یادی ئەنفال یەکڕیزی و یەکدەنگیمان لێدەخوازێت
- جەماوەری خۆڕاگرو وڵاتپارێزی کوردستان...
- بنەماڵەو کەس و کاری سەربەرزی شەهیدانی کارەساتی ئەنفالی کوردستان...
ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر گەورەترین تاوان دژ بە گەلی کوردستان تێدەپەڕێت؛ تاوانی جینۆسایدکردنی ژن و منداڵ و پیرو گەنجی کوردستان و زیندەبەچاڵکردنیان و وێرانکردن و سوتاندنی گوندو شارۆچکەکانی کوردستان، کە ئەویش تاوانی بەدناوی ئەنفالە، ئەنفال ؛ قێزەونترین تاوانی سەردەم بوو دژی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان ئەنجامدرا، ئامانجی ڕژێمی بەعسی فاشی لە ئەنفالکردنی کوردستان، لەناوبردنی نەتەوەی کورد بوو بە خاک و خەڵکەوە، تاوانێک بوو دژ بە تەواوی مرۆڤایەتی، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 ئەوانەی لە عێراق جلەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست بەردەوام بوون لەسەر هەمان سیاسەت و هەمان عەقلییەتی فاشییانە، ئيستاش بەشێکی زۆری شۆڤێنييەکانی عێراق بەهەمان عەقلييەت بير دەکەنەوه و ڕەفتار دەکەن و، ئەگەر دەسەڵاتی بەعسیان هەبا لە بەعس خراپتر دەبوون، بۆيە پێویستە گەلی کوردستان ئەم تاوانە هۆڤانەیەی بەعس و شۆڤێنییەتی عەرەبی عێراق لەبیر نەکات.
لەهەمان کاتدا ؛ لەم یادەدا پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالدا ناوماڵی کوردستان ڕێک و یەکبخاتەوەو بە یەکدەنگی و یەکڕیزی کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکات، لەبەرئەوەی باشترين وەڵامی گەلی کوردستان بۆ تاوانی ئەنفال تەڵاقدانی عێراق و ڕاگەياندنی سەربەخۆيی کوردستانە، بێگومان تەنها سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان زامنە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەنفالێکی دیکە.
- سڵاوو درود بۆ ڕۆحی پاکی ئەنفالکراوانی کوردستان.
- سەربەرزی بۆ بنەماڵه و کەس و کاری ئەنفالکراوان و تەواوی شەهیدانی ڕێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.
- ڕووڕەشی بۆ دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان.
#غەفوور مەخمووری#
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
#14-04-2020#