ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت و کەسوکاری قوربانییەکان لە حەسرەتبارترین دۆخی ژیاندا بەئومێدی دۆزینەوەی ڕووفاتی ئازیزەکانیان ڕۆژگار بەڕێدەکەن، یادی ئەمساڵی تاوانی ئەنفال لەکاتێکدایە کەمرۆڤایەتی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دووچاری دەردو بەڵایەکی گەورە بۆتەوەو ژیانی ئاسایی بەشێوەیەکی نیمچەڕەها پەکی کەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستی دەزانین جارێکی تر بەبیر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی بهێنینەوە کەبەر لە 32 ساڵ 182 هەزار مرۆڤی سیڤیل و بێتاوان لەژن و پیاوو منداڵ، بە هەشت قۆناغ و لەڕێگەی تاوانێکی دڕندانە کە لەشەش ناوچەی جیاوازی کوردستاندا ئەنجامدرا بێسەروشوێن کران و بەرەو چارەنووسی نادیار بران، زیاتر لەچوار هەزار گوند خاپوورو وێران کران، زەرەروزیانی مادی و ژینگەیی بەر هەزاران هێکتار زەوی و کێڵگەو باخی کوردستانیان کەوت.
ئەنفال وەک دڕەندانەترین و قێزەونترین تاوانی مێژووی مرۆڤایەتی و گەورەترین تاوانی دژ بەنەتەوەیەک تەنها پرۆسەیەک نەبوو بۆ کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵکردنی هاووڵاتییانی کورد، بگرە ئەجێندایەکی گەورەی شۆڤینیزمی بەعس بوو، کەبەداخەوە ئاسەوارو لێکەوتەکانی تاساڵانێکی زۆرو بگرە تائێستاش لەسەر دیمۆگرافیاو نەخشەی ئەم نیشتیمانەو دەروونی کەسوکاری ئەنفالکراوان کاریگەری و ڕەنگدانەوەی نەرێنیی قووڵی هەیە.
بەم بۆنە خەمناکەوە داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و هەموو ناوەندە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین، کەوا پرۆسەی ئەنفالکردنی گەلی کورد هاوشێوەی تاوانەکانی تری کۆمەڵکوژی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێنرێت. هاوکات جەخت دەکەینەوە کە لەپای جینۆسایدکردنی دەیان هەزار مرۆڤی بێدیفاع، عیراق وەک دەوڵەت دەبێت داوای لێبووردن لە کەسوکاری قوربانیان و تەواوی کوردستانیان بکات و ئەرکیشیەتی بەپێی مادەی 132 ی دەستوور قەرەبووی مادی و مەعنەویی زیانلێکەوتووان بکاتەوە. لەبەرامبەردا بەرپرسیارێتی و پابەندی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقیی دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کەهەرچی لەتوانایاندایە لەسنووری دەستڕۆیی و دەسەڵاتیاندا درێغی نەکەن بۆ گەڕان و سۆراغکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دۆزینەوەی ڕووفاتی قوربانیانی بێتاوانی ئەنفال و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی عێراقی بۆ دەرهێنانەوەی ڕووفاتی پیرۆزیان لەبەرزترین ئاستی زانستی هاوچەرخدا.
لەم ڕۆژە خەمناکەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت قوربانیانی تاوانی ئەنفال دادەنەوێنین و داوای لێبووردن لەکەسوکارە سەربەرزەکانیان دەکەین کەنەمانتوانیوە وەک پێویست لەساڕێژکردنی برینەکانیان ڕۆڵمان هەبێت.
د.رێواز فایەق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
#14-04-2020#