کوردستانیانی ئازیز..
جەماوەری خۆشەویستی #گەرمیان#..
(32) ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعسی داگیرکەر، دڕندەترین تاوانی قڕکردنی بەکۆمەڵی دژی گەلەکەمان ئەنجامدا، کە مرۆڤایەتی کارەساتی لەو شێوەیەی بە خۆیەوە نەبینیووە، پرۆسەی ئەنفال بڕیارێکی کت وپڕ و سەرپێیی نەبوو، بەڵکو پیلانێکی پێش وەختە و نەخشە بۆ داڕێژراو بووە لەلایەن بەعسەوە بۆ جینۆساید کردنی نەتەوەکەمان و خامۆش کردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و دیموکراتی گەلەکەمان خرابووە بواری پراکتیزەکردنەوە، لە چوارچێوەی سیاسەتێکی داڕێژراوی کۆنەپەرستانەی کۆڵۆنیالیستانەوە. کە لە ڕوانگەی ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی عەرەبییەوە سەرچاوەی گرتووە، بە چەند قۆناغێک پیلانێکی هەمەلایەنە و بەرفراوانی پیادەکرد، تاوانی بەعس گەیشتە ترۆپکی دڕندایەتی و تراژیدیایەکی بێ وێنەی لەناوبردنی مرۆیی خوڵقاند کە (182) هەزار مرۆڤی بێ گوناهی بەرەو چارەنووسێکی نادیار برد، ئەنفال بە تاوانێکی گەورەی کەم وێنەی سەدەی بیستەم دادەنرێت، کە هاوشانی هۆلۆکۆستی جولەکە و ڕەشەکوژیی ئەرمەنییەکانە، لەگەڵ ئەمەشدا هەزارەها گوندی تاڵانکراوی لەگەڵ زەویدا تەخت کرد، جوگرافیای ووڵاتێکی تێکدا و مێژووی گەلێکی شێواند و ژێرخانی ئابووری کوردستانی داڕووخان.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان..
کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکان..
ئەمرۆ کە یادی ئەو تاوانە مێژوویی و خوێناوییە دەکەینەوە، لە کاتێکدایە کە ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هیوادارین گەلەکەمان بە گشتی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان دووربن لەم پەتایە و بەکەمترین زیان ئەم دۆخەش تێپەڕێنین.
بەڵێن دەدەین وەک چۆن (ی. ن. ک) لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکانی ڕابردوودا لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و دەرەوە بەردەوام بووە لە داکۆکی کردن و گەیاندنی ماف و داخوازییە ڕەواکانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و فەراهەمکردنی ژیانی شایستە و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی کەسوکاریان، ئەمەش لە ڕێگەی نوێنەرەکانمان لەحکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم و هەردوو پەرلەمانی کوردستان و عیراق، لە ڕێگەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون و مەکتەبی شەهیدانەوە بەردەوام دەبین.
لە کۆتاییدا جارێکی تر هاوبەشی غەم و پەژارەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و سەرجەم گەلەکەمانین..
هەزاران سڵاو لە ڕۆحی قوربانیانی ئەنفال..
ڕێزو وەفا بۆ خۆڕاگری و ماندوونەناسی کەسوکاریان..
سەروەری بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.
مەڵبەندی (11)ی ڕێکخستنی گەرمیانی
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
#14-04-2020#