمی ئەم جەنگە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمەکەماندا، بە بەردەوامی و بێ وچان گیانی خۆیان و خێزانەکانیان خستووەتە مەترسییەوە، تاوەکو چارەسەری تووشبووان و هاوکاری هاووڵاتیان بکەن و ڕێگری لە زیاتر بڵاووبوونەوەی ئەم پەتایە بکەن.
بەڵام بەداخەوە کە هەندێک جار لێرە ولەوێ گوێبیستی بێڕێزی و ڕێگەگرتن دەبین لە پزیشکان لەکاتی چوونە سەرکار و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان، تازەترینیان ئەو بێڕێزی و ئازاردانەیە کە بەرامبەر هاوپیشەیەکمان ئەمڕۆ لە شاری #سلێمانی# کراوە.
هەر لەسەرەتای حاڵەتەکەوە وەکو سەندیکا هاتوینەتە سەرخەت لەگەڵ بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی سلێمانی و بە سوپاسەوە ئەوانی بە دەنگمانەوە هاتوون و هەوڵی جددیان داوە بۆ چارەسەرکردن و دیاریکردنی ئەو کەسەی کە بێ ڕێزییەکەی ئەنجام داوە و بەڵێنیان پێداین کە سزای سەرپێچیکارەکە دەدەن.
ئێمە دەزانین کە زۆربەی برایانمان لە هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگە، بەوپەڕی ڕێزەوە لەگەڵ هاووڵاتیان بە گشتی و پزیشکان بە تایبەتی مامەڵەیان کردووە، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر کەم دەیانەوێت بە مەبەست ئازاری هاوپیشەکانمان بدەن، کە نازانین هۆکار چییە.
لێرەوە وەکو سەندیکا داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کەرامه ت و سەلامەتی گیانی پزیشکانی کوردستان بپارێزن و سنوورێک بۆ ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دابنێن، چونکە پزیشکان لە هێڵی یەکەمی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەن.
داوا لە بەڕێزتان دەکەین بە بڕیار و ڕێنمایەکانتاندا بچنەوە سەبارەت بە پزیشکان، پزیشکان ئازادانە و تەنها بە ناسنامەی سەندیکای پزیشکان و وەزارەتی تەندروستی ڕێگەپێدراوبن بۆ هاتوچۆ.
بەهەمان شێوە داوای خۆڕاگری وپابەندبوون لە سەرجەم هاوپیشەکانمان دەکەین، کە نابێت هیچ جۆرە هەڵسوکەتێکی ناڕەوا کار بکاتە سەر جێبەجێکردنی کارەکانمان و ساردمان بکاتەوە لە خزمەتی گەل و وڵاتەکەمان.
دووبارە و سێبارە داوا لە هاوڵاتییان دەکەین، پابەندی ڕێنماییەکان بن و لەماڵەکانیان بمێننەوە
سەندیکای پزیشکانی کوردستان
#06-04-2020#