بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا جگە لە زیانە تەندروستییەکانی مەترسی دیکەی لە ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری لێکەوتۆتەوە بە تایبەتی لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی زەحمەتکێش و کەمدەرامەت، ئەمەش بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بە ناچاری لە ماڵەوەمان کە بۆتە هۆی لە دەستدانی سەرچاوەی ژیانی ناوەندێکی فراوانی ئەوانەی بە کاری ڕۆژانەیان بژێوی ژیانی خێزانەکانیان پەیدادەکەن.
حکومەتی هەرێم تا ئێستا تەنیا لە ئاستی خۆپارێزی تەندروستی مامڵەی لەگەڵ ئەم دۆخەدا لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی کەرەنتینە کردووە، و پلانی بۆ پاراستنی ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری هاوڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەت، و کرێکارانی کەرتی تایبەت وچین و توێژە پەراوێزخراوەکان دیار نییە، بەتایبەتی کرێکارانی بیناسازی و سەرجەم ئەوانەی کاری ڕۆژانە دەکەن ڕووبەرووی برسیەتی و هەژاری زیاتر دەبنەوە لە کاتێکیشدا هیچ یاسایەک نییە بۆ بیمەی بێکاری بۆکرێکارانی بێکار، جگە لەو ژمارە زۆرەی دەرچووانی زانکۆ وپەیمانگاکان کە دووچاری بێکاری بوونە. هاوکات لە گەڵ ئەم ڕەوشەدا چەندین پێشێڵکاری لەسەر ئازادییەکان بەتایبەتی ئازادی ڕادەڕبرین کراوە.
بۆ پارێزگاری لە ژیانی کرێکاران و کرێنشینان وکاسبکاران و خەڵکی کەمدەرامەت بە پێویستی دەزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جێ بەجێ بکات :
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، کۆمپانیاو خاوەنکارەکان بەو بنەمایانەی بیمە کە لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا هاتووە پابەندبکات، هەروەک لە یاسای کاری عێراقی ژمارە (71) ی ساڵی 1987 لەمادەی (65) لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە (ئەگەر کرێکار بەشێوەی تەواو یان نیمچەیی لەکارەکەی ڕاگیرا بەهۆکارێکی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی، پێویستە خاوەنکار کرێی ماوەی ڕاگیرانەکەی پێ بدات بەمەرجێک ئەو ماوەیە لە (60) ڕۆژ زیاتر نەبێت و ڕێگە بە دەرکردنی هیچ کرێکارێک لەکارەکەی نەدرێت بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حکومەت کرێکاران ئاگادارکاتەوە کە داوای مافی خۆیان بکەن و سکاڵاکردنی یاسای بۆ ئەم مەبەستە مافی خۆیانە و دادگای کاریش ماوەی سکاڵا بەرەچاوکردنی قەدەغەی هاتووچۆ درێژبکاتەوە.
قرەبووکردنی کرێکاری کاری ڕۆژانە و ئەو کرێکارانەی لە لایەن پرۆژە و خاوەن کارەوە لە لیستی بیمەی کۆمەڵایەتی بە هۆی پێشێلکردنی خاوەن کارو و بەدوادانەچوونی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، تۆمارنەکراون.
ئاشکراکردنی چارەنوسی داهاتی سندوقی زەمانی کرێکاران و خەرجکردنی لە خزمەتی کرێکاران بە پێی یاسا، بە تایبەت لە هەلومەرجێکی وەک ئەمرۆدا.
هەڵگرتنی باج و ڕسوماتی ئاوو کارەبا، لەسەر هاوڵاتیانی کەمدەرامەت، و یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی کە خەرجی پێویستیان بۆ ویستگەی کارەبای گەڕەکیان نییە، و لێخۆشبون لەپارەی ساڵنامەو نوێکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی پاس و تەکسی و بەخۆرایی کردنی خزمەتگوزاریە گشتییەکان و لێبوردنی باج و ڕسوماتی یەک ساڵ لەکاسبکار ودوکاندار وپڕۆژەبچووکەکان.
دەرکردنی بڕیارێک بۆکرێنشینانی(دوکان وخانوو) کە حکومەت وخاوەن موڵکەکان بۆ ئەو ماوەیەی بۆ کرنتینە تەرخان کراوە، کرێیان لێوەرنەگرن.
دوا نەخستنی مووچەی فەرمانبەران و دابینکردنی لە کاتی خۆیدا.
خەرجکردنی ژەمی پسولەی خۆراک و پەلەکردن لە دابینکردنی.
کاراکردنی هێڵەکانی سکاڵا بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی بە هۆی کەرنتینەوە و بوونیان لە گەڵ بکەرانی توندوتیژی دووچاری توندوتیژی خێزانی دەبنەوە.
ئێمە لە کاتێکدا دەستپێشخەری و یارمەتیدانی کاری هەرەوەزی و ڕێکخراوەمەدەنیەکان و بە کارێکی ئەرێنی دەزانین، پێمان وایە ئەم کارەیان جێگای نەخشە و پلانی حکومەتی هەرێم ناگرێتەوە کە پێویستە لەم ڕەوشەدا ئەرکی خۆی لە بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی ببینێت.
بە هیوای سەلامەتی بۆ جەماوەری کوردستان و زوو چاک بوونەوەی تووش بووان و سوپاس بۆهەر کارمەندو پزیشک وکرێکار وفەرمانبەر و هێزەکانی ناوەخۆ و پێشمەرگە کەماندوو بوون بۆ پارێزگاری هەرێم و هاونیشتمانیانی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان
#14-04-2020#