ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
لەبارەی گرتنی کەسێکی مورتەزەقە لە لیبیا، کە ماوەی چەند ڕۆژە ژمارەیەک سایت و میدیای کوردی لە هەڵمەتێکی ناڕەوادا بۆ لەکەدار کردنی پارتی و لەشکری قارەمانی ڕۆژ بەکاری دەهێنن، بە هەموو لایەک ڕادەگەیەنین کە:
یەکەم: ئەو کەسەی لە لیبیا گیراوە و بەشێوەیەکی گوماناوی ناسنامەی بۆ داتاشراوە، دوور و نزیک پەیوەندی بە #پارتی دیموکراتی کوردستان# و لەشکری ڕۆژەوە نییە و هەرگیز تەنانەت بۆ یەک خولەکیش پێشمەرگە نەبووە.
دووەم: ئەو شەڕ و کاولکارییەی لە لیبیا ڕوودەدات دەرهاوێشتەی ململانێی نێودەوڵەتییە و هیچ پەیوەندی بە ئامانج و سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نییە. شوورەییە کە بۆ لەکەدارکردنی ناوی پێشمەرگە و پارتی پەنا بۆ شتێک ببردرێت کە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەکی بە کوردەوە نییە. ئەوە خۆیلەخۆیدا نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی و فکرییە.
سێیەم: ئەگەر گریمان پڕۆپاگەندەکان لەبارەی ئەو کەسە ڕاست بووایە و پێشمەرگە بووبێت (کە لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەکی نییە)، ئەوە هەموو لایەک زۆر باش دەزانن کە لە مێژووی شۆڕشەکانی کورد ڕووی داوە کەسانێک لەناو شۆڕش بوونە بەڵام ناپاکییان کردووە و لە ڕیزی شۆڕش و پێشمەرگە چوونەتە ڕیزی دوژمن.
چوارەم: ئەو کەسەی لەپێناو پارە بووەتە مورتەزەقە لە لیبیا کارێکی نەشیاوی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناپاکییەکەی بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ ناپاکیی فرۆشتنی خاک و خەڵک کە هەندێ تاقم و لایەن لەسەری ڕاهاتوون و دەیانەوێ بە گەورەکردنی بابەتی مورتەزەقەکەی لیبیا پەرێزی خۆیان خاوێن بکەنەوە.
پێنجەم: ئەگەر مەبەست لەم هەڵمەتە و لەکەدارکردنی پێشمەرگە سەرقاڵکردنی خەڵک بێ بۆ ئەوەی تاوان و ناپاکییەکانی ئەو لایەن و تاقمە دابپۆشرێت، ئەوە با هەموو لایەک دڵنیا بن بەم ژاوەژاو و ناهەقی و چەواشەکارییە تاوان و ناپاکییەکان هەرگیز بزر نابن و فەرامۆشیش ناکرێن.
شەشەم: لەشکری قارەمانی ڕۆژ بەدەیان شەهیدی لە شەڕی تیرۆیستان داوە. قارەمانانە بەرگری لە خاکی کوردستان کردووە. ئەو کاتەی کە قارەمانانی لەشکری ڕۆژ بەشداربوون لە تێکشکاندنی دوژمن لە پردێ و سحێلا، خەڵکی تر خاکیان دەفرشت و مورتەزقەی دوژمن بوون.
حەفتەم: ڕاستییەکان بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەبن و وەک هەمیشەش ڕووڕەشی بۆ چەواشەکاران دەمێنێتەوە.
سەرچاوەیەک لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
#15-04-2020#