حەوتی نیسانی هەموو ساڵێک، لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەڕۆژی جیهانی تەندروستی ناسێندراوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان و جیهان ئەو یادەیە دەکاتەوە بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە مەترسیدا تێدەپەڕێت، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید19).
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێم هەموو هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و بەدوربوونیان لەو نەخۆشییە، وە بەردەوام جەخت لە خۆپارێزی دەکات و داواش لە هاووڵاتیان دەکات باپەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن.
هەروەک ڕوونە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێناسەی ئەم ڕۆژەی بەوەکردووە کە: (بریتییە لە تەندروستبوون و پێگەیشتن و کامڵبوونی جەستە و هزر و ئابووری و لایەنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، نەک تەنها دوور بوون بێت لە نەخۆشی و پەککەوتەیی). ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە پێناسەی ڕێکخراوەکە تەنیا ئاماژەدان نییە بە دوور بوون لە نەخۆشی و پەککەوتەیی کە بەمەش مانای تەندروستی تەواو نادات بە تاکەکان.
هەر بۆیە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمیش جەخت دەکاتەوە هۆشیاری تاک بە بەشێکە لە تەندروست بوونی تاک دادەنرێت، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر کەسێک بیر و بیر کردنەوە و بڕوای تەندروست و ساغ نەبوو، کەسەکە بە کەسێکی ناتەندروست لە قەڵەم دەدرێت.
بیر و باوەڕی تەندروست و ساغ ئەو بەها ڕۆحییانەن کە یارمەتی مرۆڤ دەدەن لەوەی کە خۆی لە کاری خراپ و ئاژاوەگێری و ئاشووب و شەڕ بپارێزێت، ئەگەر کەسەکە بەو شێوەیەبوو کەسێکی هێمن و پاک و ڕاستی لێدەردەچێت و حەز بە خۆشی مرۆڤەکان دەکات و لە شەڕانگێزی و نائارامی و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگا بە دوور دەبێت، وە دەبێتە هۆی خۆشی و خۆشگووزەرانی میللەت، بەمەش ئێستا و ئایندەی خۆی و نەوەکانی مسۆگەر دەکات، وە لە بەرامبەریشدا ژیانی کۆمەڵگا و میللەت پارێزراو ئارام دەبێت. ئەمەش، وادەکات کە هەمووان لە کۆمەڵگا، بە تاک و کۆمەڵگا و دەسەڵات گرنگی بە هەموو لایەنەکانی تەندروستی بدەن، نەک بۆ ئەوەی تەنیا تەندروست بین بەڵکو بۆ ئەوەی ئێستاو و ئایندەی میللەت و هاووڵاتیانمان مسۆگەر بێت و ووڵاتەکەمان لە خۆشی و خۆشگوزەرانیدا بێت، وە لە پشێوی و ئاژاوەگێری بەدوور بێت.
هەروەک ڕوونە ڤایرۆسی کۆرۆناش یەک لەو ڤایرۆسە گوازراوانەیەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە و خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان ژیانی خۆت و خانەوادەو هاووڵاتیان دەپارێزیت، پاراستنی تاکەکانیش لە ئەستۆی هەمووانە و باپەندبوونت بە ڕێنماییەکان نیشانەی کەسایەتی و تەندروستبوونتە.
لێرەشەوە داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە تایبەتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکەین کە دەستی هاوکاری و پاڵپشتی و پێداویستی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان درێژبکەن بۆئەوەی ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنین.
لەم ڕۆژەدا دەستی ماندووی پزیشکان و پەرستاران و سەرجەم کارمەندانی تەدروستی دەگوشین، ئەوان ئێستا لە سەنگەری بەرگرین لەم ڤایرۆسە و خۆیان کردوەتە قەڵغانێک بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پارێزراوبن، هاوکات دەستخۆشی لە برایانی هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەکەین کە شەو ڕۆژ کاردەکەن بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان.
هیواخوازین هەمووان بەیەکەوە بە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بتوانین ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسەیەبین و هەرێمی کوردستان پارێزراوبکەین.
د. سامان حسین بەرزنجی
وەزیری تەندروستی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
#08-04-2020#