ئەمڕۆ 32 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر قێزەونترین ڕووداوی پاکتاوکردنی نەژادی و جینۆسایدی گەلی کوردستان بە دەستی ڕژێمی بەعس بەسەرۆکایەتی سەدام حوسێنی دیکتاتۆر، لە ژێر ناوی ئەنفالدا.
رژێمی بەعس بە هەشت قۆناغ و بە شێوەیەکی دڕندانە و دوور لە مرۆڤایەتی زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی بێتاوان و بێدیفاعی کوردیان لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر زیندەبەچاڵ کردو، هەزارانی تریشیان لە زیندانەکاندا ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دا.
رژێمی بەعس بە شاڵاوی ئەنفال جگە لە کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی سەدان هەزار مرۆڤی کورد، زیاتر لە 5 هەزار گوندی وێرانکرد و سەرچاوەی بژێوی و ژیانی خەڵکەکەشی لەناوبرد.
بەعس بەو هەنگاوەی ویستی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کورد لەناو ببات و سەرچاوەی یارمەتی و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وشک بکات، بەڵام ئەو تاوانەی بەعسیش وەک کیمیاباران و تەبعیس و تەرحیل و تەعریب نەیتوانی گیانی فیداکاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزی پیشمەرگەی کوردستان لاواز بکات.
هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق پرۆسەی ئەنفالی بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس و کاری ئەنفالکراوان تەرمی کەسە ئازیزەکانیان نەبینیوەتەوەو، قەرەبووی ماددی و مەعنەویش نەکراونەتەوە.
ئەمڕۆ لە یادی سەدان هەزار ئەنفالکراوی ئازیزدا و لە کاتێکدا تازە چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوەدا دۆزراونەتەوە، کە تەرمی پیرۆزی ئەنفالکراوانیان لەخۆگرتووە، داوا دەکەین کە هەوڵی تەواو بدرێت بۆ ئەوەی حکومەتی عیراقی فیدراڵ بەرپرسیارێتی دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەراندنەوەی ڕوفاتی پیرۆزیان بۆ خاکی کوردستان و قەرەبووی مادیی و مەعنەەوی کەس و کاریان بگرێتە ئەستۆ، تاوانبارانیش ڕاپێچی بەردەم دادگای باڵای تاوانەکان بکرێن.
لەم ساتەدا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەم شیوەیە دەبێت ڕێگە بگرین لەو عەقڵیەت و دەنگە شۆڤینی و قین لە دڵانەی کە تا ئێستا دژی ماف و ژیانی خەڵکی کوردستان دەردەکەون.
- سڵاو بۆ گیانی پیرۆزی ئەنفالکراوان و گشت شه هیدانی کورد و کوردستان
- سڵاو بۆ گیانی خۆراگری کەس و کاری ئەنفالکراوان
- ڕووڕەشی بۆ ئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کورستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق
#14-04-2020#