نووسەر: حەبیب عەلی جفری
وەرگێڕانی: #زامدار قادری#
(پیاوێکی خەڵکی حەبەشە هاتە لای یەکێک لە زانا ڕەبانییەکانی سەردەمی سەلەف، پێیگوت: قوربان، من گوناهێکی گەورەم کردووە، دەکرێت پەروەردگار لەو گوناهە گەورەیەم خۆش ببێت؟
شێخ فەرمووی: بەڵێ ڕۆڵەکەم، بە مەرجێک لە تەوبەکەتدا ڕاست بکەیت.
پیاوەکە ڕووخساری لەخۆشیاندا گەشایەوە، سوپاسگوزاری لە ئاست پەروەرێنی میهرەباندا دەربڕی. ئینجا چەند هەنگاوێک ڕۆیشت، لەناکاو ڕووخساری گۆڕا، گەڕایەوە و بە شێخی گوت: قوربان، لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەم پەروەردگار سەیری دەکردم؟
شێخ فەرمووی: بە دڵنیایییەوە ڕۆڵەکەم، ئەو بینەری گشت گوناهەکانمانە.
لەوکاتە پیاوەکە هاواری لێ بەرز بوویەوە و وەفاتی فەرموو)
دۆستان، دەزانن ئەو پیاوە بۆ وای لێهات؟
لەسەرەتادا پیاوەکە بیری لای جەهەننەم و بەهەشت بوو، ئایا دەچێتە کامییانەوە؟ بەڵام کاتێ وەڵامەکەی وەرگرت و زانی پەروەردگار لێی خۆش دەبێت، لە ناخیدا شتێکی قوڵتر و بەرزتر و گەورەتر سەریهەڵدا، ئەویش چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەروەردگاردا، بە واتا پەروەردگار سەیری دەکردم، منیش گوناهم لە خزمەت ئەو زاتەدا دەکرد!
بەجۆرێکی دیکە، یانی ئەو توانادارە بەسەر ئەوەی کە دەیتوانی ئاشکرام بکات و ئابڕووم ببات، کەچی نەیکرد!
بە جۆرێکی دیکە، واتا بەخشندەییەکەی هێندە بۆ من زۆر بوو، کە پەیوەندی لەگەڵ مندا نەپچڕاند!
بە جۆرێکی دیکە، واتا تاکو ئێستا بەخششەکانی پێم عەتا دەکات و منیش لە بێ فەرمانی بەردەوامم!
ئەوەش وادەکات چەمکی کەمتەرخەمیمان بەرانبەر پەروەرێنی تاقانەدا لەناخماندا پێببەخشێت. ئەو هەستەش کە لە دڵدا دروست دەبێت پێی دەڵێن پەشیمانی ئەوەش حاڵەکەیە کە مرۆڤی مەزن تیایدا لە پەشیمانی وەفات دەکات.
[1]