سەبارەت بە ڕووداوە نەخوازاوەکەی دوێنێ لەنێوان تیمێکی چاودێری و پزیشکێک، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای #سلێمانی# بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناوە لەڕوونکردنەوەیەکدا داوای لێبوردن دەکات و هەوڵی پزیشکان و کەرتی تەندروستی بەرز دەنرخێنێت: ئەمەش دەقی ڕوونکردنەوەکە:
دوێنێ لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنین و چاودێریکردنی قەدەغەکردنی هاتووچۆدا، ڕووداوێکی نەخوازراو لەنێوان بەڕێزان تیمێکی چاودێریی و پزیشکێکی بەڕێزدا ڕوویدا.
هەر دوێنێ لەگەڵ ڕووداوەکەدا لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێنا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا ئەوە ڕوونبوویەوە، کە هەردوو لایەنی ئەم ڕووداوە دڵسۆزانە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا بوون، کە پاراستنی تەندروستیی گشتیی و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانە، هەر هەڵچوون و گلەییەکیش لەکاتی ڕووداوەکەدا ڕوویدابێت لە ئەنجامی پەرۆشیی و پابەندیی و شەونخونیی و ماندوبوونی هەردوو لایەنەکەوە بووە، کە بە بەردەوامیی لە ئەرک و خەمی تێپەڕاندنی پەتای کۆرۆنادان.
لەگەڵ ڕێزو سوپاس و پێزانینمان بۆ کەرتی تەندروستیی و ئەرکی تیمەکانی پشکنین و چاودێریکردن، بەڵام له و سۆنگەیەوە کە کەرتی تەندروستیی و بەتایبەتیی پزیشکە بەڕێزەکان لە ڕیزی یەکەمی بەرەنگاربوونەوەدان و پشکی سەرەکیی ئەرکی پاراستنی تەندروستیی گشتیی، وەک هەمیشە؛ کەوتە سەر ئەم خۆشەویستە خۆنەویستانە؛
بۆیە جارێکی تریش داوای لێبوردنی خۆمان پێشکەش بەم پزیشکە بەڕێزه و تەواوی هاوپیشە بەڕێزەکانی دەکەین، کە بە هەڵوێست و تێگەیشتنی شایەنانەیان، بوون بە بەشێکی گەورەی چارەسەرو هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، کە بەم ئومێدو ئیراده و گیانەبەرزەوە دەتوانین یەکگرتووانه و سەرکەوتووانە ئەم دۆخە تێپەڕێنین.
د.#هەڤاڵ ئەبوبەکر#
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
#07-04-2020#